ئەندامێکی کۆمیتەی سیاسیی پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سووریا-ئەلوەحدە لە شاری کۆبانێوە بە ڕووداوی گوت، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی منبج مەترسی زیاتر کەوتووەتە سەر شارەکانی ڕۆژاوای کوردستان. وتیشی، ئێستاش نزیکەی 10 هەزار کورد لە منبج ماون.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-12-2024، موسلیم حەسەن، ئەندامی کۆمیتەی سیاسی پارتی ئەلوەحدە لە #کۆبانێ# میوانی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی ڕووداو بوو باسی لە دۆخی ڕۆژاوای کوردستان و دوایین پێشهاتەکان لەو پارچەیەی کوردستان و سووریا کرد.
موسلیم حەسەن وتی، ئێستا دۆخی نێو شاری کۆبانێ جێگیرە و هیچ ئاڵۆزییەک نییە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە دوێنێ لە سنووری کۆبانێ دوو منداڵ و چەند ئەندامێکی هێزەکانی ئاساییش شەهید بوون.
ئەو بەرپرسەی پارتی وەحدە لە هەڤپەیڤینەکەی ڕووداودا باسی لەوەشکرد، منبج بۆ کۆبانێ سەرچاوەی سەرەکیی بازرگانی و کار بووە و بەشێکی هاونیشتمانییانی کۆبانێ بۆ خوێندنیش چوونەتە ئەو شارە. وتیشی: کورد دەترسێت دژی ڕۆژاوای کوردستان تورکیا لەگەڵ وڵاتاندا ڕێککەوتن بکات.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی موسلیم حەسەن:
ڕووداو: . دۆخی ئاساییش ئەمڕۆ لە کۆبانێ چۆنە؟
موسلیم حەسەن: بەڕاستی نەک تەنیا کۆبانێ، دۆخی تەواوی سووریا نالەبارە، لە سووریا جەنگ بووە. ڕووخاندنی دیکتاتۆر دوای 54 ساڵ لە خەڵک پیرۆز دەکەین، ئەوە مژدەیەکی گەورە بوو بۆ خەڵکی سووریا. دوای 14 ساڵیش شەڕی نێوخۆی سووریا خەڵک ئارامیی دەوێت و دەیەوێت دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی باشبێت. کۆبانێش بەشێکە لە سووریا، دەتوانم بڵێم ئێستا دۆخەکە باشە و ئارامە و هیچ ئاڵۆزییەک لێرە نییە.
ڕووداو: دوای ئەوەی منبج کەوتە دەستی گرووپە چەکدارەکان، شەوی ڕابردوو چەند جار کۆبانێ تۆپباران کرا؟
موسلیم حەسەن: وەکوو شارەکە ئارامە، بەڵام شارۆچکەی سرین و گوندەوارەکانی و ناوچەکانی چەلەبی و بەری چەمی فورات کە هەموویان سەربە کۆبانێن دۆخەکە کەمێک ئاڵۆز بوو. ئەوەی زیاتر ڕوویدا لای پردی قەرەقۆزاخ بوو، دۆخەکە لەوێ ئاڵۆز بوو، بەردەوام درۆن لە ئاسماندا بووە و بەردەوامیش هەن.
ڕووداو: چەند جار گوندەوارەکانی کۆبانێ بۆردوومان کران؟
موسلیم حەسەن: دوێنێ کاژێر 10:00 یەکەمین جار بوو لە ڕۆژاوا و باشووری کۆبانێ بە دووری 25 کیلۆمەتر گوندی کون عەتار زیاتر لە 15 تۆپ تۆپباران کرا، لەو گوندە دوو منداڵ یەکێکیان 9 ساڵ و ئەوی دیکە 12 ساڵ شەهید بوون. لەسەر پردی قەرەقۆزاخیش زیاتر لە جارێک لە ڕێگەی درۆنەوە بۆردوومان کرا، خاڵێکی ئاساییش کرایە ئامانج و ژمارەیەک ئەندامی ئاساییش شەهید بوون. لەو ناوچانە ئاڵۆزی زۆر درووست بوو.
ڕووداو: ئێستا منبج و گوندەوارەکانی بەتەواوی لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندان؟
موسلیم حەسەن: پردی قەرەقۆزاخ کەمتر لە 20 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری منبجەوە دوورە، کە گەیشتنە پردەکە و شەڕ گەیشتە ئەوێ، بێگومان لە ڕۆژاواشەوە شارەکە کۆنترۆڵکراوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیاوە.
ڕووداو: ئێستا ئەو گرووپانە لەسەر پردی قەرەقۆزاخ، لە ڕۆژاوای چەمی فورات خۆیان جێگیر کردووە؟
موسلیم حەسەن: بەڵێ بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە دەگەن، لە ڕۆژاوای چەمی فورات خۆیان جێگیر کردووە.
ڕووداو: کورد لە منبج ماون؟
موسلیم حەسەن: کەم و زۆر لە منبج هەن، 10 ساڵێکە لەوێن، لە سەرەتای ئەو ڕووداوانەی منبجەوە زۆرینەیان دەرچوون، بەڵام هێشتا کورد لەوێ هەن، خزمی خۆم هەیە تاوەکوو ئەم خولەکە لەوێ دەرنەچوون.
ڕووداو: دۆخی ئەو کوردانە چۆنە؟
موسلیم حەسەن: ئەوەی کە من پەیوەندیم لەگەڵیان هەبێت و بیانناسم، هیچ ئاستەنگییەکیان باس نەکردووە، بەڵام دەبیستین کە هەندێک ئاستەنگیش و کاری خراپیش دەکرێن، بەڵام ئەوانەی من دەیانناسم دەڵێن لە ماڵی خۆمانداین.
ڕووداو: گرووپەکان داوا لە کورد دەکەن لە منبج بچنە دەرەوە؟
موسلیم حەسەن: بەگوێرەی پەیوەندییەکان کە بە ئێمەیان گوتووە، پێیانگوتراوە لە ماڵ مەچنە دەرەوە و مەترسن و لە ماڵی خۆتان دانیشن.
ڕووداو: ژمارەی کورد لە منبج دیار نییە؟
موسلیم حەسەن: گۆڕانکاری لەو ناوچەیە زۆر بووە، پێش ئەم دۆخە زیاتر لە 25 هەزار کورد لە منبج زیاتر ژیاون، بەڵام دواتر چەند کورد مابوونەوە نازانم، پێم وایە دوایین جار نزیکەی 10 هەزار کورد لەوێ دەژیان.
ڕووداو: بەشێکی خەڵکی کۆبانێ بۆ خوێندن یان کار دەچوونە منبج، ئەوانە گەڕاونەتەوە کۆبانێ؟
موسلیم حەسەن: شاری منبج وەکوو شارێکی بازرگانی لێهاتبوو، سەرچاوەیەکی ژیان بوو بۆ کۆبانێ، چ لە ڕووی خوێندنەوە یان لە ڕێگەی کارەوە، دوای حەلەب، شاری منبج سەرچاوەی کار بوو بۆ کۆبانێ، بۆیە بەشێکی خەڵکی کۆبانێ تێکەڵی و هاتوچۆی لەگەڵ منبج هەبووە، هەموو شتێک لەوێوە دەگەیێندرایە کۆبانێ. لەو شوێنانەی دەوڵەتی تورکیا داگیری کردوون شتومەک دەگەیشتە منبج و لەوێشەوە دەهێندرایە کۆبانێ.
ڕووداو: تورکمان، چەرکەس و عەرەبی منبج کەس کۆچبەر بووە بۆ کۆبانێ؟
موسلیم حەسەن: هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە بەمن نەدراوە و ئاگادار نیم.
ڕووداو: دوای کۆنترۆڵکردنی منبج مەترسی لەسەر کۆبانێ هەیە؟
موسلیم حەسەن: هەموو کاتێک مەترسی لەسەر ناوچە کوردستانییەکان هەیە، ڕۆژانە هەڕەشەی ئەو گرووپە چەکدارانە بە پشتیوانی دەوڵەتی تورک هەیە. کاتێک منبج و گوندەوارەکانی لەلایەن ئەو چەکدارانەوە کۆنترۆڵ بکرێن بێگومان مەترسی زیاتر دەبن، بەڵام دەوڵەتانی زلهێز دەڵێن ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی چەمی فورات وەکوو قامیشلۆ، کۆبانێ، دێرک یان دەرباسێ پارێزراو دەبن، بەڵام کەس ئەوەی بۆ پشتڕاست نەکردووینەتەوە کە پارێزراو دەبین. ئێمە دەمانەوێت ژیانێکی ئارام دوای بەشار ئەسەد بۆ خەڵک بێتە ئاراوە. بەڵام ڕێککەوتنێک لەنێوان تورکیا و ڕووسیا یان تورکیا و وڵاتان درووست بێت، کڕین و فرۆشتن ڕوودەدات و ناتوانین بڵێین تەواو پارێزراوین.[1]