ناونیشانی بابەت: خەڵکی شاری سلێمانی زیاتر حەزیان لە فیلمی هندی بوو، بەتایبەت فیلمی (سەنگام)
ئامادەکردنی: #یادگار چاوشین#
بۆ گەڕانەوە بۆ مێژووی دروستبوونی (#سینەما ڕەشید#) و بیرەوەرییەکانی ئەوکاتی بینەر، (باسکورد) دیدارێکی لەگەڵ (عومەر شەریف) یەکەم بلیتبڕ لە سینەما رەشید ساز کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ”کەسی وا هەبووە نەک یەک جار، سێ جار هاتووەتەوە بۆ هەمان فیلم و سەیری کردووە.“
(باسکورد): دەکرێت بمانبەیتەوە بۆ دەستپێکی کارکردن لە سینەما ڕەشیدی #سلێمانی#؟
عومەر شەریف: من لە سلێمانی لەدایک بووم، لە گەڕەکی #سەرکارێز#، لە ساڵی شەستەکانەوە من وەک شاگرد ئیشم کردووە لە سینەما ڕەشید.
(باسکورد): کێ بوون ئەوانەی سینەما ڕەشیدیان دامەزراند؟
عومەر شەریف: خاوەنی سینەما ڕەشید سێ بازرگانی دەوڵەمەندی شاری سلێمانی بوون، ماڵی ساڵحی ڕەشە، لە باوکیانەوە بۆیان ماوەتەوە (عەلی فەنی، مەحموود فەنی، محەمەد فەنی) ئێستا نەوەکانیان ماون و سەرپەرشتیی موڵکەکانیان دەکەن.
(باسکورد): تۆ چۆن چوویتە سینەما ڕەشید و لەوێ کارت کرد؟
عومەر شەریف: لەسەرەتای ساڵی حەفتاکان، هەندێ لە شاگردەکانی سینەما ڕەشید چوون بۆ #سینەما دڵشاد#، بۆیە منیش چوومە شوێنی ئەو شاگردانە. من بلیتم دەفرۆشت، هونەری حەمە عەلی بلیتی دەگەڕاند، ئێستا کاک هونەر نەخۆشە و لە ماڵەوەیە، چەند کوڕێکی دیکەی لێ بوو ناویان فەوزی، نووری خورشە، ئەحمەدی وەستاعومەر بوو.
(باسکورد): نرخی بلیت چەند بوو؟
عومەر شەریف: دوو سێ جۆر نرخی بلیت هەبوو، چل فلسی و حەفتا و پێنج فلسی و نەوەد فلسی هەبوو، کەسێک پەنجا فلسی دەداینێ، دە فلسمان وەک باقی دەدایەوە، یاسای حکوومەت وابوو، حکوومەت ئەو نرخانەی دادەنا.
(باسکورد): کێ فیلمەکانی دەهێنا بۆ سینەما؟ دەکڕدرا یان بە کرێ بوو؟
عومەر شەریف: کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورە هەبوون لە بەغدا، خوا لێخۆشبوو کاک (ئەکرەم سەعید ڕەزا) لەگەڵ کاک (عەزیز)، کە ئێستا لە ژیاندا ماوە، ئەمان بەڕێوەبەری ئەفلام بوون، ئەچوون بۆ بەغدا لە کۆمپانیاکان ئەیانهێنا بۆ سلێمانی، کۆمپانیای (ئیسماعیل شەریف- حازم- ئیخوان)، کە زۆربەی فیلمەکان هی کۆمپانیای ئیسماعیل شەریف بوون، لەوێ لیستی فلیمەکانی لابوو ( ئیتاڵی، هندی) نرخەکەیان پێ دەگوتن و ئیدی گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیاکە واژوو دەکرد و فیلمەکەیان دەهێنا، کە ئەگەیشتە دەست ئێمە، پێشەکیمان دادەنا و عەرزمان دەکرد، بۆ ئەوەی خەڵک بیبینێ، ڕێکلاممان بۆ دەکرد، دواتر کاتەکەی دیاری دەکرا، کە لە کام ڕۆژ و کاتژمێرەدا لە سینەما پەخش دەکرێت.
(باسکورد): باسدەکرێ، کە خەڵک هەبووە چەند جارێک بۆ بینینی یەک فیلم هاتووە؟
عومەر شەریف: کەسی وا هەبووە نەک یەک جار، سێ جار هاتووەتەوە بۆ هەمان فیلم و سەیری کردووە.
(باسکورد): بینەری ئەوکاتەی سینەما کێ بوون؟
عومەر شەریف: ئەوکات خەڵک زۆر دەهاتن بۆ سینەما، تەناتەت خێزانەکان، هەرچەندە شار بچووک بوو، لە گەڕەکی عەقاری بۆ خوارەوە ئاوەدانی نەبوو، خەڵکی شارەکە حەزیان لە فیلمی هیندی بوو، بەتایبەت فیلمی (سەنگام)، ئەو ڕۆژانەی فلیمی هیندی ئیشی دەکرد، خەڵک زۆر دەهات و قەرەباڵغ بوو و بینەری فیلمی عەسابات بوون، ئێواران کاسبکاران دەهاتن بۆ سینەما، مەکینەچیمان هەبوو، حەمەی وەستا عەلیی دەلاک، زۆر شارەزا بوو، مەکینەچییەکی دیکەمان هەبوو ناوی وەلی بوو، ئیشی پێ دەکرد و هەر کێشەیەک بوایە حەمەی وەستا عەلی چاکی دەکرد، مەحموود کەچەڵیشمان لەگەڵ بوو، سینەمای پاک دەکردەوە، ئیشی کەنناسی دەکرد، مووچەمان پازدە دینار بوو، هەبوو بیست دیناری هەبوو، من پازدە دینارم هەبوو و لە ئیشەکەمدا پیاوەتی هەبوو، برادەری خۆمان بێ بلیت ئەکرده ژوورەوە.
(باسکورد): کاتی نمایشی فیلمەکان کەی و چۆن بوو؟
عومەر شەریف: سینەما دوو کات ئیشی دەکرد (عەسران و شەوان) عەسران: لە کاتژمێر 4 بۆ 6، شەوان: لە کاتژمێر 8 بۆ10. دواتر بارودۆخ گۆڕا، بەیانییانیش ئیشمان پێ دەکرد، پێشتریش سینەمای گۆیژە هەبوو لە بازاڕی عەسری دانرابوو، سەرەوەی بەتاڵ بوو، پێیان دەگوت سەیفی، که سەری نەگیرابوو، لە کەرکووکیش هەبوو. دواتر یەکەم سینەما (سینەما ڕەشید) دروست کرا، دووەم سینەما (#سینەما سیروان#) دروست کرا، سێیەم سینەما (#سینەما دڵشاد#) دروست کرا. ئێمە بەنیازی ئەوە نەبووین هەتا کۆتایی تەمەنمان شاگرد بین، بۆیە خۆمان له فەرمانگەی میری دامەزراند. ئیدی دوای ئێمە هونەرمەندی کۆچکردوو #حەمەی نێرگز# وەک بلیتبڕ هات بۆ سینەما.
ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی خەڵک زیاتر سەردانی سینەمای دەکرد، ئەو فیلمانە، کە لەدەرەوەی وڵات دەهاتن بۆ بەغدا، دەبران بۆ وەزارەتی ڕاگەیاندن و لێژنەیەک هەبوو سەیری فیلمەکەیان دەکرد، لێژنەکە نوێنەری (ئەوقاف و لاوان و ژنان)ی تیابوو، کە دیمەنی نەشیاو لە فیلمەکەدا هەبوایە بە قسەی نوێنەری ئەوقاف لایان دەبرد، یان جاری وابووە شتی سیاسی تیابوو، لایان دەبرد، فیلمی تورکییش هەبوو، کابرای بازرگان دەیهێنا، پارچە پارچەی فیلمی نەشیاوەکانیان دەکڕییەوە لە لێژنەکە و ئەویش دەیدا بە پارە بە سینەماکان، بەڵام بۆ ڕیکلام و بۆ یەکجار بوو ئەویش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەر، نەماندەوێرا یەک جار زیاتر پەخشی بکەین بۆ رێکلام، واتا ئەو فیلمانە چاودێرییان لەسەر بوو، نەک بە هەڕەمەکی هاتبن بۆ سلێمانی و شارەکانی دیکەی عێراق.
(باسکورد): ئێستا دۆخی سینەماکان چۆنە؟
عومەر شەریف: ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا باوی سینەماکان نەماوە، هەموو ماڵێک سینەمای تیادایە و تەلەڤزیۆنی پێشکەوتوو هەیە و خەتی ئەنتەرنێت هەیە، دەتوانرێت دووبارە تەماشای فیلمە کۆنەکان بکرێتەوە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!