سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان -سووریا (پەدەکەسە) دەڵێت: ئاگاداری گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و ئەمریکا نین بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە منبج و کۆبانێ، هەروەها دەڵێت: نابێت کورد ببێتە بەشێک لە شەڕی هۆزەکان لە سووریا.
محەمەد ئیسماعیل، سکرتێری پەدەکەسە، کە لە #قامشلۆ# ی ڕۆژاوای کوردستانەوە میوانی بووڵتەنی کاژێر 10:00ی ڕووداو بوو، باسی داوا و مافەکانی کوردی لە سووریای نوێ کرد، وتی شەڕی ئێمە لەمڕۆوە دەست پێ دەکات، دەبێت لە ئێستاوە شەڕی سیاسی و دیپلۆماسی بکەین بۆ چەسپاندنی مافەکانمان لە دەستووری سووریا.
دوای کەوتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، دەستەی تەحریری شام، حکومەتی ڕاگوزرەری پێکهێناوە، هێشتا دیار نییە ئاییندەی سووریا چۆن دەبێت و ئایا هەڵبژاردن دەکرێت یان نا؟ کەی دەکرێت. سیستەمی حوکمڕانی چۆن دەببێت؟
سکرتێری پەدەکەسە، پێیوایە باشترین سیستەم بۆ سووریا، کە داواکاریی ئەوانیشە، سیستەمی فیدراڵییە بۆ ئاییندەی وڵاتەکە، چونکە وڵاتێکی فرەپێکهاتەی نەتەوەیە.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان -سووریا:
ڕووداو: لە ڕەوشی دێرەزوور و حەسەکەوە دەستپێدەکەین، ئەو گرووپانەی بە ناوی (ڕدع عدوان) لە دێرەزوور شەڕ دەکەن، دەڵێن 'بەرەو حەسەکە دەچین' ئێوە هەڵوێستتان چییە؟
محەمەد ئیسماعیل: دوای شۆڕشی سووریا پیرۆزبایی لە گەلی کورد و گەلی سووری بە گشتی دەکەم، ئێمە هیوامان دەخواست ئەو دڵخۆشییە بە دیالۆگ و گفتوگۆ ئەنجامی باشی هەبێت، دیارە هەر هێزێک دەیەوێت ئەوەی لە دەستییەتی هەر لە دەستیدا بمێنێتەوە، ئەمەش ناکرێت. سووریا وەکوو پێشتر لەدەست ڕژێم نەماوە، مادام ئەو هێز و چەک و تەقەمەنییە لەدەست ڕژێم نەماوە، بۆیە دەبێت هەر هێزێک لای خۆیەوە هەوڵی گفتوگۆ بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاڵۆزی نەکەوێتە نێو کۆمەڵگە. ئێمە لەو باوەڕەداین سووریا هەمووی دەبێتەوە یەک وڵات، یەک هێز، گرنگترین شت ئەوەیە ئێمە لە دەستووری سووریادا مافەکانی گەلەکەمان بچەسپێنین.
ئێستا هەوڵە سیاسییەکانمان دەستپێکردووە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەمان، مافی دوارۆژی گەلەکەمان، بۆ ئەوەی ڕۆڵیان لە ئاییندەی سووریادا هەبێت، دەبێت هەر هێزێک لە ئاستی خۆیەوە ڕازی نەبێت، هەموو ئەو شتانەی لەژێر دەستیدان، هەر لەژێر دەستی دا بمێننەوە، وەک پێشتریش وتم لەدەست ڕژێمیش نەماوە، دەبێت هەموو کێشەکانمان و ناکۆکییەکان بە دانووستاندن چارەسەر بکرێن.
ڕووداو: بەڵام حەسەکە بەشێکە لە ڕۆژاوای کوردستان؟
محەمەد ئیسماعیل: بەڵێ، بەشێکە لە ناوچە کوردییەکان، حەسەکە قامشلۆ، تاوەکوو کۆبانێ، ناوچە کوردییەکان لە نەخشەی سووریادا دیارن. هەروەها مافەکانی گەلی کورد و تایبەتمەندییەکانیشی دیارن، بەڵام ئەمڕۆ شەڕی ئێمە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و هەبوونی نەتەوەکەمانە، وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە سووریا، دەبێت هەوڵمان بۆ چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بێت.
ڕووداو: بەڵام ئەو هۆزانەی لەگەڵ هەتەشە دان، دەڵێن ئەوە بەشێکە لە خاکی ئێمە و دەبێت هێرش بکەینە سەری، هەڵوێستی ئێوە چییە؟
محەمەد ئیسماعیل: ئەمە تۆڵەکردنەوەیە، پێشتریش هەسەدە چووبووە ئەو ناوچانە و دەستدرێژی کردبووە سەر خەڵکی وان، ئەو شتەی ئێمە نەماندەویست ڕووبدات، وەکوو ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە سووریا نەماندەویست ناکۆکی لەنێوان کورد و عەرەب درووست ببێت، برایەتی نەتەوەکانی سووریا و پێکەوەژیانی هاوبەش ستراتیژمان بوو، یەکێک لە بژارە سیاسییەکانی ئێمە بوو، پێمان باش نەبوو کورد بچن دێرەزوور داگیر بکەن و برایەتیی کورد و عەرەب تێک بدەن. یان هاوکاری ئەجێندایەکی دیاریکراو بکەن، ئەوە بووە ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم گەلەکەمان، هەرچەندە ئێمە باسی برایەتی و پێکەوەژیان بکەین، بەداخەوە ئەو متمانەیە نەماوە و دەبێت ئێمە ئەو متمانەیە درووست بکەینەوە، پێکەوە ژیان لەنێو کۆمەڵگەی سووری بەگشتی درووست ببێت و بەرەو سووریایەکی نوێ هەنگاوبنێین.
ڕووداو: ئەو دەستدرێژییەی هەسەدە لەسەر عەرەب چی بوون؟
محەمەد ئیسماعیل: کاتێک هێزێکی سەربازی دەچێتە نێو کۆمەڵگەیەکی دیکە، خەڵک دڵگران دەبن، ئێمە پێشتریش دەمانوت ئەو شتە لەبەرژەوەندیی نەتەوەکەمان دا نییە، هەسەدە ناوچەکانی پاراست و ڕەنگە ئارامیشی بۆ ناوچەکان هێنابێت، بەڵام ئەمە بەدڵی ئەوان نەبوو، ئەوانیش تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، وەکوو چۆن ئێمە پێمان ناخۆشە خەڵکی دیکە بێتە ناوچەکانی ئێمە.
ڕووداو: بەڵام هەسەدە بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە فەرمانی ئەمریکا چووەتە ئەو ناوچانە، دەکرا نەچێت؟
محەمەد ئیسماعیل: نەخێر، شەڕی داعش شتێکی جیاواز بوو. شەڕێک، بەڕێوەبەرایەتییەک لەو ناوچەیە درووست بکەیت و بەڕێوەبەرایەتی ناوچەکە بکەیت شتێکی دیکەیە.
ڕووداو: دوای ڕزگارکردن پێویست بوو بکشێنەوە؟
محەمەد ئیسماعیل: بۆ پرسە سەربازییەکان پێویست بوو مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بکرێت، دەبووایە ئەنجوومەنێک لە خەڵکی دێرزوورەوە درووست بکرایە، خەڵکی ناوچەکە ئیدارەی خۆیان کردبا و ئەوان پاڵپشتییان کردبان، ئێمە پێشتر زۆر کێشەی کۆمەڵایەتیمان چارەسەر کرد.
ڕووداو: بەڵام لە دێرەزوور ئەنجوومەنی خۆجێی و سەربازی هەیە، هەر خەڵکی دێرەزۆر خۆیان بەڕێوەدەبەن؟
محەمەد ئیسماعیل: ڕاستە، بەڵام ئەوانەی دژی میللەتی خۆیانن، ئەوان دەستدرێژییان کردە سەر میللەتی خۆیان، تۆڵەیان کردووەتەوە. ئێمە بووینە بەشێک لە ململانێکانی نێوان ئەو هۆزانە. ئێمە وەکوو کورد پێویست نەبوو ببینە بەشێک لەو ململانێیە. ململانێ لەنێوان عەشیرەتەکانی سووریا لەسەر پرسیاری جوگرافیا و زەوی هەیە، نەدەبووایە ببینە بەشێک لەو ململانێیە.
ڕووداو: ئەگەر هێرش بکرێتە سەر حەسەکە، وەکوو پەدەکەسە هەڵوێستیی ئێوە چی دەبێت؟
محەمەد ئیسماعیل: قبووڵ ناکەین هێرش بکرێتە سەر هیچ ناوچەیەک. ئێمە چاومان لە سووریایەکی نوێیە. دەبێت بە دانووستاندن و دیالۆگ مافی هەمووان لەسەر مێز بێت. ئێمە، لەگەڵ شەڕ و زیادکردنی نفوزدا نین، ئێمە گوێ لە دیالۆگ و پەیوەندیی نێوان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی سووریا دەگرین، بۆیە شەڕی ئێمە لە پەڕڵەمان دەبێت، شەڕی ئێمە لەسەر دەستوور دەبێت، لەم قۆناخەدا شەڕی ئێمە سیاسی و دیپلۆماسی دەبێت.
ڕووداو: مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە ڕایگەیاند، ئەمریکییەکان پەیوەندییان بە تورکیاوە کردووە و بە ئاگربەستێک هێرش بۆ سەر ناوچەی کۆبانێ ڕاگیراوە. ئایا ئاگاداری ئەو گفتوگۆیانن؟
محەمەد ئیسماعیل: ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نین. بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین گفتوگۆ لەنێوان هەموو لایەنەکان دا هەبێت. گەلی ئێمە لە شەڕ و کوشتار ڕزگاری بێت و ڕوو لەوە بکات چۆن مافەکانی خۆی لە سووریا بپارێزێت، چۆن مافە دەستوورییەکانی بەدەستبهێنێت. چۆن دەبێت ڕۆڵی هەبێت لە ئاییندەی سووریا. ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە.
ڕووداو: ئێستا ئەسەد ڕایکرد. هەموو لایەک و هەر نەتەوە و پێکهاتەیەک داوای مافی خۆی دەکات. وەک کوردێک کە نەتەوەی دووەمی سووریان، داوای چی دەکەن؟
محەمەد ئیسماعیل: ئێمە داوای مافی ڕەوای گەلی کورد دەکەین. داوا دەکەین مافی گەلی کورد لە دەستووری سووریا ئاماژەی پێبدرێت، ئەگەر مافەکانمان لەنێو دەستووردا نەچەسپێندرێت، کەواتە ئێمە هیچ قازانجێکمان نەکردووە. وەکوو پێشتر باسم کرد، شەڕی سەرەکیی ئێمە؛ ئێستا دەستی پێ کردووە. خەباتی ئێمە لەمڕۆوە دەست پێ دەکات بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان لە چوارچێوەی دەستووری سووریادا. پێویستە پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسیمان لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان لە پێکهاتەکانی سووریا، خەڵکی تەواوی کۆمەڵگەی سووریا بەگشتی، هەموو ئەو کەسانەی ڕۆڵیان هەیە و بەرژەوەندییان لە سووریا هەیە، هەبێت. دەبێت نوێنەری ڕاستەقینەی میللەتەکەمان بین بۆ ئەوەی بتوانین شتێک بۆ میللەتەکەمان و دۆزی خۆمان بکەین.
ڕووداو: ئەو مافە چییە؟ ئایا فیدراڵییە؟ ئایا داوای فیدراڵی یان ئۆتۆنۆمی دەکەن، دوێنێ د. عەبدولحەکیم بەشار کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە، میوانی من بوو، وتی، 'داوای فیدراڵی دەکەین.' ڕای ئێوە چییە؟
محەمەد ئیسماعیل: هەڵوێستی نیشتمانیی کورد لە سووریا، فیدراڵییە بۆ سووریا، باشترین سیستەم بۆ ئێستای سووریا سیستمی فیدراڵییە، چونکە سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، نموونەی مۆدێلێکی فیدراڵی تێدا دادەمەزرێنردێت، پێکهاتەی جیاواز، بۆچوونی جیاواز، ئایدۆلۆژیای جیاواز، ناوچەی جیاوازی هەیە. باشترین شێواز بۆ بەڕێوەبردنی سووریا سیستەمی فیدراڵی، سووریایەکی فیدراڵی، هەر وڵاتێک سیستەمی فیدراڵی خۆی هەبێت بەپێی تایبەتمەندییەکانی ئەو وڵاتە دەبێت. هەموو دەوڵەتە فیدراڵییەکان وەک یەک نین. سیستەمی فیدراڵی تاکە سیستەم نییە لە جیهاندا، فیدراڵیزمی ئیمارات جیاوازە لە فیدراڵیزمی ئەڵمانیا، فیدراڵیزمی ئەڵمانیا جیاوازە لە فیدراڵیزمی سویسرا. هیی ئێمە بەپێی خەسڵەتەکانی میللەتەکەمانە، بەپێی خەسڵەتەکانی نەخشەی سووریایە.
ڕووداو: ئێستا لە ڕۆژاوای کوردستان سێ لایەن هەن، ئەنەکەسە، پەیەنەکە و ئەو حیزبانەی لە دەرەوەی ئەنەکەسە و پەیەنەکەن، ئێوە دەتانەوێت کۆنفرانسێک سازبکرێت، لە قامشلۆ بێت یان لە شوێنێکی دیکە، بۆ ئەوەی تێڕوانینەکانتان یەک بن و داوای مافەکانی خۆتان بکەن؟
محەمەد ئیسماعیل: گرنگە، کێشەی سەرەکی لەنێوان ئەنەکەسە و پەیەدەیە، ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، پێش ئێستا لە گفتوگۆی کوردی-کوردی لەسەر ئەو بنەمایە بوون، پێشتر وڵاتە پەیوەندیدارەکان، ئەوانەی ڕۆڵیان هەیە، وەک ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوایان کردووە ئەو دیالۆگە هەبێت، بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە چارەسەرببن، دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان هیچ کێشەمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە نییە، هەروەها لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەش کێشەمان نییە، کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە.
بۆ ئەوەی کێشەی سەرەکی نێوان هەردوولا چارەسەر ببێت، نابێت هەر کەسێک لەلای خۆی بڵێت، ئەوەی لەدەست مندایە دەبێت لە دەستی خۆم بمێنێتەوە و ئەو شتە من بەدەستم هێناوە، لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ خەڵکی دیکە مامەڵە بکەم .
دەبێت هەموو لایەک چاوی لەسەر ئاییندەی سووریا بێت، ئاییندەی گەلەکەمان کە زۆر ماندووە بەهۆی سەختی، دەربەدەری، تووندوتیژی، کۆچبەری و شەڕ ، بۆیە پێویستە ڕوو لە دانووستاندن و دیالۆگ بکەین کێشەی نەتەوەکەمان چارەسەر بکەین، گەلەکەمان بتوانێت نوێنەرایەتی خۆی لەنێو سووریا بکات و لە ئاییندەی سووریادا ڕۆڵی هەبێت.
ڕووداو: ئێستا ئەبوو محەمەد جۆلانی بووەتە فەرمانڕەوای شام و حکومەتیشی درووستکردووە، ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ جۆلانی هەیە؟
محەمەد ئیسماعیل: پەیوەندیمان نییە، هیچ لایەنێک پەیوەندی نەبوو، لەبەر ئەوەی جۆلانی هێزێکی چەکداربوو، بەڵام ئێستا دۆخێکی جیاواز لە سووریا درووست بووە، هەموو وڵاتانی جیهان دەڵێن ئێمە چاودێری دەکەین، بزانین تاوەکوو چ ئاستێک دەتوانێت بگۆڕێت و دەست لەو هزرە بەربدات، واتە بیری سەلەفی و ئیسلامی و ئەو بیرکردنەوەی کە پێشتر باوەڕی پێبووە، تا چەند دەتوانێت دەستبەرداری بێت، وڵاتانی جیهان هەموویان چاودێری دەکەن، ئێمەش چاومان لێیە و حەزدەکەین بگۆڕێت و ببێتە حیزبێکی سیاسی و خاوەن بەرنامە وەکوو ئەو حیزبانەی دیکە، واز لەو تووندوتیژییە بهێنێت و وەک هێزێکی سیاسی مامەڵە بکات، ئێمە مامەڵە لەگەڵ هەموو هێزێکی سیاسی دەکەین، بۆ ئاییندەی سووریا بەبێ دەستدرێژی لەسەر موڵک و ماڵ و سامانی خەڵک، چی جۆلانی بێت یان کەسێکی دیکە ئێمە دانووستانی لەگەڵ دەکەین.
ڕووداو: ئەو ئەزموونەی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەیانە، ئەو گرووپانەی نێو سوپای نیشتمانی سووریا، هەروەها ئەو گرووپانەی هەتەشە، بە بۆچوونی ئێوە کامیان دەتوانن باشتربن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک؟
محەمەد ئیسماعیل: ئەو گرووپانە هەموویان دەستدرێژیان کردووەتە سەر گەلانی سووریا، هەر یەکەو لای خۆیەوە پشتیوانی لایەنگرانی خۆی کردووە، هەموویان وەکوو یەک نین، ئاستی دەستدرێژی هەموویان وەک یەک نییە، بەڵام هەموویان دەستدرێژیان کردووە، هەریەکە و لە ناوچەیەک ئازاری خەڵکی داوە، دەبێت ئەو میلیشیا و گرووپە چەکدارانە لە سووریا نەمێنن، دەبێت سوپایەکی یەکگرتوو لە سووریا هەبێت و بەرنامەیەکی سیاسی هەبێت، دەبێت ئەرکی سوپا پاراستنی دامودەزگاکان و موڵک و ماڵ و سامانی خەڵک بێت. دەبێت لێرە بەدواوە ئەو گرووپانە نەمێنن لە سووریا، هەموویان تاوانیان کردووە، ناکرێت بڵێی ئەو گرووپە تووندڕەوە باشتربوو لەوەی دیکە، بەڵکوو لە ناوچەی خۆی ئارامتر و بێ کێشەتر بوون، بەڵام هەموویان دەستدرێژیان کردووە.
ڕووداو: وەک پەدەکەسە ناوەندەکەتان هەر لە قامشلۆ دەمێنێت، یان دەچنە شام، یان نوێنەرایەتیتان لە شام دەکەنەوە؟
محەمەد ئیسماعیل: ئێمە وەک پارتێکی سیاسی لەنێو کوردستانی سووریا، نووسینگەمان لە هەر شوێنێک کە گەلی ئێمە لەوێ بێت، یان بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمانی لێیە دەکەینەوە، ئێمە چاوەڕوانین نووسینگەکەمان لە شام بکەینەوە و لەنێو دەوڵەتی سووریادا ڕۆڵمان هەبێت، ئەگەر مۆڵەتی بووێت وەریدەگرین، ئێمە لە هەموو شوێنێک کارەکانی خۆمان دەکەین، ئێمە حیزبێکین لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد درووست بووین، بۆ داننان بە گەلی کورد لەنێو سووریا درووست بووین. ماف و بوونی گەلەکەمان ئامانجی سەرەکی ئێمەیە، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە خەبات دەکەین.
ڕووداو: کەسانێک لە وڵاتانی دیکەوە لەنێو دەستەی تەحریری شام دان، وەکوو چیچانی و ئێرانی و خەڵکی وڵاتانی دیکە، جۆلانی گوتبووی هەر چەکدارێک خەڵکی سووریا نەبێت دوور دەخرێتەوە، تورکیاش دەڵێت پەیەدە کەسانێکی تێدایە کە خەڵکی سووریا نین، تورکیا لەوە دڵگرانە، تێڕوانینی ئێوە لەسەر ئەوە چییە، پێتانوایە دەبێت پەیەدەش ئەو شەڕڤانانە دووربخاتەوە کە خەڵکی وڵاتانی دیکەن؟
محەمەد ئیسماعیل: شتێکی سرووشتییە دەبێت ئەو کەسانەی لە دەرەوەی سووریا هاتوونە، دەبێت لە سووریا نەمێنن، بۆ ئەوەی گەلانی سووریا خۆیان بتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، وەک وتم بەیانی لە مەیدانی سیاسی و دیبلۆماسیدا، لەنێو پەڕڵەماندا و هەروەها لە پاراستنی موڵک و ماڵ و سامانی خەڵک نابێت چەکداری بیانی لە سووریا هەبن، کورد بن یان عەرەب بن تووندڕەوبن هەر لایەنێک بن، ئەگەر دیموکراتیش بن قبووڵ ناکرێن، نابێت کەسێکی ناسووری بەشداری پڕۆسەی سیاسی بکات، ئاییندەی سووریاش نائارام دەبێت، لە بنەڕەتدا ئەوەی سووریای تێکداوە هاتنی ئەو چەکدارە بیانیانەیە.
ڕووداو: هیچ دانووستاندنێک هەیە بۆ ئەوەی لەشکری ڕۆژ پێشمەرگەکانی ڕۆژاوای کوردستان بچنە سەر سنووری ڕۆژاوای کوردستان؟
محەمەد ئیسماعیل: پرسیارەکەت گرنگە، بەڕاستی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ یەکەم هێزە لە سووریا دەستدرێژی نەکردووەتە سەر موڵک و ماڵی خەڵک و ئەوان لە تەنگانە و سەختییەکاندا لەگەڵ گەلەکەمان دەبن، ئەوان دەیانوت ئێمە درووستکراوین بۆ پاراستنی گەلی سووریا، پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت، ناوچە کوردییەکان بپارێزین، گەلی کورد و گەلی عەرەب و گەلانی ناوچەکە بپارێزین، نەوەکوو پشتیوانی حیزبێک دژی حیزبێکی دیکە، پێشمەرگەی ڕۆژ ڕۆڵ و گرنگیان هەیە، ئێمە هیواخوازین کە لە دوارۆژی گەلەکەماندا ڕۆڵیان هەبێت و گەلەکەمان پێویستی بە هێزێکی لەو جۆرەیە، باوەڕی زیاتریان پێیان هەیە کە پارێزگاری لە گەلەکەمان و دامودەزگاکانی دەوڵەت بکەن.
ڕووداو: با بێینە سەر حکومەتی ڕاگوزەر، جۆلانی ئەو حکومەتەی پێکهێناوە، بەڵام هاوپەیمانەکانی گلەییان هەیە، لەبەر ئەوەی وەزیرەکانی ئەوانی لەنێودا نین، هەروەها خەڵکی دەرعا و حومس و حەما بە هەمانشێوە گلەییان هەیە، ئێوە وەکوو ئەنەکەسە و پەدەکەسە گلەیی و گازاندەتان هەیە؟
محەمەد ئیسماعیل: هەڵبەت ئەمە بنەمای دەستپێکردنی پڕۆسەی سیاسیی سووریا نییە. گرووپێک هاتووە و دەیەوێت قۆناخێکی ڕاگوزەر لە ماوەی سێ مانگدا بەڕێوەببات. دەڵێت من ئەزموونێکی سەرکەوتووم لە ئیدلب هەبووە و ئەو سیستمەی دەوێت. جا هەتا چ ئاستێک لایەنەکان باوەڕیان پێیەتی، بەڕاستی ئێمە گومانمان هەیە. ئێمەش ناڕازین. سەرکەوتنی ئەزموون لە بەشێکی بچووکی وەکوو ئیدلب، بە مانای ئەوە نایەت کە لە سەرتاسەری سووریا سەرکەوتوو بێت. لە سووریا زۆر کێشە هەن. کێشەی تائیفی هەیە. کێشەی سیاسی و نەتەوەیی و جوگرافی هەیە. دۆزی ئێمە هەیە. سووریا لە جەستەیەکی بریندارەوە لە نوێوە هەڵدەستێتەوە سەرپێ. بۆ ئەوەی ئەو جەستەیە لەسەر پێ بوەستێت، دەبێت زۆر کار بکرێن، ئەزموونێک لە شوێنێک لە پارێزگایەک بە بڕوای من بۆ سەرانسەری سووریا نابێت. بەڵام ئەگەر حکومەتەکە بۆ سێ مانگ بێت، ئێمە هیوادارین و ڕێگر نابین لە پێش هەر کەسێک کە بیەوێت ئەو وڵاتە ئاوا بکات. بەڵام ئێمە لەو باوەڕەدانین ئەو حکومەتە بتوانێت ئیدارەی تەواوی سوویا بکات.
ڕووداو: ئێوە لەو باوەڕەدان وەکوو پەدەکەسە شوێنتان لە حکومەت و دەسەڵاتی شامدا هەبێت؟
محەمەد ئیسماعیل: من وتم پەدەکەسە ڕاهێندراوە بەرگری لە مافی کورد بکات. پۆست بەلای ئێمەوە گرنگ نییە. بەڵام پەدەکەسە یەکێکە لە پارتە سەرەکییەکانی نێوخۆی سووریا و نەخشەی سیاسی بە گشتی. پارتەکەمان 67 ساڵە بەبێ وچان خەبات لە پێناو ماف و هەبوونی کورد لە کوردستانی سووریا دەکات. پێگەی تایبەتمان لەنێو کۆمەڵگەی کوردی و سووریدا هەیە.
ڕووداو: هیچ پلانێکت هەیە بچیتە شام و لەگەڵ جۆلانی کۆببیتەوە؟
محەمەد ئیسماعیل: نوێنەرانی ئێمە لەوێ لە پەیوەندیدان لەگەڵ هەموو لایەنە سوورییەکان، دەستمان بە پەیوەندی کردووە و دەستمان بەکار کردووە. بەپێی ئەنجامی ئەو پەیوەندییانەی کە دەکرێن، ئێمە هیوادارین ڕەوشەکە جێگیر ببێت، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەمە بکەین.
من لە سەرەتاوە وتم، شتی هەرە سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بیری پەڕگیری، میلیشیایی و سەربازی و دەستبەسەرکردن کۆتایی بێت. ئینجا بەرەو دیالۆگ و دانووستاندن بچین، ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین.
ڕووداو: بە باوەڕی ئێوە دواڕۆژی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چی لێدێت؟
محەمەد ئیسماعیل: هاوپەیمانییەک لە دژی ڕژێم درووستبوو و ڕژێم کەوت. لەوانە ئەو هاوپەیمانییە ببنە هێزی سیاسی لەنێوخۆی وڵاتدا. هەندێک لەوانە دەیانەوێت خۆیان بسەلمێنن. هەندێکیش نایانەوێت. ئەوە قۆناخێکی ڕاگوزەر بوو بەرانبەر ڕژێم بۆ ڕووخاندنی. خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی، تەنانەت چەکداری و ئیداری لە گەلێک شوێن کردووە.
من پێم وایە لە پاشەڕۆژدا دەبێتە هێزێکی سیاسی، شەڕ لە ئاییندەی سووریادا نامێنێت. دواڕۆژ بۆ هێزە سیاسییەکانە. وەکوو هێزی سیاسی تێڕوانین و بەرنامەی خۆیان دەبێت. ئێمە دەمانەوێت لەو ماوەیەدا پەیوەندیمان لەگەڵ ئەواندا هەبێت. کە دەمانەوێت دەستمان درێژ بکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە.
ڕووداو: لەو باوەڕە دای شەڕی نێوخۆ لەنێو گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەتەشە درووست ببێت؟
محەمەد ئیسماعیل: ئەگەر چەک لە دەستی خەڵکدا بمێنێت، شەڕ لەنێو ماڵ و ماڵباتان درووست دەبێت. لەنێوان کەسێک و کەسێکی دیکە درووست دەبێت. ئەگەر چەک لە دەستی خەڵکدا بێت، هەموو ئەگەرێک کراوەیە. ئێمە دەخوازین لە قۆناخی ڕاگوزەردا بە زووترین کات چەک لە دەستی خەڵک دەربهێنرێت و ڕوو لە هەڵوێست و بەرنامەی سیاسیی بکەن. هەروەها دەستوورێک بۆ سووریا ئامادە بکرێت.
ڕووداو: چەند گرووپی چەکدار لە سووریا هەن؟
محەمەد ئیسماعیل: زۆرن، بە دەیانن. پێشتر گرووپی چەکدار لە هەموو لایەک، ڕەنگ، نەتەوە و ڕەگەزنامەی جیاواز هەبوون، دەبێت ئێستا کەمتر بن. بەڵام سێ حکومەت هەبوون، هەر یەکێکیان کۆمەڵێک گرووپی تێدا بوون. حکومەتی ڕژێم هەبوو، چەندین گرووپی چەکداری هەبوو، وەکوو فاتمیون. ڕژێمی ڕووخاو بە سەتان گرووپی لە دەڤەری ئیدلب هەبوو، هاوپەیمانیی کارتی زۆر گرووپی جیاجیای هەبوو، لە ڕۆژهەڵاتی سووریا گرووپی چەکدار هەبوون، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناوی لێنابوون-هەسەدە-ئەویش بەشێک هێزی لەنێو دایە، لەوانەیە لە ئاییندەدا گۆڕانکاریی نوێی بەسەردا بێت.
ڕووداو: ئایا هەوڵتان داوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆببنەوە؟
محەمەد ئیسماعیل: ئێمە تاوەکوو ئێستا چاوەڕێی ئەوان بووین. لەبەر ئەوەی ئەوان و ئێمەش ڕووخاندنی ڕژێم وەکوو دەستکەوتی خۆمان دەبینین. بەڵام ئەوان تاوەکوو نیو کاژێری دواییش بەرگریان لە پەیکەرەکانی ئەوان دەکرد. ئێستا دەستیان بەسەر پاشماوەی ڕژێمدا گرتووە، ئەوەش نییەتێکی باش نییە. ئەوانە پاشماوەی دەوڵەتن. دادگەیە، نەخۆشخانەیە، دامودەزگاکانی دەوڵەتن. ئەوانە هەموویان موڵکی گەلن. نابێت گرووپێک دەستیان بەسەردا بگرێت. ناهێڵن گەلەکەمان خۆشی لە ڕووخاندنی ڕژێم ببینن. بە داخەوە ئەوە کارێکی باش نییە. ئێمە چاوەڕێ بووین لە ڕەوشێکی وادا بەجێنەهێڵدرێین. ئێمە هیوادارین ئەوان دەستبەرداری ئەو چیرۆکانە ببن. لەبەر ئەوەی دواڕۆژی سووریا وا نییە، ئەوان هەڵەن ئەگەر لەسەر ئەو هەڵسوکەوتانەیان بەردەوام بن.
ڕووداو: ئەگەر مەزڵووم عەبدی دەستپێشخەرییەک بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ تۆ، ئامادەن لەگەڵی دابنیشن؟
محەمەد ئیسماعیل: ئێمە پێشتریش گوتبوومان بۆ دیالۆگی کوردی، بە ئامادەبوونی لایەنی گەرەنتیکار، ئامادەین.[1]