نوێنەری مەسەدە لە واشنتن دەڵێت: تورکیا دەیەوێت ئەو دۆخەی ئێستا لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا هەیە، بقۆزێتەوە. بەڵام دەشڵێت، ئەمریکا لە هەوڵدایە کە شەڕ لە سووریا ڕوونەدات.
سینەم محەمەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی ڕووداو، وتی: دەمانەوێت وەکوو هەموو سووریا لە ناوچەکەی ئێمەش شەڕ نەبێت.. دەمانەوێت ئاگربەستەکەی ئەمریکا درێژ بکرێتەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕۆژی سێشەممە هۆشداریی ئەوەی دا کە تورکیا و هێزە نزیکەکانی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر #کۆبانێ# ئامادە دەکەن.
لەو بارەیەوە، سینەم محەمەد ڕایگەیاند، تورکیا دەیەوێت هێرشی سەر هەموو ڕۆژاوای کوردستان بکات نەوەک بەتەنیا کۆبانێ. هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر تورکیا هێرشەکەی بکات، ئەوا سەرجەم خەڵک و پێکهاتەکان زیانمەند دەبن.
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن پێیوایە، ئەردۆغان دەیەوێت بۆشایی نێوان سەرۆکایەتی ترەمپ و بایدن بقۆزێتەوە. بەڵام دەشڵێت: ترەمپ دەتوانێت ئەردۆغان ڕابگرێت.. ترەمپ نایەوێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی شەڕ و ئاڵۆزی هەبێت.
سینەم محەمەد جەختی لە گوتەکانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە کردەوە کە ئەمڕۆ لە پۆستێکی ئێکسدا پێشنیازی درووستکردنی ناوچەیەکی ئارامی لە کۆبانێ کرد: ناوچەی لە چەک داماڵدراو دەبێت لەژێر چاودێریی ئەمریکادا بێت.
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن پێیوایە، باشتر وایە کورد بە یەکدەنگی بچنە دیمەشق بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا لە دوای ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.
هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ سینەم محەمەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن
ڕووداو: ئەمشەو چەندین بۆچوونی بەرپرسانی ئەمریکیمان بیست، بەڵام هیچ شتێکی ڕوون تێدا نەبوو سەبارەت بە پرسی پاراستنی ڕۆژاڤای کوردستان. بە بڕوای تۆ، ئەمریکا ڕۆژاڤای کوردستان لە هێرشەکانی تورکیا دەپارێزێت؟
سینەم محەمەد: وەکوو دەزانن دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و ڕژێمی بەعس، شەڕێک لەلایەن چەتەکانی سەربە تورکیاوە لە منبج ڕوویدا، هەروەها ئێستا لەسەر بەنداوی تشرین ڕوودەدات. بێگومان، ئەو شەڕە بە هاوکاری تورکەکان دەکرێت. لەم دۆخەدا، هەمووتان دەزانن ئەم دۆخە لەنێوان دوو ئیدارەدایە، ئیدارەی نوێی ترەمپ کە هێشتا دەستیپێنەکردووە و، ئیدارەی ئێستای بایدن کە ماوەیەکی کورتی ماوە بۆ دەرچوون لە دەسەڵات، بۆیە ئیدارەی نوێ یان ئیدارەی بایدن ناتوانن هیچ بڕیارێکی زیاتر بدەن. بەو هۆیەشەوە، هەوڵەکانیان ئەوەیە کە ئەم شەڕە ڕابگیرێت. نایانەوێت ئێستا شەڕێک ڕووبدات. بینیمان لە سەرتاسەری سووریا، ئێستا ئاگربەست هەیە، شەڕ نییە، بۆیە ئێمەش وەک خەڵکی خۆسەری دیموکرات، خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەمانەوێت شەڕ ڕابوەستێت. هیوامان بە بنیاتنانەوەیەک هەیە بۆ سووریا. بەڵام تاوەکوو ئێستا تورکیا سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر کورد، بە ڕاستی ئەمریکا بە تووندی هەوڵی زۆر گەورە دەدات، لەنێوان ئێمە و تورکیا و گرووپە چەکدارەکان، هەوڵی زۆری ئەمریکا هەیە، ئەوان لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە لەسەر ئەو هەوڵە وەستاون و دەیانەوێت هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات و خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بکەن، کە هیچ کات شەڕ ڕوونەدات و ئاگربەست بکرێت. بینیمان کە وەزارەتی دەرەوە گوتوویەتی، ئێمە ئێستا ئاگربەستێک دەکەین، تاوەکوو کۆتایی ئەم هەفتەیە. ئەوەش تاوەکوو ئێستا باشە، بەڵام دەمانەوێت ئەو ئاگربەستە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە لایەکی دیکە، لایەنی سیاسی، بنیاتنانی سووریایەکی نوێ، لەگەڵ هەموو خەڵکی سووریا دەستپێبکەین. ئێمە ئەوەمان دەوێت، بەڵام بەداخەوە تورکیا دەیەوێت ئاڕاستەی شەڕمان پێبکات، بەڵام بە ڕاستی ئەمە زۆر خراپە، نەک تەنیا بۆ کورد، نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکوو بۆ هەموو هاووڵاتییانی کە لە ناوچەکەدا دەژین.
ڕووداو: ئیلهام ئەحمەد نامەیەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ ناردووە. لە نامەکەیدا تایبەت لەسەر ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ وەستاوە یان داواکاریی دیکەشی تێدایە؟ دەتوانیت هەندێک وردەکاریی ئەو نامەیە زیاد بکەیت و بڵێیت؟
سینەم محەمەد: ڕاستە، نامە چوو بۆ سەرۆک ترەمپ، بەڵام من وتم، هێشتا دەستی بە دەسەڵات یان حکومەتەکەی نەکردووە. بەڵام ترەمپ دەتوانێت کاریگەرییەکی باش لەسەر ئەردۆغان درووست بکات، لەبەر ئەوەی پێشتریش پەیوەندی لەگەڵیدا هەبووە. بەڕێز ئیلهام ئەحمەد دەیویست ئەو پەیوەندییانەی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان بەکاربهێنێت، تاوەکوو ئێستا ئەو ئاگرە ڕابوەستێت، ئەو شەڕە ڕابوەستێت. ئیدی کاتێک ترەمپ دێتە سەر دەسەڵات، ئەو کاتە هەموو شتێک ئارام دەبێت. ئێمە نامانەوێت کاتێک ترەمپ دێتە سەر دەسەڵاتی خۆی و ببینێت کە لە ناوچەیەک شەڕ هەیە، لە ناوچەیەک ئاڵۆزی هەیە. لە ناوەرۆکدا گوتوویەتی، ئێمە دەمانەوێت ئەم شەڕە ڕابوەستێت، و ترەمپیش بتوانێت زەخت لەسەر ئەردۆغان درووست بکات، تاوەکوو ئەو شەڕە ڕابوەستێت، ئەو کاتە ئارامییەک لە هەموو سووریا دەبێت، وەکوو ئەوەی ترەمپ دەیویست، هەردەم ترەمپ دەیویست و دەیوت، من ئارامییەک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکدەهێنم، لەبەر ئەوەش خواستی ئێمە ئەوە بوو.
ڕووداو: دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ کاتێک دێتە سەر دەسەڵات لە ئەمریکا، بە بڕوای ئێوە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە سووریا دەهێڵێتەوە؟
سینەم محەمەد: تاوەکوو ئێستا دەیانهێڵێتەوە، بەڵام کاتێک ترەمپ دێت، بەڕاستی دیار نییە. دیار نییە کە دەیانهێڵێتەوە یان نا. ئەمەش پەیوەستە بەو تیمەی لەگەڵ ترەمپە و چۆن دەتوانن ڕازیی بکەن. ترەمپ نایەوێت بچێتە شوێنێک کە شەڕ و ئاڵۆزی تێدا هەبێت، جارێک گوتوویەتی کە هیچ بەرژەوەندییەکمان لە سووریا نییە. بەڵام ئێستا من دەبینم و پێشبینی دەکەم، ترەمپ دەمێنێتەوە تاوەکوو ئارامییەک لە هەموو سووریا دەبێت، چونکە تیمەکەی لەگەڵی، وەکوو نموونە، وەزیری دەرەوەی دیاریکراو، زۆر پشتگیری کوردان و زۆر پشتگیری ئەوە دەکات کە ئارامی لە سووریا ببێت، پشتگیری هەسەدەش دەکات. هەروەها ئەو کەسەی کە لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانی دانراوە، پێگەکەی زۆر گرنگە و پێشتر ئەندامی کۆنگرێس بووە و زۆر پشتگیری کوردی کردووە. ئەمە دەبینین کە ئەگەر هەردووکیان کاریگەرییەکی باشیان لەسەر ترەمپ هەبێت، پێموانییە ترەمپ پاشەکشە بکات، بەڵام هێشتا نازانین.
ڕووداو: لە کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئێستا کە هەڵبژێردراون، پشتیوانی بۆ ڕۆژاڤای کوردستان چۆنە؟
سینەم محەمەد: تاوەکوو ئێستا ئەندامانی کۆنگرێسی پێشوو و ئەوانەی تازە هاتوون، زۆربەیان، بە ڕاستی زۆر هەڵوێستێکی باشیان هەیە و یارمەتیی کورد دەدەن، ئێمە ئەوە دەبینین. هەندێک لەلای ئەنجوومەنی پیران و هەندێکیش لەلای نوێنەران. ئەندامانی هەردوو لایەن هەن، کە یارمەتیی کورد دەدەن و پشتیوانی کورد دەکەن. کاتێک دیدارەکانمان لەناو کۆنگرێس دەکرد، ئێمە ئەوەمان بینی. لەناو کۆنگرێس گرووپێکیش هەیە، ئێمە پێی دەڵێین گرووپی لایەنگری کورد لە کۆنگرێس. ئەویش هەیە. گرووپێکی گەورەیە، بچووک نییە، نزیکەی 50 ئەندامی هەبوون، هەموویان پشتیوانی پرسی گەلی کوردیان دەکرد. زۆرن، لەبەر ئەوەش دیدارەکانمان لەگەڵیان بەردەوام بوو، تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. سیناتۆری زۆریش هەن تاوەکوو ئێستا دیدارەکانمان لەگەڵیان بەردەوامە، ئەوانیش هەوڵدانیان هەیە، سیناتۆرێک لە لای ترەمپ و سیناتۆرێکیش لە لای بایدن، هەردووکیان هەوڵدانیان هەیە کە کاریگەریی لەسەر بایدن و لەسەر ترەمپ درووست بکەن، کە ئەو شەڕە ڕابگرن و بازرگانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تایبەتیی لەسەر کورد، پێویستە ڕابوەستێت. پەیامی هەموویان یەکە، پەیامێک دەدەن کە مرۆڤی کورد، یان هێزەکانی سووریای دیموکرات تاوەکوو ئێستا دەبێت لەگەڵمان یارمەتیدەر بن، لەگەڵمان یارمەتیدەر بوون کە شەڕی داعشمان کرد، بۆ ئەوەی داعش لەناو ببەین، ئەو کاتە پێویستە ئەو گەلە بە تەنیا نەهێڵین. ئەمە پەیامی ئەوانە تاوەکوو ئێستا.
ڕووداو: ئایا ئێستا ئەمریکا ئامادەیە هەمان ئەو پشتیوانییەی لە ڕووی سەربازییەوە دەیداتە هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە ڕووی سیاسیشەوە بیداتە ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات؟
سینەم محەمەد: لە ڕووی سیاسییەوە، ئێستا قۆناخێکی دیکەیە. چووینەتە قۆناخێکی نوێوە. دەبینین ئێستا سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بە ڕاستی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە شام هەیە، هەموو کەس دەزانێت ئەمانە کێن. ئێمەش بانگەوازمان کرد و وتمان، ئێمەش وەک کورد، یان وەک خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەموو کوردەکانی، عەرەبەکانی، سریانەکانی، کریستیانەکانی، بەشێکین لەو سووریایە. ئێمە لە سووریا جیا نین، بۆیە دەبێت بۆ داهاتووی سووریا، ئێمەش هەین، چۆن ئێمە -وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک کورد، وەک هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە -ڕۆڵێکی گەورەمان هەبوو، چۆن تیرۆری داعشمان لەناوبرد، ئێستا ئێمەش بەشێکین لەم سەرکەوتنەی کە دەڵێن ئێستا لە سووریا ڕوویداوە، ئێمە بەشێکی سەرەکین. بەو پێیەش پێویستە بەشێکی سەرەکی بین لە داهاتووی سووریا. چەندین ڕاگەیاندنی ئەمریکا هەبوون، دەیانگوت، لەمەودوا هەموو پێکهاتەکانی سووریا، وەک کورد، وەک دروزییەکان، وەک پێکهاتە ئایینییەکانی دیکە، پێویستە ڕۆڵیان لە داهاتووی سووریادا هەبێت. بانگەوازی ئەوان ئەمەیە. ئێمەش ئەمە دەخوازین.
ڕووداو: بۆ کورد چۆنە سینەم خان؟ تۆ دەڵێیت ئەمریکا دەڵێت بۆ کورد و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، بەتایبەت بۆ کورد، ڕوانگەی ئەمریکا چییە، میکانیزمی پشتگیری ئەمریکا بۆ کورد چییە؟ هەموو کورد پێکەوە و لایەنە سیاسییەکانی کورد بە یەک شاندی کوردی هەبێت، پشتگیری بدات و بە یەک شاند بچێتە دیمەشق و بچێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، یان پشتگیری تەنیا بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە؟
سینەم محەمەد: بۆ کورد، ئەمە شتێکی دیکەیە. بە بۆچوونی ئەمریکا کوردانی ڕۆژاوا هەموو یەکن، جیاوازییان نییە. کێشەی کورد لەسەر کورد دەمێنێتەوە، نەک لەسەر ئەمریکا. پێویستە ئێمە خۆمان ئامادە بکەین، یەک نامە، یەک پڕۆژە، یەک ڕوانگە، بچین بۆ ئەمریکا پێیان بڵێین، ئەمە پڕۆژەی ئێمەیە، ئەمە ڕوانگەی ئێمەیە، دەمانەوێت چارەنووسمان لە سووریای نوێ چۆن بێت. ئەمە لەسەر ئێمە دەمێنێتەوە. ئێمە کوردانی ڕۆژاوا لە ئێستاوە پێویستە دەستمان بخەینە ناو دەستی یەکتر، ئەگەر ئەنجوومەنی کوردی بێت... ئەگەر هەوڵەکانی ئەمریکا هەن بۆ دیالۆگی کوردی -کوردی جارێکی دیکە پێکبێت. بەڕاستی لەسەر ئەوەش کاری کرد. ئێمە ئەوە دەمانەوێت. ئێستا ڕەوش گۆڕاوە. ڕەوش وەک پێش ساڵێک نییە، ڕەوش وەک پێش 14 ساڵ نییە. ڕەوش ئێستا لە قۆناغێکی نوێدایە و پێویستە چارەنووسی کوردان دیاری بکات. ئێمەی کورد دەمانەوێت چی بۆ کوردان لە دەستووری نوێی سووریا هەبێت، پێویستە ئەمەش هەبێت. پێویستە لە دەستووری نوێی سووریا، مافی کوردان مسۆگەر بێت، ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. لەبەر ئەوە من ناتوانم تەنیا ئەو قسەیە بکەم، یان ئەنجوومەنی کوردی بە تەنیا ئەو قسەیە بکات، لەبەر ئەوە پێکەوە، هەموو کوردانی ئێمە، هەموو گەلی کورد و پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا، پێویستە ببنە یەک و بە یەک ڕوانگەوە بچنە دیمەشق.
ڕووداو: پێش ماوەیەک فەرماندەی گشتیی هەسەدە، مەزڵووم عەبدی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت ئەوان ئامادەن بۆ پێشنیازێک کە کۆبانێ ببێتە ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو بە سەرپەرشتی و ئامادەیی ئەمریکا. لەسەر ئەمە بۆچوونی تۆ چییە؟ بە بۆچوونی تۆ، ئەمریکا شتێکی وەها دەکات و هەنگاوێکی وەها دەنێت؟
سینەم محەمەد: بەپێی ئەوەی ڕوودەدات، هەمیشە هەڵوێستی تورکیا ئەوەیە کە شەڕ بکات، تورکیا هەمیشە دەیەوێت لەوێ هێرشێک بکات، نەک تەنیا کۆبانێ داگیر بکات، بەڵکوو هەموو خاکی سووریای خستووەتە بەرچاوی خۆی و دەڵێت من هەمووی دەگرم، هەمووی هیی منە. لەبەر ئەوە هەوڵدانی ئێمە هەیە کە میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە، بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە ڕۆژاوای کوردستان پێکەوە بژین، ئێمە ئەوە دەخوازین. لەبەر ئەوەش ئەو پێشنیازە لە فەرماندەی هەسەدە، بەڕێز مەزڵوم عەبدی هاتووە کە ئێمە ئامادەین کۆبانێ بێ چەک بکەین. بێ چەک بەو مانایە نایەت کە خەڵکی کۆبانێ بێ هێز بهێڵین، بێ چەک، دەبێت هێزەکانی ئەمریکاش لە کۆبانێ بمێننەوە وەکوو چاودێر تاوەکوو هیچ شتێک بەسەر خەڵکی کۆبانێ نەیەت. ئەمە یەکەم، ئەوی دیکەش ئاساییش هەیە، پۆلیسی ناوخۆ هەیە، واتە هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆ هەبن، بەڵام پێویستە بوونی ئەمریکا لەوێ هەبێت. ئەمەش پێشنیازێک بوو، لەبەر ئەوەی نامانەوێت شەڕ درووست ببێت. ئەمریکاش لەم لایەنەوە لەگەڵ ئێمەیە. بەڵام پێویستە ئەوانیش تورکیا ڕازی بکەن. من پێم وایە تاوەکوو ئێستا هەڵوێستی ئەمریکا زۆر کار دەکات کە ئەو شەڕە ڕوونەدات، لەبەر ئەوەی ئەوە لە بەرژەوەندی ئەمریکا نییە ئێستا کە شەڕێکی نوێ لە سووریا ڕوو بدات، ئەوان نایانەوێت.
ڕووداو: ئەگەر تورکیا هێرش بکات، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە بۆچوونی ئێوە، پێویستە هەڵوێستی دەستەی تەحریر شام چی بێت بەرانبەر تورکیا؟
سینەم محەمەد: دەستەی تەحریر شام، ئێستا لە شامە و وەکوو دەسەڵاتداری لێهاتووە، پێویستە گەلی سووریا و زەوی و خاکی سووریا بپارێزێت. پێویستە ئێستا هەڵوێستێکی هەبێت، بە تورکەکان بڵێت، ئیدی بەسە، ئێستا حکومەتێک دامەزراوە و حکومەتێکی کاتی درووستبووە، ئێمەش بەرپرسی خاکی سووریاین بەتەواوی، پێویستە ڕێگە نەدەین تورکیا بێتە نێو خاکی سووریاوە، پێویستە بەم شێوەیە بێت. ئێمە هیوا دەخوازین وابێت، بەڵام وەکوو دەزانن، حکومەتی ئێستای شام، کێشەی زۆری هەیە، کێشەی ئابووری هەیە، کێشەی ئاساییش هەیە، کێشەی چۆنییەتی بنیاتنانەوە هەیە، هێشتا تازە وەریگرتووە. پێویستە هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بن، لەگەڵ تورکەکان کار بکەن تاوەکوو ئەم شەڕە لە سووریا ڕابوەستێت و هیچ کاتێک شەڕ لەوێ ڕوونەدات. نە لە بەرژەوەندی ئەمریکایە و نە لە بەرژەوەندی ئەوروپایە و نە لە بەرژەوەندی دەوڵەتە عەرەبییەکانیشە کە تورکیا بێتە ناوەوە و پارچەیەک لە خاکی سووریا بگرێت. هەروەها هەڕەشەی تیرۆری داعش، تاوەکوو ئێستا هێشتا لە ناوەوە، لە حەسەکە، لە شارەکانی باکووری ڕۆژهەڵات هێشتا هەن. زیندانییەکانی داعش هێشتا هەن، 12 هەزار کەس هەن، لە کەمپی هۆڵ زیاتر لە 50 هەزار کەس هەن. ئەمانە چۆن دەکەن، ئەگەر هێرشێک ڕوویدا؟! ئەمە هەمووی مەترسییەک لەگەڵ خۆی دەهێنێت. لەبەر ئەوە کەس نایەوێت ئەو شەڕە ڕووبدات، لەبەر ئەوە هەوڵەکانی ئێستا هەن، هەم ئەورووپی و هەم ئەمریکی کە بتوانن ڕایبگرن.
ڕووداو: سەبارەت بە ناوخۆی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و گۆڕانی دەسەڵات، هیچ گۆڕانێک لە ڕوانگەی عەرەبە هاوپەیمانەکانتان لەنێو مەسەدە ڕوویداوە؟
سینەم محەمەد: دەتوانین بە شێوەیەکی گشتی بڵێین، ئەو عەرەبانەی تاوەکوو ئێستا لەنێو هەسەدە و لەنێو مەسەدەن، تاوەکوو ئێستا ڕوانگەکانیان بەردەوام و یەک ڕوانگەن، بەڵام ئەگەر لەسەر گرووپێکی بچووک لە دێرەزوور دەرچووبێت، ئەو گرووپە پێشتر هەمان گرووپ بوو کە دەیویست ئاڵۆزییەک لە ناوخۆی دێرەزوور درووست بکات و دەریبخەن کە ئەوان هەسەدە و مەسەدەیان لەوێ قبووڵ نەکردووە، دەستی دەرەکیش لە پشتیانەوە هەیە. هێزەکانی دیکەش هەن. ویستیان کێشە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا درووست بکەن. دەیانەوێت وەک فیتنەیەک لەنێوان گەلی کورد و عەرەب درووست بکەن. ئێمەش دەڵێین نەخێر. تاوەکوو ئێستا، 14 ساڵە پێکەوە کار دەکەین، عەرەب و کورد پێکەوە تیرۆری داعشیان ڕووخاند، پێکەوە خوێنیان داوە، بۆیە نابینین هەڵوێستێکی خراپ دەرکەوتبێت، هەموو هەڵوێستەکانیان تاوەکوو ئێستا پشتگیری پڕۆژەکە دەکەن. دەزانن ئێستا چی لە سووریا ڕوودەدات، دۆخی سووریا هێشتا ئارام نییە. هێشتا نازانین دۆخەکە لە داهاتوودا چۆن دەبێت. بەڵێ ئێستا هەموو کەس دڵخۆشە و ئەسەد ڕووخاوە، بەڵام بە ڕاستی تاوەکوو ئێستا داهاتووەکەی زۆر ڕوون نییە. ئێمەش دەزانین ئەو گرووپانەی هاتوونەتە شام تاوەکوو ئێستا لە لیستی تیرۆردان، خەڵکی زۆر و زۆر هێزی ئەورووپیش دەڵێن، بۆ درووستکردنی سووریایەکی نوێ، هەموو جەخت دەکەنەوە، پێویستە سووریایەکی نوێ درووست ببێت و هەموو پێکهاتە ئایینییەکانیش تێیدا هەبن. ئەوانیش سەیر دەکەن و چاودێری دەکەن، ئاخۆ کارەکانیان باش دەبێت؟! ئەو کات لە لیستەکە دەریاندەهێنن. ئەگەر بە ڕاستی بینییان شتی خراپی زۆر ڕوودەدات، پێموانییە باش بێت. من دەڵێم، ڕاگەیەنراوێک لە عەشیرەتە عەرەبەکانەوە دەرچوو بۆ هەمووان و هەڵوێستی خۆیان دیاریکرد، کە ئەوان تاوەکوو کۆتایی لەگەڵ هەسەدە و مەسەدە و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتن و بەردەوام دەبن و ئێمەش بەشێکین لە سووریا. هەڵوێستێکی زۆر ئەرێنی و باش بوو.[1]