مالیک محەمەد
دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی سووریا خۆیان بۆ قۆناخی دانووستاندندن ئامادە دەکەن. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی کورد لە ڕۆژاوا، داوای هاوکاریی لە هەرێمی کوردستان دەکات و لەنێوخۆی کوردستانیش چاوەکان لەسەر هەڵوێستی حیزبەکانی هەرێمی کوردستانە، بەوپێیەی خاوەن هێز، دەسەڵات و ئەزموونن.
ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەڵێت: ئامادەی هەموو پاڵپشتییەکین، کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژاوا دڵخۆشکەرە و گرنگە پێش دانووستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا یەکگرتووبن.
پەڕڵەمانتارێکی پێشووی پارتیش ڕادەگەیێنێت، پێویستە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکەن بۆ هاوکاری ڕۆژاوا.
هەریەکە لە کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی و ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیش هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، هەسەدە واز لەو ئەدەبییاتە بهێنێت کە لە قەندیلەوە بۆیان دەهات، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان دانووستاندن بکەن.
کۆمەڵی دادگەری: خۆیان لە هەڵەکانمان بپارێزن
فاروق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، هێشتا ڕوون نییە داهاتووی سووریا چۆن دەبێت، بەڵام لێدوانی بەرپرسانی هەتەشە دڵخۆشکەرە و پێدەچێت پێکەوە کارکردنیان مەبەست بێت. هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانیش بە پارتە سیاسییەکانیشەوە هەمیشە هاوسۆز و پشتیوانی ڕۆژاوا، مەزڵووم عەبدی و هەسەدە بوون، هیوادارین لە هەندێک ئەزموونە باشەکانی هەرێمی کوردستان کەڵک وەربگرن و خۆیان لە هەڵەکانمان بپارێزن.
فاروق عەلی دەڵێت: ئێمە وەکوو کۆمەڵی دادگەری، دەزگای خێرخوازیی بەخشینمان هەیە و لە ڕێگەی هاونیشتمانییانەوە هەوڵدەدەین کۆمەک و هاوکاری کۆبکەینەوە بۆ ڕۆژاوا ئەگەر پێویستییان پێی هەبێت و ڕێگە بدرێین، ئەگەرچی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئێستا خۆیان لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، بەڵام ئامادەییمان هەیە بۆ ئەو کارە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەش کرد، لێدوانی لایەنەکانی سووریا دڵخۆشکەرن و نایانەوێت هیچ لایەنێکی سووریا پشتگوێ بخرێت، کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژاوا و دواتر دانووستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا کارێکی باشە و هیوادارین لایەنە کوردییەکان تەبابن و بتوانن دەستکەوتەکانیان بپارێزن.
عەبدولسەلام ڕێکەوتی: لایەنەکان لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ هاوکاری ڕۆژاوا بکەن
عەبدولسەلام ڕێکەوتی، پەڕڵەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕڵەمانی کوردستان، بە ڕووداوی گوت، دەتوانم دۆخی ئێستای کوردستانی ڕۆژاوا و سووریا بەراورد بکەم بە دوو سەردەمی جیاوازی باشووری کوردستان و ئێراق، جارێک لە 1975 و جارەکەی دیکەش لە 2003، لە ساڵی 1975 بەردەوامیی شۆڕشی کورد پێچەوانەی خواستی نێودەوڵەتیی بوو، چونکە دەیانویست پەیوەندیی ئێران و ئێراق باشبێت.
عەبدولسەلام ڕێکەوتی بەراوردکارییەکەی ڕۆژاوای کوردستانی بە دۆخی ئەو کاتی ئێراق و هەرێمی کوردستانی بەمجۆرە کرد، ئێستاش لە سووریا بەوجۆرەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەیەوێت دۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیربێت، بەڵام ئێستا دەبینین لایەنەکانی ڕۆژاوا شەڕ لەگەڵ سەرکەوتووەکانی شۆڕشەکە دەکەن، ئەوەش پێچەوانەی خواستی نێودەوڵەتییە.
دەشڵێت: ئەگەر بەراوردی بە ساڵی 2003ی ئێراقیش بکەین؛ ئەو کات سەرۆک بارزانی یاریکەری سەرەکی بوو لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراق بە هاوبەشی لەگەڵ مام جەلال، ئەوان لە 2002 ئامادەکارییان کرد و لایەنەکانیان کۆکردەوە بەڵام لە ڕۆژاوا ئەو دەرفەتە نییە، بۆیە هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی باشترین دەرفەت و کەسن بۆ ئەوەی بەوکارە هەڵسن بۆ ڕۆژاوا، واباشە ڕێگابدەن سەرۆک بارزانی ڕزگاریان بکات بۆ ئەوەی تورکیاش ناچاربێت هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات.
بە بڕوای عەبدولسەلام ڕێکەوتی، پێویستە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکەن بۆ هاوکاری ڕۆژاوا، نابێت هەر حیزبێک و لەلای خۆیەوە هەڵسێت بە ئەو کارە. پێویستە پەیەدەش واز لە ئەقڵییەتی قەندیل بهێنێت و هەوڵی یەکگرتوویی لەنێو لایەنە کوردییەکان بدات.
یەکگرتوو: دەکرێت گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنەکانی ڕۆژاوا هەبێت
سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاند، ئێمە داهاتووی سووریا و ڕۆژاوا بە باش دەبینین، لە ڕابردوودا کورد نە ناو و نە هیچ مافێکی نەبوو، بەڵام ئێستا دەستکەوت هەن و ئەمەش دڵخۆشکەرە. هیوادارین لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ بن و بە یەک وتارەوە بچنە دیمەشق بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ.
سەڵاحەدین بابەکر دەڵێت: پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن پەیوەندیی و دانیشتن و گفتوگۆمان هەبێت لەگەڵ لایەنەکانی ڕۆژاوا و دەکرێت پێیان بڵێین پەند لەو هەڵانە وەربگرن کە ئێمە کردوومانن و کەڵک لە ئەزموونەباشەکانمان ببینن، یەکێک هەڵەکانمان شەڕی ناوخۆ بوو، دەکرێت ئێمە پێیان بڵێین قەت دەست نەبەن بۆ ئەو کارە و بە گفتوگۆ و برایەتی ناکۆکییەکانتان چارەسەربکەن.
کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو پێشنیازەکانی حیزبەکەی لەبارەی شێوازی حوکمڕانی داهاتووی ڕۆژاوای کوردستان باسکرد و وتی، بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕابردوو بواری بە لایەنەکانی دیکە نەدەدا کە بەشداریی لە حوکمڕانییدا بکەن، ئێمە لە کۆبوونەوەکانمان ئەوەمان پێگوتوون کە بواربدەن ئازادی بیروڕا هەبێت لەوێدا، ئەگەر لە داهاتووشدا هەروابێت و بیانەوێت بەوجۆرە تاکڕەویی بکەن هەڵەیە و بۆیان ناچێتەسەر؛ بەڵکوو دەبێت تەبابن لەنێوخۆ و لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سووریاش.
یەکێتی: دەبێت هەموومان بە ئەرکی خۆمان هەڵسین بۆ هاوکارێکردنی ڕۆژاوای کوردستان
ڕێباز بێرکۆتی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ ڕووداو کرد و وتی، ئێمە هیواخوازین کورد لەوێ یەکدەنگ و یەکڕەنگ بن، هەریەکە لە هەسەدە، تەڤدەم و ئەنەکەسە هێزی بە ئەزموون و شارەزان و خاکێکی زۆریان لەوێ لەبەردەستە، پێمان باشە ئەو ئەدەبییاتەی لە قەندیلەوە بۆیان دەهات لە داهاتوو ئەوەیان نەمێنێت و لەگەڵ هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان یەکێک لەوانە تورکیا، بتوانن دانووستاندن بکەن، چونکە ئەمریکا و بەریتانیاش ئێستا دەیانەوێت کورد لەوێ بگاتە مافی خۆی.
لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەی ڕێباز بێرکۆتی دەڵێت: ئێمە وەکوو یەکێتیی پێمان خۆشە بە هەموو توانامانەوە هاوکاری ڕۆژاوابین، بەڵام بەداخەوە برایانمان لە ڕۆژاوا یەکگرتوو نەبوون لە ڕابردوودا، هیوادارین پەند لە هەڵەکانی ئێمە وەربگرن و یەکڕیزبن، چونکە هەرکات یەکڕیزبووبین هەموو مافەکانمان بەدەستهێناوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پێشنیازی حیزبەکەی بۆ حوکمڕانی داهاتوو لە ڕۆژاوای کوردستان و چۆنییەتی پاڵپشتیی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستانی ڕۆژاوا وتی، بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجەکانمان، دەبێت خاڵی هاوبەش لەنێوانمان بدۆزینەوە لە هەموو پارچەکان بۆ ڕۆژاوا، دەبێت هەموومان بە ئەرکی خۆمان هەڵسین بۆ هاوکاری کردنی ڕۆژاوا و تەنانەت دەکرێت شاندەکانمان بچنە ئەوێ بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن، ئەوە ئەرکێکە لەسەر هەموو هێزە سیاسییەکان بەتایبەتیی پارتی و یەکێتیی کە ئەو پاڵپشتییە بکەن.[1]