سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# پشتیوانی بۆ کوردانی ڕۆژاوای کوردستان دەردەبڕێت و ڕادەگەیەنێت: هیوادارین قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت، وتیشی: جەخت لە ڕەچاوکردن و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەموولایەک بڕیاری درووست و ژیرانە بدەن.
دەقی پەیامەکە...
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەوردی چاودێریی ڕووداو و پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژاوای کوردستانمان کرد و بە بایەخەوە لە گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی دەڕوانین.
ئێمە بەتەواوی ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە. هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکوو بە سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت.
لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەک دەنگ و بە وتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین و ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆ سەر ژیان و سەقامگیرییان.
لە کۆتاییدا جەخت لە ڕەچاوکردن و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەموولایەک بڕیاری درووست و ژیرانە بدەن و پارێزگاری لە ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوچەکە بکەن. چونکە وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکوو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت.
#بافڵ تاڵەبانی#
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.[1]