ناونیشانی بابەت: ساڵیادی هونەرمەند زرار محەمەد، دامەزرێنەری تیپی پاشای گەورە دەکرێتەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
یادی هونەرمەندی کۆچکردوو #زرار محەمەد#، دامەزرێنەری #تیپی مۆسیقایی پاشای گەورە# و هونەرمەندی دیاری #ڕواندز# و #کوردستان# دەکرێتەوە، کە ساڵانە وەکوو ڕێزگرتنێک لە هونەرەکەی، لەلایەن بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکە و هونەرمەندان و دۆست و هاوڕێیانی بە دانانی تاجە گوڵینە و میوزیک و سرودی کوردی یادەکەی بەرز ڕادەگیرێت.
هونەرمەند زرار محەممەد مستەفا، لە ساڵی 1938 لە شاری ڕواندز لەدایک بووە، دامەزرێنەری تیپی مۆسیقایی پاشای گەورە بووە، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنی و دەرچوونی ئامادەیی مامۆستایان، هەر لە تەمەنی گەنجیەتییەوە خولیای بواری هونەر دەبێت، بە تاییبەتیش هونەری (مۆسیقا، شێوەکاری، خۆشنووسی) لە ساڵی 1977 دەبێتە سەرۆکی لقی ڕواندزی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی، لە ساڵی 1978 تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی ڕواندز دادەمەزرێنێت، هەروەها لەساڵی 1982 دەبێتە ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی عێڕاق.
مامۆستا زرار محەمەد، بە درێژایی تەمەنی بایەخی زۆری بە هونەر و مۆسیقای ڕەسەنی کوردی داوە، بە تایبەتیش لە تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، توانی بە کردنەوەی خولی فێرکردنی مۆسیقا بۆ منداڵ و مێردمنداڵانی شارەکە، چەندان قوتابی لە بواری گۆرانی و میوزیک پێبگەیەنێت و بە شێوەی کردار بسەلمێنێت کە دانیشتوانی دەڤەری ڕواندز و دەوروبەر، لە بواری هونەریشدا هیچیان لە خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان کەمتر نییە، بەڵکوو ناوبانگی زۆری لە ناوخۆی و دەرەوەش پەیدا کرد.
هونەرمەند زرار محەممەد مستەفا، جگە لە بواری ئاوازدانان و گۆرانی و موسیقا، لە دەیان شانۆی کوردی وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بەشداری کردووە، لەگەڵ چەندان کاری تابلۆی خۆشنووسی و وێنەکێشان، لەگەڵ ئەوەشدا لەساڵی 2013 پەرتوکێکی بەناونیشانی هونەر لە ڕواندز بە چاپ گەیاندووە، بەرهەمی دیکەشی لە بەرنامە و پلاندا هەبووە، بەڵام بەهۆی تەمەنی بەسەرچووی و تێکچوونی باری تەندروستی نەیتوانیوە چیتر کاریان لەسەر بکات و بە چاپنەکراوی ماونەتەوە.
دوای زیاتر لە نیو سەدە خزمەتکردنی بە بواری هونەر و شانۆ و مۆسیقا، لە #07-12-2024#، دڵە گەورەکەی لە لە لێدان دەکەوێت و لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی شاری ڕواندز بەخاک دەسپێردرێت، ساڵانە وەک ڕێزگرتنێک لەلایەن بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکە و هونەرمەندان و دۆست و هاوڕێیانی بە دانانی تاجەگوڵینە و میوزیک و سروودی کوردی، یادەکەی دەکرێتەوە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!