پەیمان محەمەد
مامۆستایەکی ئایینیی ڕۆژاوای کوردستان دەڵێت: دەبێت تۆڵەی هەموو ''شەهیدان'' و زیندانییانی کوردی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ڕووخێنراوی بەشار ئەسەد بکرێتەوە. وتیشی، ''کاتێک تۆڵە دەکرێتەوە کە مافی کورد لە حکومەتی نوێی سووریا وەربگیرێت.''
ئەمڕۆ چوارشەممە، #18-12-2024# ، مورشید خەزنەوی، کەسایەتی و مامۆستای ئایینیی ڕۆژاوای کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە دلبخوین دارا پێشکەشیکرد، لە ستۆدیۆکانی ڕووداوە وە لە هەولێر ڕایگەیاند، سبەی دەچێتەوە ڕۆژاوای کوردستان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران و کەسایەتییەکانی کورد گفتوگۆ دەکات.
ڕۆژی 8ی کانوونی دووەم، حکومەتی بەشار ئەسەد لەسەر دەستی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی ڕووخێندرا و دەستەکە حکومەتێکی ڕاگوزەری پێکهێنا. مورشید خەزنەوی وتی، ''دەبێت تۆڵەی هەموو شەهیدانی کورد بکرێتەوە، ئەو تۆڵەیە کاتێک دەکرێتەوە کە مافی کورد لە حکومەتی نوێی سووریادا دەستەبەر بکرێت''.
ئەو مامۆستا ئایینییە کە مەعشووق خەزنەویی باوکیشی لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە شەهید کراوە، وتی: ''قبووڵ ناکەین تۆڵەی شەهیدانی ئێمە لەسەر زەوی بمێنێتەوە و هەموو گوشارێک بۆ تۆڵەسەندنەوە دەکەین، ئەگەر پێویست بێت، دەچمە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندان دەکەم.''
بەوتەی مورشید خەزنەوی، گرنگ ئەوە نییە کە سەرکەوتوو دەبێت یان نا، ''گرنگ ئەوەیە کار بکەم و ئەو ئەرکەی لەلایەن هەزاران خەڵکی خۆمان بۆ تۆڵەی شەهیدان پێم بەخشراوە، هەوڵی بۆ بدەم.''
ئەو مامۆستا ئایینییە جەختی لەوە کردەوە، هەوڵەکانی بۆ دەستەبەرکردنی مافی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و ''تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان''، پەیوەندی بە وەرگرتنی هیچ پلە و پۆستێکی حکومی نییە، ''لە سووریای نوێدا ئەگەر مورشید خەزنەوی، پۆستێک وەربگرێت، چ وەزیر، موفتی، یان سەرۆکی شارەوانی، وەرن و لێپرسینەوەم لەگەڵدا بکەن. ئەگەر پێشنیازی وەرگرتنی پۆستێکیشم بۆ بکرێت، بەڵێن دەدەم بە گەلی ڕۆژاوای کوردستان، ڕەتیبکەمەوە.''
شاندێکی فەرەنسی -ئەمریکی لە ڕۆژاوای کوردستان بوون و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بە مەبەستی دانووستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و بەتایبەتیی ڕۆژاوای کوردستان، بچنە دیمەشق.
مورشید خەزنەوی وتی: ''ئەگەر ئەم شاندە بە مەبەستی خزمەتکردنی گەل و دوور لە بەرژەوەندی و یارییە سیاسییەکان پێکبهێنرێت، ئامادەم منیش تێیدا بەشدار بم و کێشەم لەگەڵیدا نابێت.''
ئەو مامۆستا ئایینییە لەبارەی ئەبوو محەمەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام وتی: ''من دەبینم کە توانیویێتی خۆی بگۆڕێت، بێگومان مێژووەکەی دەزانین کە چۆن لە ئەلقاعیدە دەربازی داعش بوو، لە داعش جیابووەوە و بوو بە ئەلقاعیدە، بەڵام ئەمڕۆ دیدگەی خۆی گۆڕیوە، توانیویێتی لەگەڵ ئەمریکا دانووستاندن بکات، لە کاتێکدا تاوەکوو ئێستاش خۆی و گرقوپەکەی لە لیستی تیرۆردان.''
مورشید خەزنەوی داوا لەلایەنە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەکات وەک چۆن جۆلانی توانیویێتی بگۆڕدرێت، ئەوانیش گۆڕانکاری بەسەر خۆیاندا بهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە کار بکەن و مافی کورد دەستەبەر بکەن.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نزیکەی 40٪ی خاکی سووریایان بەدەستەوەیە کە زۆرینەی لایەنە پێکهێنەرەکانی کوردن. ئەو مامۆستا ئایینییە پێیوایە، نابێت کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دەستبەرداری چەک و بەڕێوەبەری بێت، ''چونکە چەکیان لە دەستدا نەمێنێت، بێگومان هێزیان بۆ پرسی دانووستاندن کەم دەبێتەوە، کاتێک دانووستاندنەکان ئەنجامیان دەبێت کە چەکیان بەدەستەوە بێت.''
ئێستا مژاری گەرمی ڕۆژاوای کوردستان هەوڵی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان بە دیاریکراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (پەیەنەکە)یە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوانیان نەکراوە.
مورشید خەزنەوی وتی: ''بۆ دەستەبەرکردنی مافی گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، پێویستە لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوو بن، لەوانەیە لە ڕابردوودا ناکۆکیان هەبووبێت، بەڵام لە داهاتوودا ئەگەر (ڕێکنەکەوتن) و گەلی کورد لێیان کشانەوە، ئەو کات هیچ کەسێک نامێنێت، دەبنە بەڕێوەبەری کێ؟''.
بڕیارە ئەو مامۆستا ئایینییە سبەی بگەڕێتەوە شاری قامشلۆی ڕۆژاوای کوردستان و 20ی کانوونی یەکەمیش لە مزگەوتی شەهید مەعشووق خەزنەوی لە حلکۆی سەربە شارەکە، وتاری هەینی بێت.[1]