ماشەڵڵا دەکاک
ئایدن، گەنجێکی کوردی باکووری کوردستانە، دوای پێنج ساڵ مانەوە لە زیندان، دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و ڕزگارکردنی زیندانییەکان، ئەویش ئازاد دەکرێت.
ئایدن دەغاچ نەخۆشیی دەروونی هەیە، پێنج ساڵ و شەش مانگ پێش ئێستا ون دەبێت. دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان ڕاگەیاند و زیندانییەکانیان ئازاد کردن، ئەویش لەگەڵ زیندانییەکانی دیکە ئازاد دەکرێت.
ئایدن دەغاچ بەهۆی زیندانیکردنییەوە، نەخۆشییەکەی سەختتر بووە. دەغاچ لەبارەی کاتی زیندانەکەی دەڵێت: خواردنیان پێدەداین. خواردنی هەموو ڕۆژێکمان ساوار بوو. هەموو ڕۆژێک ئەشکەنجەیان دەداین و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر هاوڕێ بەیەکەوە بووین.
دایکی ئایدنیش هاوشێوەی کوڕەکەی، نەخۆشیی دەروونی هەیە، بەڵام لەڕووی هەستی دایکایەتییەوە تاوەکوو بڵێی تەندرووستە.
نادیە دەغاچ، دایکی ئایدن دەڵێت: زۆر بیرم دەکرد، بەردەوام دەهاتە خەونم، لە خەونم دا ئەو لە دۆخێکی ناخۆشدا بوو. لە زار و زمان کەوتووم.
ماڵی ئایدن بەردەوام پڕە لە میوان، خەڵکی بەردەوام سەردانی ئایدن دەکەن و دەڵێن، ئایدن کە نەخۆشیی دەروونی هەیە چۆن هاتووەتەوە ماڵەکەی؟
عیزەت دەغاچ، باوکی ئایدن باسی لەوە کرد، لە دوای ڕووخانی ئەسەد و ڕۆیشتنی، لە تیکتۆکدا ئایدنمان بینی، دواتر سووریاییەکان ئایدنیان بۆ هێناینە سەر سنوور، دایانەوە دەستی حکومەت و ئەوانیس دایانەوە دەست ئێمە.
ئامۆزای ئایدنیش لەبارەی گەڕاندنەوەی ئایدن دەڵێت: باوکی من بۆ دوای ئایدن چووە عەنتاب و هێنایەوە. بینیمان قاچی لەبەر زنجیر بریندار بووە، بردمانە نەخۆشخانە تیمارمان کرد، ئێستا دۆخی باشە.
ئایدن لە حەوشەی ماڵەکەی دەچێت و دێت، هێشتا نازانێت ئەمە خەیاڵە یان ڕاستی.[1]