#سەوسەن حەسەنزادە#، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان کە لە بەندی ژنانی #زیندانی ورمێ# ماوەی سزاکەی تێپەڕ دەکات، بە بڕیاری ئیتلاعات و بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە چەند جار هەوڵیان داوە لە بەندیخانەی ورمێ چاویان پێ بکەوێت بەڵام بەرپرسانی ئەم بەندیخانەیە و ئیتلاعات ڕێگرییان لێ کردوون و وەڵامی داواکارییەکەی بنەماڵەی حەسەنزادەیان نەداوەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: پاش ڕاگواستنی سەوسەن بۆ بەندیخانەی ورمێ، ناوبراو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و سەبارەت بە دۆخی لە بەندیخانەدا زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
لە ڕێکەوتی #03-12-2024#، سەوسەن حەسەنزادە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە بە بیانووی سکاڵا بانگی کەڵانتەری 11ی بۆکان کراوە و پاش چوون بۆ ئەم ناوەندە بۆ لقی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە ڕاگوێزراوە و بە بڕیاری دادوەری جێبەجێکاری سزاکان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزراوە.
سەوسەن حەسەنزادە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام لەلایەن لقی 101ی دادگای کەیفەری 2ی بۆکانەوە بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە و ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی #10-10-2024#، بە ناوبراو ڕاگەیەنرا.
ڕۆژی چوارشەممە #12-06-2024#، سەوسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.
ئەم وانەبێژی زمانی کوردییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرابوو.
سەوسەن حەسەنزادە، لە ڕۆژی #15-05-2024# بە توندوتیژییەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی #بۆکان#، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشینەی 17 ساڵ وانەوتنەوەی زمانی کوردیی لە شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریدا هەیە و لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.[1]