ناونیشانی بابەت: مانگرتنی 1991 و یادەوەریی یەکەم چوونەسەر شانۆم!
ناوی نووسەر: #هێرش ڕەسوڵ#
لەبەرئەوەی گچکە و وردیلە بووم، گەیشتنم بەو شوێنە و بەناو ئەو ئاپۆڕەیەدا ئەستەم نەبوو. چەند ڕۆژێکیش دەبوو بە وردیی نەخشەی گەیشتنم بەوێ کێشابوو.
هەرچۆنێک بوو، لەناو قەرەباڵغییەکەوە خۆم لە سەرشانۆ (ستەیج)ەکە نزیککردەوە. جا سەرشانۆی چی؟ دوو ئیڤای سەربازیی پاشماوەی ڕڕژێمەکەی سەددام بوون، کە تەنها نۆ مانگ و چەند ڕۆژێک دەبوو دەست جەماوەری ڕاپەڕیوو و دواتریش پێشمەرگە کەوتبوون.
ڕۆژی #07-12-1991# دوای شارەکانی #سلێمانی# و #هەولێر#، لە #ڕانیە#ش لە بەردەم نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN)، کە دەکەوتەسەر ڕێگای (ڕانیە سەرکەپکان)، نزیک مزگەوتی (ئازادیی) مانگرتن دەستی پێکرد.
ڕۆژ و شەوانەش جەماوەری ناوچەی بیتوێن و پشدەر بۆ پشتگیریی مانگرتووان لەوێ کۆدەبوونەوە. ڕۆشنبیرانی ناوچەکە ئەو سەرشانۆیەیان دروستکردبوو. ئەوەندەی بیرم مابێ، (تیپی مۆسیقای ڕانیە) بە سەرپەرشتیی م.هیوا مستەفا گۆرانیی و موزیکی پێشکەشدەکرد. کۆمیتەی ڕانیەی (#یەکێتیی نووسەرانی کورد#)، خێمەیەکیان هەڵدابوو، بڵاوکراوەی ڕۆژانەی (مانگرتن)یان دەردەکرد، هەریەک لە بەڕێزان (نیازی حەمەعەزیز، ئیسماعیل ڕاجی، عومەر مەرگەیی، خدر گوڵانی، شێخ جەواد، م.سەعید، سەربەست جیهاد، هەمزە گوڵانی و هەورامان) دەستەی نووسەرانی بوون.
پێموابێ دوو ڕۆژ پێش شکاندنی مانگرتنەکە بوو، واتە (12/12) بو، خۆم بە تەنیا، وەکو ڕۆژەکانی تر چوومە شوێنی مانگرتنەکە. هێشتا جۆشوخرۆشی ڕاپەڕین، سیما و گوتاری خەڵکی بەرنەدابوو، بە ڕوونیی لە هاوار و هوتافەکانیاندا ڕەنگیدابۆوە: (ماندەگرین، ماندەگرین.. هەتا مافمان وەردەگرین)، (.......، پشتگیری مانگرتووانین)، ... تاد.
ئەمە لە سەرشانۆکەش ڕەنگیدابۆوە، ڕاستە هەوڵی ڕێکخستنی کارەکە درابوو، بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی خەڵک بۆ چوونە سەرشانۆ کارێکی هەروا ئاسان نەبوو.
لە بەشی خوارەوەی سەرشانۆکە بە پیاوێکم گوت: دەمەوێ بچمە سەرێ و شیعرێک بخوێنمەوە.
هەر ئەوەندەم گوت، چەند کەسێکی دیکەش لەوێ گوێیان لێبوو، یەکسەر لە دەورم کۆبونەوە.
هەریەکەیان پرسیارێکی کرد:
شیعرەکە چییە؟
ئاخر دەتوانی؟
ناترسی؟
بە هەر جۆرێک بووبێ خۆم لە سەرشانۆکە بینییەوە. کە ئەو هەموو خەڵکەم بینی لە خوارەوە، گەورە و بچوک، پیر و منداڵ، ژن و پیاو، بە جلوبەرگی جیاواز، بە چەتر و بێ چەتر، سەرەتا لێدانی دڵم زیادیکرد و کەمێک ترسم لێنیشت، بەڵام ئیدی تازە گەیشتوومەتە ئەو شوێنەی کە دەمێکە خەونی پێوەدەبینم و چەند ڕۆژێکە نەخشەم بۆ کێشاوە، مەحاڵە بگەڕێمەوە.
ئەوکات، تەمەنم تازە ببووە بە نۆ ساڵ، بە سروشتییش زۆر حەزم لە شیعرخوێندنەوە و بێژەریی و پێشکەشکاریی بوو، بە حوکمی کتێبخانە بچکۆلەکەی کاک محەمەدی برام و هاندانی بەردەوامی بۆ کتێبخوێندنەوە، کۆمەڵێ شیعری کوردییشم لەبەرکردبوو، بەردەوام لەسەر قەراغی پەنجەرەی ژوورەکانی ماڵی خۆمان دەمخوێندنەوە و پڕۆڤەم دەکرد. بۆ ئەمەش ئەندامانی خێزانەکەم بە گشتیی زۆر هانیام دام، بە تایبەت خوشکە ئازیزەکانم (سەرگوڵ خان و حەمدییە خان).
هەریەک لە کاک عەبدوڵڵا تەها و کاک عوسمان ڕانیەیی، ئەو دوو کەسەی لە سەرشانۆی بەردەم مانگرتووەکانی ڕانیە بەرنامەکانیان بەڕێوەدەبردن و، وتار و شیعر و پەخشانی حەماسەتخوڵقێن و هاندانی جەماوەریان دەخوێندنەوە و ببوونە پێشکەشکار، لێیان پرسیم چی پێشکەشدەکەی؟ دێڕەکانی سەرەتای ئەو شیعرەم بۆ خوێندنەوە کە ئامادەمکردبوو، گوتیان زۆر باشە، ئافەرین. ئینجا مایک (کە ئەوکات پێیاندەگوت: لاقیتە)یان بۆ ڕاگرتم، موچڕکێک بە لەشمدا هات، تێکەڵەیەک لە خۆشیی و دڵەڕاوکێ، لەو بەرزییەوە وامدەزانی هەمو دنیا هی منە.
یەکەمجار دەترسام و چەند چرکەی سەرەتا دەست و لاق (قاچ)م دەلەرزین، ئاخر ناهەقم نەبوو خەڵکێکی زۆری لێبوو، دواتر ترسم شکا و بەردەوام بووم، شیعرەکەم بە تەواویی و بێ وەستان و هەڵە خوێندەوە، هەر ئەوەندەم زانی لەناو جەماوەری ئامادەبوودا بووبە چەپڵەڕێزان.
ئەوەی بیرم مابێ، وا هەستدەکەم هەریەک لە
کاک ڕۆژگار ڕەسوڵی هونەرمەند و کاک حەسیب پشدەریی و کاک ئەحمەد سەپان و شادڕەوان کاک ئومێد مام ڕەسوڵ وێنەیان دەگرت. کامێرای ڤیدیۆشی لێبوو، بەڵام بەداخەوە نازانم کامێرامانەکە کێ بوو؟
ئەو شیعرەی لەوێ پێشکەشمکرد و بەهۆیەوە بۆ یەکەمجار چوومە سەر شانۆ و ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بوومەوە، شیعرێکی (م. برایم ئەحمەد) بوو، کە لە ڕێگەی ڕادیۆی (دەنگی گەلی کوردستان)ەوە فێری ببووم و لەبەرم کردبوو، وابزانم بە دەنگی کاک باست حەمەغەریب بوو.
نازانم م. برایم چ کاتێک و بۆ چ بۆنەیەک ئەو شیعرەی نووسیوە، بەڵام بڕواموایە، پێشکەشکردنی لەو ڕۆژەدا و بۆ ئەو گیانی بەرگرییە زۆر گونجاو بوو.
لەژێر زنجیری دەبابەی دوژمن
کەللەی هەزاران کوردی وەکو من
تێکوپێک نەشکێ و نەپڵیشێتەوە
لە گۆمی خوێنا لاو نەکرێتەوە
دایک نەڕێژێ، فرمێسکی خوێنین
نەگرێتە باوەش کۆرپەی نازەنین
............................................
سەرنج1: شیعرەکە لەمە درێژترە، بەداخەوە من هەر ئەوەندەم بیرماوە.
سەرنج2: وێنەکە هی ئەو ڕۆژانەیە، کاک خالید قادر بۆی ناردم، سوپاسی دەکەم. هەرچەند من خۆمم تێدا نەدۆزییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەم بیرەوەرییەوە وێنەیەکی ئەو سەرەتا جوانەی خۆمم دەستبکەوێتەوە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!