سیروان عەباس
شاندێکی فەرەنسا لە شاری قامشلۆی ڕۆژاوای کوردستانە و ڕۆژی هەینی لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا کۆبوونەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو، شاندەکە بە ئەنەکەسەیان گوتووە: پێویستە کورد یەکدەنگ بن.
بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو، شاندەکەی فەرەنسا گوتوویانە: پێویستە کورد یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی مافەکانی خۆیان بپارێزن. هەر بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی فەرەنسا و ئەنەکەسە، لەبارەی دیالۆگی کوردی-کوردی قسەیان کردووە.
شاندەکەی ئەنەکەسە لە ئیبراهیم ئۆسۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی محەمەد ئیسماعیل، فەیسەڵ یوسف، نیعمەت داود، زەهرە ئەحمەد و عەبدولباری خەلەف پێکهاتبوو.
ڕووداو زانیویەتی، شاندەکەی فەرەنسا چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە، لەگەڵ پەیەنەکە کۆببوونەوە.
ئەمڕۆ هەینی، #13-12-2024# ، نەشئەت زازا، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە تربەسپی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: ''فەرەنسییەکان داوای ئەوە دەکەن کە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان پارەتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بکرێت و کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن شاندێکی هاوبەش پێکبهێنن.
دیالۆگی کوردی -کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، کە سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021وە گفتوگۆکانیان ڕاگیراون.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، گرنگیی دیالۆگی کوردی-کوردی بۆ یەکگرتوویی کورد لە داهاتووی سیاسیی سووریا، چەند هێندە زیاتر بووە. نەشئەت زازا ئاماژەی دا، ''شاندی فەرەنسی دەیەوێت بزانێت کە ئەنەکەسە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی کوردی یان نا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە تربەسپی جەختی لەوە کردەوە: ''هەر کاتێک بۆ گفتوگۆی کوردی -کوردی دیاری بکرێت، ئێمە ئامادەین بەشداری تێدا بکەین. خۆمان بەرانبەر یەکڕیزیی ماڵی کورد و هەڵوێستی یەکگرتوو بە بەرپرسیار دەزانین.
وەک نەشئەت زازا دەڵێت: ناکۆکیی سەرەکییان لەگەڵ پەیەنەکە، پەیوەستە بە هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان، ''دەمانەوێت پەکەکە ئەم ناوچانە چۆڵ بکات، چونکە ئاستەنگیی بۆ خەڵکی ئێمە درووستکردووە.
بەوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی لە تربەسپی، دەرچوونی پەکەکە لە ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان یەکێک لە مەرجەکانی ئەنەکەسەیە بۆ دانووستاندن لەگەڵ پەیەنەکە، بەر لەوەی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا پێکبهێنرێت.
چەند ڕۆژە شاندێکی فەرەنسی -ئەمریکی لە ڕۆژاوای کوردستانن و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بە مەبەستی دانووستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوورات و بەتایبەتیی ڕۆژاوای کوردستان، بچنە دیمەشق، بەڵام پێویستە سەرەتا کۆتایی بە ناکۆکییەکانی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بهێنرێت.
نەشئەت زازا ئاماژەی بەوە کرد، ''پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست خۆمان نەدەین، ڕاستە دەرفەتەکانی پێشوو لەدەستچوون، بەڵام ئەم جارە بە بەرژەوەندیی گەلی کوردە دانووستاندن بکەین، ئەگەریش بە ئەنجام نەگەین، ئەوە مێژوو ڕوحم بە هیچ کەسێک ناکات و هەموومان زیانمان بەردەکەوێت.
زۆرینەی کورد لەسەر شێوەی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبەریی داهاتووی سووریا هاوڕان. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنەکەسە لە تربەسپی وتی، ''تاوەکوو ئێستا دیار نییە کە حکومەتی داهاتووی سووریا چۆن دەبێت، بەڵام ئێمە حەز دەکەین سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکەمان، لە بەڕێوەبەریدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوەژیان بپارێزین.
بەوتەی نەشئەت زازا، بۆ ئەوەی گەشبینی بۆ داهاتووی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا هەبێت، ''پێویستە لە پلەی یەکەمدا بەرژەوەندیی گەلی خۆمان، بەرژەوەندیی خاکەکەمان و داخوازیی کورد لەبەرچاو بگرین، ئەگەر ئەوە نەکرێت، نەک تەنیا لایەنێکی سیاسی، بەڵکوو هەموومان وەکوو کورد زیان دەبینین.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی فەرەنسی و دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیێنرێت.
کۆبوونەوەکانی شاندی فەرەنسی -ئەمریکی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان لە کاتێکدان کە ڕۆژی یەکشەممە 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەت ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان ڕاگەیاند. دواتر، ڕووسیا ڕایگەیاند بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەرییان پێدراوە.[1]