ناسر عەلی
نوێنەرى ڕێکخراوى گەشەپێدانى مافى مرۆڤ لە سووریا ڕایگەیاند، جەبهەتولنووسرە (دەستەی تەحریری شام)ی ئێستا زیندانێکى هەیە، کە تاوەکوو ئێستاش هەر ماوە و نزیکەى 800 کچ و ژنى ئێزدیی تێدایە، جگە لەوە گومان دەکرێت پێشمەرگە بێسەروشوێنەکانیش هەر لەو زیندانەدا بن.
پارێزەرێکى خۆبەخشی کەیسى پێشمەرگە بێسەروشوێنەکانیش دەڵێت 'زانیاریمان هەبوو تاوەکوو ساڵی 2018، پێشمەرگەکانى دەستی داعش 58 کەسیان لە سووریا دەستگیر کرابوون و زیندووبوون.
ئاراز جەلال، نوێنەرى ڕێکخراوى گەشەپێدانى مافى مرۆڤ کە کوردى ڕۆژاوای کوردستانە، چەندین ساڵە بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەکانى سووریا دەکات. لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستى بەکاتى دهۆک ڕایگەیاند ''دواى نەمانى دەسەڵاتى داعش لە ئێراق، داعش پێشمەرگە دیلەکانی، کە نزیکەی 60 پێشمەرگە بوون لەگەڵ خۆی بردنە سووریا لە دێرەزوور و بووکەمال.
هەروەها وتی لە کاتى هێرشى حکوومەتى سووریا بۆ سەر داعش لە ناوچەکانى دێرەزوور و بووکەمال، زانیاریمان هەبوو 100٪ پێشمەرگەکان زیندوون، بۆیە یان لە زیندانەکانى حکوومەتى سووریا بوون لە دیمەشق و حومس، یان داعش ڕادەستی هێزەکانى جەبهەتولنووسرەی کردبوون. داعش نەیدەویست بیانکوژن، چونکە زۆر پێویستیان بوو لەگەڵ دیلەکانى خۆیان بیانگۆڕنەوە.
ئەو بەرپرسەى مافى مرۆڤ لە سووریا، زانیاریی نوێ لەسەر زیندانێکى جەبهەتولنووسرە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: جەبهەتولنووسرە کە ئێستا بووەتە دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) زیندانێکی هەیە، ئێستاش هەر ماویەتی؛ زانیاریمان هەیە 800 کچ و ژنى ئێزدى کە پێشتر کەوتبوونە دەستى داعش، ئێستا لەو زیندانەدان، لەوانەیە پێشمەرگە بێسەروشوێنەکانیش هەر لەو زیندانەدا بن.
لە 8-12-2024 دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا ڕووخێنرا و دەرگەی زۆربەى زیندانەکان کرانەوە، بەسەتان ناو و وێنەی زیندانییەکان لە تۆڕە کومەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، ئەمەش هیوایەکی بۆ کەسوکارى بێسەروشوێنەکانى هەرێمى کوردستان گەڕاندەوە.
ئاراز جەلال، ئامارى ئەو زیندانییانەی کە لە سووریا ئازادکراون، ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانى ئێمە؛ نزیکەى 60 هەزار زیندانى لە زیندانەکانى سووریا ئازادکراون، بەڵام هێشتا ماون و سەتان زیندانیی دیکە هێشتا ئازاد نەکراون.
هاوژینی پێشمەرگەیێکی بێسەروشوێنبوو: دوای ڕووداوەکانی سووریا، خەو نەچووەتە چاوەکانمان
گوڵبەهار ئەحمەد، هاوژینی یەکێک لە پێشمەرگە بێسەروشوێنەکانە بە ناوى باپیر عیسا، بە چاوى پڕ لە فرمێسکەوە چیرۆکى بێسەروشوێنبوونى هاوژینەکەى خۆى دەگێڕێتەوە و، دەڵێت لە ئابى 2014، هاوژینەکەم لە نزیک موسڵ کەوتە دەستى داعش، دواى چەند مانگێک، چەند وێنە و ڤیدیۆى زیندانییەکانى داعش بڵاوبوونەوە، هاوژینەکەشم لەنێو زیندانییەکان دا بوو، بەڵام تا ئێستا هیچ زیانیارییەکمان لەبارەی چارەنووسییەوە دەستنەکەوتووە.
هاوژینی پێشمەرگە بێسەروشوێنبووەکە باسی ئەوە دەکات دواى ڕووداوەکانى سووریا و بڵاوبوونەوەى ناو و ڤیدیۆى زیندانییەکانى سووریا خەو نەچووەتە چاومان، بەردەوام سەیرى ناو و وێنەکان دەکەین. من، تەنیا دوو منداڵم هەن، کە ئەو کاتە تەمەنیان 6 و 8 ساڵان بوون، ئێستا گەورەبوون و هەر پرسیار دەکەن 'کەى باوکمان دەگەڕێتەوە؟' هێشتا جلوبەرگەکانى هەموو لاى ئێمە ماون و هەر چاوەڕێین دەرگا بکاتەوە و بێتەژوورەوە.
پارێزەرێکی خۆبەخشی پێشمەرگە بێسەروشووێنەکان: ناوی دوو لە پێشمەرگەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە
نێچیرڤان مووسا لە ساڵی 2018ەوە وەکوو پارێزەرى خۆبەخشى پێشمەرگە بێسەروشووێنەکان بەدواداچوون بۆ کەیسەکانیان دەکات.
ئەو، بە ڕووداوی ڕاگەیاند تا ئێستا کەیسى 58 پێشمەرگە لای ئێمە تۆمارکراون، کە هەموویان بێسەرووشوێنن. زانیاریی 100٪ هەبوو کە تاوەکوو 2018 زیندوو بوون و لە ئێراقەوە ڕەوانەى سووریا کرابوون، دوای کردنەوەى دەرگەى زیندانەکانى سووریا، تا ئێستا تەنیا ناوى دوو لەو پێشمەرگانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە.
بەڵام وەکوو زانیارى 100٪ پارێزەرەکە دڵنیا نییە و دەڵێت زانیاریی 100٪ نییە.'' بۆیە داوا لە بەرپرسانى مافى مرۆڤ دەکات، هاوکاربن بۆ ئاشکراکردنى شوێنی ئەو پێشمەرگانە کە زیاتر لە 10 ساڵە بێسەرووشوێنن. [1]