کۆسار عوسمان
#جوان حاجۆ، # هونەرمەندی بەنێوبانگی کورد بە ڕووداوی گوت، منیش وەکوو هەموو کوردێک داوای هاوپەیمانییان لێدەکەم [لەلایەنەکانی ڕۆژاوای کوردستان]. لەم کاتە هەستیارەدا پێویستە کورد بە یەک دەنگ، یەک ڕەنگ و یەک هەڵوێست بڕۆنە شام.
ئەمڕۆ یەکشەممە، جوان حاجۆ لە هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکەشکاری ڕووداو ڕایگەیاند، ڕۆژاڤای کوردستان قوربانیی گەورەی داوە. باسی زیاتر لە 20 هەزار شەهید دەکەن. باس لە دەربەدەربوونی ملیۆن و نیوێک کۆچبەر دەکەن. بەڕاستی ئەمانە قوربانیی گەورەن. جا کورد لەم قۆناخەدا پێویستە یەک هەڵوێست بن. پێویستە ناکۆکییەکانی خۆمان بخەینە لاوە.
ئەو هەروەها وتی، ئەمە دەرفەتێکی باشە و پێویستە ئەمریکی و فەرەنسی چی دەڵێن ئێمە بەگوێیان بکەین. تاوەکوو بگەینە ئامانج. ئەمڕۆ دوو بابەتی هەستیار هەن. ئەمڕۆ پرسی ئێمە پرسێکی نەتەوەییە. ناومان و ڕەنگمان هەر چۆن بێت، ئێمە هەر کوردین. پێویستە پرسەکەی ئێمە لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی چارەسەر بکرێت. لە عەفرینەوە بگرە تا دەگاتە کۆبانێ و دێرک، خاکی کوردستانە؛ ڕۆژاڤای کوردستانە و بەشێکە لە کوردستانی گەورە.
جوان حاجۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای سووریا و ڕۆژاوای کوردستانەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ پێویستە خەڵکی ڕۆژاڤای کوردستان لە ئارامیدا بژین. بەسە بەڕاستی بێزار بووین، هەر بە گشتی سووری هەموویان بێزار بوون. پێویستە داوای مافی خۆیان بکەن. جا پێویستە کورد ڕێک لەم قۆناخەدا ڕێکبکەون و ناکۆکییەکانی خۆیان بخەنە لایەک و یەک ڕەنگ و یەک دەنگ بن.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ جوان حاجۆ
ڕووداو: من باسی یەکێتیی کوردم لە ڕۆژاڤای کوردستان کرد. وتم پێویستە کورد بەیەکەوە بڕۆنە شام و بەیەکەوە لەوێ کار لەسەر پرسی کورد بکەن. هونەرمەندی ناوداری کورد جوان حاجۆ لە سویدەوە لەگەڵمە. بانگەوازی هەیە. کاک جوان! بەخێربێیت.
جوان حاجۆ: زۆر سوپاس دڵبخوین.
ڕووداو: بانگەوازی تۆ بۆ لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژاڤای کوردستان چییە لە بابەتی درووستکردنی شاندێک بۆ ئەوەی بڕۆنە شام. چونکە تا ئەم خولەکەش فەرەنسی و ئەمریکییەکان دەیانەوێت کورد ئاشت بکەنەوە، بەڵام هەر لایەنیکی کوردی ڕووی لە لایەک کردووە. تۆ داوای چی لە ئەوان دەکەیت و چی دەڵێیت؟
جوان حاجۆ: من چیم دەوێت دلبخوین! منیش وەکوو هەموو کوردیک داوای هاوپەیمانییان لێدەکەم. لەم کاتە هەستیارەدا پێویستە کورد بە یەک دەنگ، یەک ڕەنگ و یەک هەڵوێست بڕۆنە شام. ڕۆژاڤای کوردستان قوربانیی گەورەی داوە. باسی زیاتر لە 20 هەزار شەهید دەکەن. باس لە دەربەدەربوونی ملیۆن و نیوێک کۆچبەر دەکەن. بەڕاستی ئەمانە قوربانیی گەورەن. جا کورد لەم قۆناخەدا پێویستە یەک هەڵوێست بن. پێویستە ناکۆکییەکانی خۆمان بخەینە لاوە. ئەمە دەرفەتێکی باشە و پێویستە ئەمریکی و فەرەنسی چی دەڵێن ئێمە بەگوێیان بکەین. تاوەکوو بگەینە ئامانج. ئەمڕۆ دوو بابەتی هەستیار هەن. ئەمڕۆ پرسی ئێمە پرسێکی نەتەوەییە. ناومان و ڕەنگمان هەر چۆن بێت، ئێمە هەر کوردین. پێویستە پرسەکەی ئێمە لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی چارەسەر بکرێت. لە عەفرینەوە بگرە تا دەگاتە کۆبانێ و دێرک، خاکی کوردستانە؛ ڕۆژاڤای کوردستانە و بەشێکە لە کوردستانی گەورە. پێویستە کورد لەسەر ئەم بنەمایە ڕێککەوتن بکات. ئێمە کوردین و خاوەنی ڕۆژاڤای کوردستانین. ئەمڕۆ پێویستە خەڵکی ڕۆژاڤای کوردستان لە ئارامیدا بژین. بەسە بەڕاستی بێزاربووین، هەر بە گشتی سووری هەموویان بێزار بوون. پێویستە داوای مافی خۆیان بکەن. جا پێویستە کورد ڕێک لەم قۆناخەدا ڕێکبکەون و ناکۆکییەکانی خۆیان بخەنە لایەک و یەکرەنگ و یەکدەنگ بن.
ڕووداو: جوان ئێستا کە گوێمان لە تۆیە، هەمووان لە قامشلۆن. ئەمریکی و فەرەنسیش لە قامشلۆن. ئەنەکەسە، پەیەدە و پارتی نزیک لە بەڕێوەبەریی خۆسەر لەوێ ئامادەن. جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدییە، ئێستا ئێمە کە گویمان لە تۆ گرتووە، هاوکات سەیری دیمەنەکان دەکەین. تۆ دەڵێیت مەترسییەکی زۆر گەورەیە ئەگەر کورد ڕێکنەکەون و بەیەکەوە نەڕۆنە شام. پێتوایە ئەوان ئەمە بکەن و ڕێکنەکەون؟ پێتوایە ئەوان هەموو لایەنە کوردییەکان وەلا بنێن یان یەک لایەن؟
جوان حاجۆ: تۆ باسی جوامێرێکت کرد، جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی. من بەتەواوی کورد دەڵێم، هەرچۆنێک بێت پێویستە ڕێککەوتن لەنێوان کورد بکرێت. هەروەک وتم کورد قوربانیی زۆریان داوە. بەڕاستی چەندین ساڵ بەرخۆدانیان کرد، خوێنیان ڕشت و شەهیدیان دا. کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان بێ کەموکووڕی بوون و هەموو شتێکی خۆیانیان بەخت کرد. ئەوان جوامێری و قارەمانییەکی سەیر نیشان دەدەن. هەر بۆیە گرنگە ئەو ڕێککەوتنە لەنێوان کورد بکرێت، پێویستە لایەنەکانی دیکەی کوردیش بێنە قامشلو. بەڵێ مافی ئەوانە و خاکی ئەوانە و دەبێت گوێ بۆ ئەوانیش بگیرێت. لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتنی کورد مەرجە. ئەمڕۆ دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئێمە هاتووەتە پێش و دەبێت داوای مافی خۆمان بکەین. ئەوەتا تۆ دەڵێیت فەرەنسی و ئەمریکی لە ڕۆژاڤای کوردستانن، لە قامشلۆن. جا ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن. ئەگەر ڕێککەوتنی کورد نەکرێت، ئەمە ئاو و ئاو دەچێت. بۆ نا؟ ئێوە هەمووتان کوردن.
ڕووداو: ناکۆکیی سیاسی هەشبن ئاساییە و لەنێوان هەموو پارتی سیاسیدا ناکۆکی هەن.
جوان حاجۆ: دلبخوین، تەنانەت ئەگەر ناکۆکیی سیاسیش هەبن، ئەمە پێشتریش هەبووە و ئێستاش هەیە. ئەوەتا ئەمڕۆ ئەمریکی، فەرەنسی و ئەوروپایی دەیانەوێت ئەو پرسە چارەسەر بکەن. ئەوانە لایەنی ئێمەن، جا پێویستە ئێمە گوێیان لێبگرین و ڕێکبکەوین. بەسە هەتا کەی؟ ڕێککەوتن، ڕێککەوتن، ڕێککەوتن! ئێمە هەموومان هاوبەشی ئەم خاکەین، هاوبەشی ڕۆژاڤای کوردستانین. ئەمڕۆ کوردستانی ڕۆژاڤا گرنگە! ڕاستە جوگرافیایەکی گەورە نییە. بەڵام پارچەیەکی زۆرزۆر گرنگە. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ لەوێ کارێکی باشمان کرد، کاریگەریی باشی لەسەر پارچەکانی دیکەش. جا ئەمڕۆ هەموو کورد چاوی لە ڕێککەوتنی کوردە. نابێت هیچ لایەنیک بڵێت؛ من گەورەم و کار و خزمەتم کردووە، بەڵام ئەوەی دیکە هیچی نەکردووە. پێویستە لەم قۆناخەدا لەسەر بنەمایەکی دیموکراسی ڕێکبکەون. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بڕۆنە شام و داواکاریی نەتەوەیی خۆیان بەرزبکەنەوە. ڕۆژاڤای کوردستان ئەمڕۆ پارچەیەکە لە کوردستانی گەورە. عەفرین، کۆبانێ، سەرێکانیێ، دربەسیێ، عاموودێ، قامشلو تاوەکوو دەگاتە دێرکێ هەمووی خاکی کوردستانە. ئەمڕۆ دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتەپێش و دەبێت بیقۆزینەوە، ئەگەرنا نەوەی دوای ئێمە نەفرەتمان لێدەکەن. پێویستە هەموو ئەوانەی بڕیار بەدەستن، لەسەر ئەم بنەمایە بیر بکەنەوە. پێویستە هەمووان بێنە قامشلو و شوێنی خۆیان لە قامشلو ببینن. نابێت بگوترێت ئەو هیچ خزمەتێکی نەکردووە، ئەوەی دیکە لە هۆتێلەکان ماوەتەوە، دەبێت هەموو ئەمانە بخەنە لایەک و ڕێککەوتنیک لەسەر بنەمای نەتەوەیی درووست ببێت. ئینجا دواتر بڕۆنە شام و داوای مافی کوردی، نەتەوەیی و کوردستانی بکەن.
ڕووداو: جوان! زۆر سوپاس. تۆ قسەی دڵی هەموو کوردێکت کرد. قسەی دڵی هەموو کوردیکی کوردستان نەک هەر کوردی ڕۆژاڤای کوردستان. تۆ هونەرمەندێکی گەورەیت و وتەی تۆ کاریگەریی هەیە لەسەر کورد و لایەنە سیاسییەکانیش. جا هیوادارم گوتەکانی تۆ چووبێتە گوێیان.
جوان حاجۆ: من هیوادارم لەم نزیکانە کۆبانێ و قامشلۆ بەیەکەوە ببینم. من هیوادارم دلبخوین!
ڕووداو: ئێمە دەچین جوان! بەخوا دەچین. من و تۆ بەیەکەوە دەڕۆینە تربەسپی کە زێدی تۆیە، ئینجا دواتریش تاوەکوو کۆبانێ دەچین.
جوان حاجۆ: باشە دڵبخوین، هیوادارم ڕێککەوتنی کورد درووست ببێت.
ڕووداو: زۆر سوپاس بۆ هونەرمەندی ناودار جوان حاجۆ.[1]