ناونیشانی بابەت: #خەلیل سەدیقی# ، گەرووی زێڕینی مهاباد.. ناوێکی ون و شاکاری زۆری هونەری
ئامادەکردنی: #عەزیز مورادی#
#مەهاباد#، یەکێکە لە شارە گرنگەکانی رۆژهەڵاتی #کوردستان#، شاری بەرخۆدان و ئازایەتی، شاری هونەر و رەسەنایەتی. لەم شارە قارەمانی و بەرخۆدان تێکەڵی شیعر و گۆرانی بووە. ئەم شارە، نیشتمانی پێشەوا #قازی محەمەد# و قارەمانیەکانی ژەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی#یە. لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە؛ هەژار و هێمن شیعر و هۆنراوەیان لێ دەچۆڕێ، تا #ماملێ# و خەلیل سەدیقی پڕ بە زاریان بۆ خاک و وڵات بچریکێنن.
کاتێک باسی دەنگخۆشیی هونەرمەندانی شاری مەهاباد دەکرێت، محەمەدی ماملێ و #عەزیز شارۆخ#؛ دوو هونەرمەندی ئاشنا و ناسراون، بەڵام خەلیلی سدیقی، کە هاوڕێی ئەم دوو هونەرمەندە بووە و لەو سەردەمەدا دەستی بە چڕین کردووە، ناوێکی نائاشنایە. خەلیل سدیقی، هاوسەردەم و هاوڕێی عەلی مەردان، حەسەن زیرەک و ماملێ بووە و خاوەن دەنگێکی رەسەن و ناوازەیە، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر، وەک پێویست نەناسراوە.
هونەرمەند خەلیلی سدیقی، کوڕی حاجی محەمەد سدیقی سابڵاغی، لە ساڵی 1930 لە شاری مهاباد لەدایک بووە. خوێندنی بنەڕەتی لەو شارە تەواو کردووە و بەهۆی خۆشەویستی و خولیای بۆ سروشت و ژیانی لادێ، بەشێک لە ژیانی منداڵی لە گوندی تازەقەڵا بەسەر بردووە. شیعرەکانی وەفایی، هەردی و گۆران هاندەری دەبن بۆ چڕین و گۆرانی گوتن. خۆشەویستیی بۆ خاتوونێک بەناو فاتیمە وا دەکات شیعری چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتیمەی ئەحمەد هەردی، بکاتە ئاواز و پڕ بە زاری بۆ فاتیمەی خۆشەویست و ئەوینداری بچریکێنێت.
خەلیل سدیقی لە تەمەنی 22 ساڵان لەگەڵ ئەو فاتیمەیەی گۆرانیی بۆ چڕیوە، ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنێ و چونکە سەر بە ماڵباتێکی دەوڵەمەند و ناسراوی مهاباد بووە، هەمیشە لەلایەن کەسوکارییەوە داوای لێ کراوە دەستەبەرداری گۆرانی چڕین بێ و وەکوو خان و خانزادە هەڵسوکەوت بکات، بەڵام ئەوەی بەلای خەلیلەوە گرنگ بووە، گۆرانی و چڕین بووە نەک ماڵ و موڵک.
ئەم هونەرمەندە لە رادیۆی مهاباد ژمارەیەک گۆرانیی وەکوو (خۆشە گەرمێن، دەمێک ساقی، شیرەکەم لێدەرژێ و لانکۆڵێ) تۆمار و بڵاو دەکاتەوە.
ە ساڵی 1954 خەلیلی سدیقی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سەربازی دەچێتە سنە و هەر لەوێ لەگەڵ ئۆرکێستێرای رادیۆی سنە ئاشنا دەبێ و گۆرانیی (بووک مریەم) تۆمار دەکات. دواتر بە هاوکاریی حەسەنی کامکار، باوکی گرووپی کامکاران و تیپی مۆسیقای ئەرتەش؛ گۆرانیی ( بەرهەڵبێنە)، (لانکۆڵێ) و (فاتیمە) دەچڕێتەوە.
جیا لەو گۆرانییانەی لەناو رادیۆی تاران، مەهاباد، #سنە# و #کرماشان# تۆمار کراون؛ ژمارەیەکی دیکەی گۆرانی لەم هونەرمەندە لەناو کۆڕ و کۆبوونەوەی هاوڕێیان و هەوادارانی تۆمار و بڵاو کراونەتەوە، کە ناسراوترینیان بریتین لە: (قەتار، دە مەگری مەگری، ئەو چاوانەی وا خوماری نازن، ئایشیلێ نازەنینێ و ئەژدیهاک)ن. گۆرانیی ئەژدیهاک گۆرانییەکی سیاسییە و دژ بە حکوومەتی پەلەویی ئەو سەردەمە گوتراوە.
خەلیل سدیقی لەلایەن دەزگای سیخوڕیی شای ئێران فشاری دەکەوێتە سەر و هەڵدێ بۆ شاری #سلێمانی#، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە سلێمانی دەمێنێتەوە و دەچێتە لای ژەنەراڵ مستەفای بارزانی، رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان. مستەفا بارزانی، #جەمال رەفعەت# رادەسپێرێ کە چاوی بە خەلیل و هاوڕێکانی بێ و ماڵیان بۆ دابین بکات و هەموو جۆرە یارمەتییەکیان بدات.
خەلیل سدیقی یەکێک لەو هونەرمەندانەی کە زیاترین سەردانی تاران و رادیۆی تارانی لەو سەردەمەدا کردووە. ئەم هونەرمەندە هاوڕێیەتییەکی گەرموگوڕی لەگەڵ دوو ژنە هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی، (دڵکەش) و (پووران) هەبوو. (دڵکەش)ی هونەرمەند، بە بیستنی گۆرانیی (ئایشیلێ نازەنینێ)ی خەلیل سدیقی لەسەر ئەو ئاوازە، گۆرانیی (جام طلا) دەچڕێ کە یەکێکە لە شاکارەکانی گۆرانیی کلاسیکیی فارسی.
خەلیل سدیقی ساڵی 1969 لە تەمەنی 39 ساڵان، دوای ماوەیەک دەستەویەخەبوونی لەگەڵ نەخۆشی، بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە جیهانی شیعر و گۆرانی دەکات و تەرمەکەی بە ئامادەبوونی خەڵکی مهاباد لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی ئەو شارە دەنێژرێ. ماڵبات و بەشێک لە لایەنگرانی ئەم هونەرمەندە پێیان وایە؛ خەلیل سدیقی لەلایەن دەزگای سیخوڕیی پاشایەتیی ئێران ناسراو بە (ساواک) دەرمانخوارد و جوانەمەرگ کراوە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!