بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژاوای کوردستان سەبارەت بە سووریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان لە پڕۆسەی گواستنەوەدا پێگەی خۆیان لە بنیادنانەوەی سووریای نوێدا هەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە بەیاننامەکەدا کە ئەمڕۆ #16-12-2024# بڵاویکردووەتەوە، بانگەوازی بۆ هەموو لایەنەکان کرد و وتی، بانگی هەموو لایەنە سوورییەکان دەکەین کە بە هەڵوێستەکانیاندا بەرانبەر یەکدی بچنەوە و بەرژەوەندیی نیشتمانی هاوبەش لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای پاراستنی یەکێتیی خاکی سووریای کرد و داوای کرد سووریا لە هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارە پەیوەندیدارەکانییەوە بپارێزرێت.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە درووستکردنی سووریای نوێ بەیاننامەیەکی 10 خاڵی بڵاوکردەوە.
بە ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی بەعس، سووریا چووە قۆناخێکی نوێوە. بۆ ئەوەی بەسەرکەوتوویی دەرباز ببین لە قۆناخی گواستنەوە، پێویستە یەکگرتوو بین.
پێویستە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێگایەکی هاوبەش یەکبگرین و پێکەوە کار بکەین. دەبێت سیاسەتی پەراوێزخستن و پشتگوێخستن کە سووریای وێرانکرد، کۆتایی پێ بێت.
پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان لە پڕۆسەی گواستنەوەدا شوێنی خۆیان لە بنیاتنانی سووریای نوێدا وەربگرن.
لەسەر ئەم بنەمایە، داوا لە هەموو لایەنە سوورییەکان دەکەین کە تێڕوانینەکانیان بەرانبەر بە یەکتر هەڵسەنگێننەوە و بەرژەوەندییە نیشتمانییە هاوبەشەکان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن.
لەسەر ئەم بنەمایە، دەبینین کە هاوکاری نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی و بەڕێوەبەرایەتی سیاسی لە دیمەشق لە بەرژەوەندی هەموو سوورییەکان دەبێت.
ئەم هاوکارییە دەبێتە پشتیوانییەک بۆ ئەوەی بەسەرکەوتوویی لەم قۆناخە دژوارە دەرباز ببین.
وەک بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خۆمان بەرانبەر بە گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە بەرپرسیار دەزانین.
بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان بەرانبەر بە گەلەکەمان، ڕاگەیێندراوی دیالۆگی سووری-سووری بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ پێشکەش دەکەین.
ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی، ڕۆڵی ئەرێنی وڵاتانی عەرەبی و دۆستان کە پشتگیری هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا دەکەن، بە ئەرێنی دەبینین.
پێویستە ئەم پشتیوانییە بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ بەردەوام بێت بۆ دابینکردنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بەپێی بنەماکانی دیموکراسی و درووستکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتمانی سووری گشتگیر کە هەموو لایەک بەشداری تێدا بکات.
بۆ هەنگاونان کە وەک چارەنووسساز لەم قۆناخەدا دەیبینین، داوا لە هەموو هێزەکانی سووریا دەکەین پێکەوە لەسەر ئەم خاڵانە کار بکەن:
-پاراستنی یەکێتی و سەروەریی خاکی سووریا و پاراستنی لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی.
-پێویستە لە سەرانسەری خاکی سووریا چالاکییە سەربازییەکان ڕابگیرێن و دیالۆگی نیشتمانیی گشتگیر بۆ بنیاتنانەوە دەستپێبکات.
-هەڵوێستی خۆشەویستی بگرنەبەر و خۆیان لە وتاری ڕق و خیانەت لەنێوان سوورییەکان دوور بخەنەوە. سووریا بە هەموو پێکهاتە و ڕەنگەکانییەوە دەوڵەمەندە، پێویستە ئەم فرەڕەنگی و دەوڵەمەندییە لەسەر بنەمای دیموکراسیی دادپەروەرانە بپارێزرێت.
-بۆ یەکخستنی دیدگاکان سەبارەت بە پڕۆسەی گواستنەوە، پێویستە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییە سوورییەکان لە دیمەشق ببەسترێت.
-پێویستە بەشداریی ژنان لە پڕۆسەی سیاسی چالاک بێت.
-سامان و سەرچاوە ئابوورییەکان موڵکی هەموو گەلی سووریان و دەبێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە سەرانسەری سووریادا دابەش بکرێن.
-دەبێت گەڕانەوەی دانیشتووانی ڕەسەن و ئەو کۆچبەرانەی بە زۆر ئاوارە کراون، دەستەبەر بکرێت. دەبێت میراتی کولتووریان بپارێزرێت و سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی کۆتاییان پێبهێنرێت.
-لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سووریادا، جەخت دەکەینەوە کە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش سەرهەڵنەداتەوە. ئەمەش بە هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەبێت.
-دەبێت داگیرکاری کۆتایی پێبێت و بڕیاری دیاریکردنی داهاتوو لە دەستی گەلی سووریادا بێت. دەبێت پرەنسیپی دراوسێیەتی باش جێبەجێ بکرێت.
-پێشوازی لە ڕۆڵی بنیاتنەری دەوڵەتانی عەرەبی، نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و هەموو هێزە نێودەوڵەتییە چالاکەکان لە سووریا دەکەین. داوایان لێدەکەین ڕۆڵێکی ئەرێنی و چالاک لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ، پشتیوانی گەلی سووریا و نزیککردنەوەی دیدی پێکهاتەکان بگێڕن. پێویستە ئەم ڕۆڵە بۆ پاراستنی ئاساییش و ڕێگرتن لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری سووریا بێت.[1]