سیپان ڕۆژهەڵاتی
ئەمریکا و فەرەنسا بە پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (پەیەنەکە)یان گوتووە، تورکیا دەربازی ڕۆژهەڵاتی فوورات نابێت، بەڵام دەبێت نیگەرانییەکانی تورکیا بڕەوێننەوە.
محەمەد مووسا، سکرتێری پارتی چەپی کورد لە سووریا لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەتی کاژیر 17:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە شەهیان تەحسین پێشکیشی دەکات باسی کۆبوونەوەی فەرەنسا لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستانی کرد.
محەمەد مووسا وتی بەرلە دوو مانگ، ئەمریکا و فەرەنسا داوایان لەلایەنە کوردییەکان کرد پێکەوە کار بکەن و یەکهەڵوێست بن، بەڵام دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا، جارێکی دیکە شاندی فەرەنسی لەگەڵ لایەنەکانی پەیەنەکە کۆبووەوە و باسیان لە قۆناخی داهاتووی کرد.
سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆبوونەوە، محەمەد مووسا دەڵێت لەبارەی هەڕەشەی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان گفتوگۆ کرا.'' لایەنە فەرەنسییەکان داوایان کرد 'کورد داواکارییەکانی بە نووسراو پێشکیش بکات، هەروەها گەرەنتی بدەنە تورکیا و مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا چارەسەر بکەن و سوورن لەسەر ئەوەی دیالۆگ لەگەڵ تورکیا بکەن.
بەوتەی سکرتێری پارتی چەپی کورد لە سووریا پارتەکانی نێو پەیەنەکە، ڕایانگەیاندووە ئامادەن لەگەڵ تورکیا کۆببنەوە بۆ نەهێشتنی مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا.
محەمەد مووسا وتی لایەنی فەرەنسی چەند داواکارییەکی لە کورد هەبووە و پێیان گوتوون خۆتان یەکلابکەنەوە کە دانووستانی ئێوە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا چۆن دەبێت و، نیگەرانییەکانی تورکیا کە دەڵێن 'مەترسی لەسەر ئاساییشی نیشتمانیمان هەیە.' بڕەوێننەوە.
محەمەد مووسا خۆی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرەنسییەکاندا بەشدار بووە، دەڵێت بە لایەنە فەرەنسییەکانیان گوتووە، ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ تورکیا دا نییە 'کورد بەرانبەر ڕووخانی ئەسەد دڵگران نییە، لەبەر ئەوەی زۆر ستەمی لە کورد کردووە، بەڵام ئەوان نیگەرانن بەرانبەر دەسەڵاتدارانی ئێستا، لەبەر ئەوەی بەشێک بوون لە قاعیدە و گومانیان هەیە بتوانن کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و نەتەوەییەکانی سووریا بەتایبەت کورد، چارەسەر بکەن.
بەرپرسەکەی پارتی چەپی کورد لە سووریا باسی ئەوەی کرد، دەسەڵاتدارانی ئێستا بە هاوکاریی تورکیا هاتوون و ناتوانن بەئاسانی ئەو کێشانەی سووریا چارەسەر بکەن کە ساڵانێکە کۆبوونەتەوە.
محەمەد مووسا وتی لایەنی فەرەنسی هیچ گەرەنتییەکی بەرانبەر بارودۆخی سووریا نەبووە، بەڵام جەختیان کردووەتەوە لەوەی دەبێت کورد پەیوەندیی بە شامەوە هەبێت.
محەمەد مووسا وتیشی بەپێی قسەی ئەمریکا و هێزە ڕۆژاواییەکان، تورکیا نزیکی ڕۆژهەڵاتی فوورات نابێت. [1]