سەراب گولەر، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی کریستیان دیموکراتەکان دەڵێت، بەهۆی ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ناوچەکە هەیە، وەک ئەڵمانیا هاوکاریی کورد دەکەن و بەرژەوەندییەکانیان پشتگوێ ناخەن.
سەراب گولەر کە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، پێویستە وەک ئەڵمانیا ئاڵاکەمان نیشان بدەین و هاوکاری کورد بکەین... ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە روون و ئاشکرا بڵێین کە بەرژەوەندیی کورد پشتگوێ ناخەین.
لەبارەی دۆخی سووریاوە گوتی، لە کۆتاییدا هەموومان سەرسام بووین بەوەی روویدا، بۆیە گرنگە ئەڵمانیا تەنیا تەماشاکەر نەبێت، بۆیە دەبێت بەرژەوەندیی خۆمان و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە لەبەرچاو بگرین. لەم حاڵەتەدا گرنگە لەگەڵ هاوبەشەکەمان لە ناتۆ کە تورکیایە، ئەو پەیامە بگەییێنین کە ئامادەین هاوکار بین، هاوکارییەکانیش مرۆیی، ئابووری، ئاوەدانکردنەوە دەبن ئەگەر پێویستیش بوو و ئامادەین بەشداری هاوکاری بنیاتنانەوەی دەوڵەت بکەین.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەراب گولەر:
ڕووداو: بەڕێز خاتوو گولەر، سوپاس کە لەگەڵمانی. دەمەوێت بزانم گفتوگۆکانی بەغدا و ئەمڕۆتان لە هەولێر چۆن بووم؟
سەراب گولەر: ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی گفتوگۆیەکی زۆر زۆر باشمان کرد. سەرۆکی هەرێمی زۆر بەڕاشکاوی پێی گوتین چەند گرنگە هێزەکانی سوپای ئەڵمانیا لێرەن و چەند بە باشی پێکەوە کار دەکەن. لە بەغداش لەگەڵ هێزەکانمان و بەرپرسانی ئەوێ گفتوگۆمان کرد، بەڵام دۆخی ئەوێ زۆر پڕ ئاڵنگاریترە وەک لێرە.
ڕووداو: دەمەوێ بزانم ئەڵمانیا چۆن دەیەوێت بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان؟
سەراب گولەر: لێرە زۆر بە روون و ئاشکرایی پێمان گوترا کە چەند گرنگە سەربازانی ئەڵمانیا لێرە بن. وەزیری بەرگریش جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانی ئەڵمانیا و هێزەکانی وەک ساڵانی پێشوو بەردەوام دەبێ. دۆخی هەولێر ئارامترە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی ئەو دۆخە پڕئاڵنگارییەی کە ئێستا لە ناوچەکە هەیە، پێویستە وەک ئەڵمانیا ئاڵاکەمان نیشان بدەین و هاوکاری کورد بکەین.
ڕووداو: وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا کە نابێت چیدیکە ئەڵمانیا تەماشاکار بێت، بەڵکوو دەبێت بەشدار بێت لە سەقامگیرکردنی دۆخی سووریا. من دەمەوێت بزانم ئەڵمانیا چۆن دەیەوێت ئەو کاریگەرییەی هەبێت؟
سەراب گولەر: ئەوە زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی ئێمە نازانین چی لەو گرووپانە چاوەڕوان دەکرێ کە چەندین میلیشیای جیاوازیان تێدایە. بەڵام لە کۆتاییدا هەموومان سەرسام بووین بەوەی روویدا، بۆیە گرنگە ئەڵمانیا تەنیا تەماشاکەر نەبێت، بۆیە دەبێت بەرژەوەندیی خۆمان و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە لەبەرچاو بگرین. لەم حاڵەتەدا گرنگە لەگەڵ هاوبەشەکەمان لە ناتۆ کە تورکیایە، ئەو پەیامە بگەییێنین کە ئامادەین هاوکار بین، هاوکارییەکانیش مرۆیی، ئابووری، ئاوەدانکردنەوە دەبن ئەگەر پێویستیش بوو و ئامادەین بەشداری هاوکاری بنیاتنانەوەی دەوڵەت بکەین. بەڵام پێویستە ئەو گرووپە جیاوازانە بەیەک بگەیێنین. ئەوەی بۆ ئێمەش گرنگە ئەوەیە کە روون و ئاشکرا بڵێین کە بەرژەوەندیی کورد پشتگوێ ناخەین.
ڕووداو: بەڵێ، ئەمەش دوایین پرسیارمە، کە دەمەوێت بزانم ئەڵمانیا چۆن دەیەوێت هاوکار بێت لە پشتیوانیکتردنی کورد لە رۆژئاوا کە لەبری جیهان شەری داعشی کرد بۆ ئەوەی مافی ئەوانیش نەخوورێت.
سەراب گولەر: ئەو خاڵێکی زۆر گرنگە بێگومان. تەنیا کاتێک دەتوانین ئەمە بەدەستبهێنین کە بتوانین لەگەڵ تورکیا کاربکەین نەک تەنیا تەماشاکەر بین، لێرەدا دەتوانین هەژموونی خۆمان بەکاربهێنین کە بڵێین ئامادەین هاوکار بین تورکیا لەم دۆخەدا لە ناوچەلە رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە و ناکرێ فەرامۆش بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو رێگەی دیالۆگە بدۆزینەوە، لەلایەک دەبێت هاوکاری پێشکەش بکەین و لە لایەکی دیکەش دەبێت داوکاریمان هەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر سەیری هۆکاری ئاسایش بکەین، دەبێت بڵێین بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا دەبێت لە لایەن دەسەڵاتەوە کۆتایی پێبهێندرێت و دابخرێن. لەهەمان کاتدا دەبێ پشتیوانی ئەو کەسانە بکەین کە پشتیوانی لە دیموکراسی دەکەن، لەنێویاندا کورد. بۆ ئەوەش دەبێت هاوکار بین و دەبێت مەرجەکانمان بە هاوکاری ببەستینەوە.
ڕووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
سەراب گولەر: زۆر سوپاس.[1]