ناونیشانی هەڵبەست: نیشتمانی ئاگر
ناوی نووسەر: #حەمە ئەحمەد جاف#
کچی نیشتمانی ئاگر..
خۆشەویستیت فێری کردم
ئەو لە ژوانی کوڕی بەفرو ..
بەفر لە شەڕی ڕەشەباو
ئەوین لە سووتان حاڵی کەم !
فێری کردم ..
پەڕاوی ئاو
چامەی خاک و
خامەی دەستی کچی نەورۆز
لە دڵی بەفرا ماڵی کەم !!
خۆشەویستیت فێری کردم
لە سێبەردا بۆنی هەتاو
لە ئاسۆی سەنگەردا ورە و
لە مێژوومدا
میداڵی عیشق و ئازادی
بۆ بەرۆکی سپی خاک و
ئێخەی نیشتمانی سووتاو!
خۆشەویستیت فێری کردم ..
قەڵەمێکی
حەسرەتکێشی کوڕی بەفر
بۆ نووسینەوەی تەئریخ و
چیرۆکی شاخ
بە پەیکی خوێنی ڕەوەزدا
بۆ پەنجەکانم بنێرم !
یاقوب ئاسا
لە چاوەڕوانی یوسف دا
چاوەکانم
بەگاردی ئەسرین بسپێرم !
نیشتیمانم
خۆشەویستیت فێری کردم
لە شەوانی تەنیاییدا
شەرابی تاڵی دووری تۆ بخۆمەوە!
لە ڕەشماڵی ئەشکی سووری کەنعانی چاوەکانتەوە
چاوی تەڵخی
یاقوبێک لە چاوەڕوانی بشۆمەوە !
خۆشەویستیت فێری کردم
بێ ترس بێم
لەتۆ بدوێم
قوڵنگ لە سنگی بێستوون گیر کەم !
ئیشق لە تۆدا متووربەو ..
ئەشک لە چاوما ئەسیر کەم !
***
نیشتیمانم
ئێستا فەرهاد
لە نێو کەژاوەی گریان و
قاقای قەسری خەسرەوشادا
پێکێ شەرابی شەونمی
سەرگۆنای شەمی شیرین و
ئەشکی فیراق دەخواتەوە !
لە سنگی سپی بێستووندا
قوڵنگ ..
پەیامی خۆشەویستی و
فەرهاد ..
هەواڵی مەرگی خۆی ، ..
بۆ شیرین و..
شیرینیش پریاسکەی ڕازو
عیشقی ئیلاهی بۆ فەرهاد دەکاتەوە !
کچی نیشتمانی ئاگر
منیش پەیامێک پڕ لە تۆ
بۆ دەستی باوە نەورۆزی
نیشتیمانێکی بێکەس و
وڵاتێکی ڕووت وبرسی دەبەمەوە !
نیشتیمانێک لەنێرگز و
گوڵاڵەی سوور!
باوەشێک لە کتێبی توڕە و
بزەی هەتاو
گۆچان ... مەتارێکی تینوو
ئارەقی تەوێڵی ڕێگا و
شەوڕۆی ماندووی ، ..
شاخ و ..
پێشمەرگەیەکی کۆن !
کۆتایی 2024
[1]