ناونیشانی بابەت: گەرمیان... کاری کنە و پشکنین بۆ ناوچەی شوێنەواری گاورتەپە ئەنجام دەدرێت
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
لەلایەن تیمێکی ئیتالی و بە ھاوکاریی شوێنەواری گەرمیان، وەرزی یەکەمی کاری کنە و پشکنین بۆ ناوچەی شوێنەواری گاورتەپە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ئەنجام درا.
محەمەد شوێنەوارناس، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری #گەرمیان# بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: شوێنەواری گاورتەپە کەوتووەتە ناحیەی قۆرەتوو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، کە لە شێوەی گردێکە و خاوەنی مێژوو و گرنگیی خۆیەتی لە ڕووی شوێنەوارەوە.
گوتیشی: دوای ئەوەی بڕیار لەسەر ئەنجامدانی کاری کنە و پشکنین بۆ گردەکە درا، تیمێکی زانکۆی بوڵونیای ئیتالی و ڕێکخراوی میساک، بە ھاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان، وەرزی یەکەمی کنە و پشکنینی بۆ ئەنجام درا، کە بەپێی دەرەنجامە سەرەتاییەکان مێژووی گردەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمەکانی ساسانی و دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام.
باسی لەوەش کرد: گرنگترین چینەکانی ئەو گردە، لەخۆگرتنی کۆشکێکی قەبارە گەورەیە، کە پێمان وایە لە وەرزەکانی دیکەی کنە و پشکنین و کارکرن تێیدا، وردەکاری و زانیاریی دیکەمان دەست دەکەوێت و مێژووی شوێنەواری ناوچەکەمانی پێ دەوڵەمەند دەبێت.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!