ناونیشانی بابەت: شوێنەواری قەڵای خانزادی میری سۆران لە چیای هەریر
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، #خانزادی میری سۆران#، زیاتر لە سێ سەدە لەمەوبەر لە سنووری قەزای #هەریر# تا دەوروبەری شاری #هەولێر# فەرمانڕەوایی کردووە، بەمەش تا ئێستا شوێنەواری قەڵا و کۆشک و شوورای لە زۆر شوێنی ناوچەکەدا ماون، یەکێک لەو قەڵایانەش، کەوتووەتە بەرزاییەکانی چیای هەریر.
سۆزدار ئەحمەد، چالاکوانی شاخەوانی، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: لە ئەنجامی گەڕان لە شاخ و کێوەکاندا، چەندین ئەشکەوت و ناوچەی مێژوویی و شوێنەوارییم بەرچاو کەوتوون، یەکێک لەوانە، شوێنەواری مێژوویی قەڵای خانزادە، ئەم قەڵایە بە دووریی زیاتر لە سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی قەزای هەریر، زیاتر لە 1000 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، قەڵاکە لە بەرزایی زیاتر لە 400م لە ئاستی دەوروبەریدا، لەسەر لوتکە شاخێک لە چیای هەریر دروست کراوە، دوای تێپەڕبوونی چەندین سەدە، تا ئێستا شوێنەواری قەڵاکە ماوە.
دەشڵێت: بەهۆی بوونی ناوچەی شاخاوی، سەرکەوتن بۆ گەیشتن بەم قەڵایە سەخت و ئاستەمە، کە لە بەشی باشووردا رێگایەک لە دامێنی چیاکە بۆ سەر قەڵا بە شێوەی پێچاوپێچ سەر دەکەوێت، لە هەندێ شوێندا دیوارەکانی قەڵا وەک خۆیان ماونەتەوە، هەروەها شوورایەکی درێژ بەدەوری قەڵاکە بەدرێژایی نزیکەی سێ کیلۆمەتر و پانییەکەی نیو مەتر دەبێت، لە قسڵ و گەچ دروست کراوە، بەمەبەستی پاراستن و پارێزگاریکردن لە قەڵاکە.
لە دەوربەری قەڵاکە شوێنی پارێزگاریکردن، هەروەها چەند بیرێک لە شاخ هەڵکەندراون، وەک کۆگایەک بۆ گلدانەوەی ئاو، هەروەها لە هەندێک شوێن پەیژەی بەردین دروست کراون، بەڵام زۆربەیان ڕووخاون و یەک رێگا بۆ قەڵاکە دەچێت. قەڵاکە لە دوو نهۆم پێک هاتووە، وەک سەرچاوە مێژوویەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، قەڵاکە شوێنی خانزادی میری سۆران و میر سلێمانی برای خانزاد بووە لەو سەردەمدا.
خانزادی میری سۆران، یەکێک بووە لە فەرمەنڕەوا و میرەکانی بنەماڵەی #میرنشینی سۆران#، لە ماوەی کۆتایییەکانی سەدەی شازدە و سەرەتاکانی سەدەی حەڤدە، دەستەڵاتی گرتووەتە دەست و زیاتریش لە سنووری هەریر تا #شەقڵاوە# و دەوروبەری هەولێر فەرمانڕوایی کردووە، بەمەش شوێنەواری چەند قەڵایەکی تائێستا ماونەتەوە، یەکێک لە قەڵاکانی بە دووریی 22 کیلۆمەتر لە شاری هەولێرەوە دوورە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، لەسەر شێوەی خۆی نۆژەن کراوەتەوە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!