پەیمان محەمەد
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی ڕووداو داوا لە مەرجەعییەتی نەجەف دەکات کە بە بڕیارێکی ''هەقپەرستی'' کەرکووک بگەڕێننەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''کورد گەورەترین نەتەوەی جیهانە کە تاوەکوو ئێستاش لەسەر خاکی هەزاران ساڵەی دەچەوسێندرێتەوە''.
ئەمڕۆ شەممە، #21-12-2024# ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو بە هاوبەشیی ناوەندەکانی ''النبا، نارامسین و ڕیواق بەغدا'' دیدارێک بە ناونیشانی زنجیرە دیالۆگی پێکهاتەکانی ئێراق و هەرێمی کوردستان: دووەمین دیداری نەجەف -هەولێر لە شاری نەجەف بەڕێوەدەبات.
زنجیرە دیالۆگەکە بە وتاری ئاکۆ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی ڕووداو دەستی پێ کرد کە تێیدا باسی لە چەندین پرس کرد، لەوانەش پێویستی باشترکردنی پەیوەندییەکانی کورد و شیعە و گەڕاندنەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ئاکۆ محەمەد ڕایگەیاند: ''جێگەی دڵخۆشییە کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو دەتوانێت ئەمڕۆ (21-12-2024) بۆ جاری دووەم لە ساڵی 2019وە ئەم دیالۆگە ڕێکبخات''.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی ڕووداو دیدارەکەی بە گرنگ ناوبرد و وتی، ''ئێرە [نەجەف] شوێنی ڕادەربڕینی زۆرلێکراوانە. ئەم کۆبوونەوەیەش کۆنگرەیەکی فەرمی نییە، بەڵکوو کۆنگرە و کۆبوونەوەی دەستەبژێرێکی ئازادە کە هەموویان دەتوانن بەناوی خۆیانەوە نەوەک بە ناوی دەزگا و حیزبەکانیان بەئازادی لەسەر پەیوەندی کورد و شیعە بئاخڤن''
ئاکۆ محەمەد باسی لەوە کرد، ''کورد گەورەترین نەتەوەی جیهانە کە تاوەکوو ئێستاش لەسەر خاکی هەزاران ساڵەی دەچەوسێندرێتەوە و لە مافەکانی بێبەش دەکرێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی ڕووداو جەختی لەوە کردەوە کە ''دەبێت مەرجەعیەتی نەجەف دادپەروەری ڕابەری چەوساوەکان ئیمام حسێنی شەهید بەرانبەر کورد نیشانبدات.''
ئاکۆ محەمەد وتی، ''نەهێشتنی چەوسانەوە، زۆرلێکردن و ناهەقی کاری ئەوانەیە کە کار بۆ نەهێشتنی چەوسانەوە و زۆرداری دەکەن، ڕێبازی ئەهلی بەیت و ئیمام حسێن ئەوەیە. لەبەر ئەوە دەبێت شیعە بەر لە هەموو کەسێک پشتیوانی لە نەتەوەی کورد و کوردستان بکەن.''
''بە هەقپەرستی کەرکووک بگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان''
ئاکۆ محەمەد باسی لە بەعەرەبکردنی کەرکووک کرد و وتی، ''کەرکووک لە ساڵی 1961وە نێوەڕۆکی کێشەی کورد لە ئێراقدا پێکدەهێنێت. ئەگەر کێشەی کەرکووک چارەسەر نەبێت، کەواتە کێشەی کورد لە ئێراق چارەسەر نەبووە.''
بەڕێوبەری گشتیی تۆڕی میدیایی ڕووداو ئەوەشی خستە ڕوو کە ''ژمارەیەکی یەکجار زۆر عەرەب لە چەند کاتێکی جیاوازدا بە پێدانی پارەی زۆر و زەوی برانە کەرکووک. بەشێکی ئەو عەرەبانەیش شیعە بوون. ئێستا بەهۆی ئەو بەعەرەبکردنەوە هێشتا هەزاران جووتیار، گوندنشین و شارنشینی کورد زەوییەکانیان زەوتکراون، ئەوەش چەوساندنەوەیەکە هیچ کەسێکی هاوسۆزی چەوساوەکان قبووڵی ناکات.''
ئاکۆ محەمەد ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار کرد کە تێیدا بۆ یەکەمجار حکومەتی ئێراق ڕازیبوو بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دەڵێت: ''سەدام حسێن لە ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداردا لە ساڵی 1970 تاوەکوو 1974 یاری بە کێشەی کەرکووک کرد و ئەوەی لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتبوو بەرانبەر کەرکووک جێبەجێی نەکرد و شەڕی هەڵگیرساندەوە، دواییش بووە مایەی ماڵوێرانی ئەو کات و شەڕی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی هەشت ساڵ''.
لە ساڵی 2003 و دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس، چارەسەری کێشەی کەرکووک خرایە مادەی 58ی دەستووری کاتیی ئێراقەوە، بەڵام دووبارە جێبەجێنەکرا. بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی ڕووداو ئاماژەی بەوەش کرد، گرفتەکە لە دەستووری هەمیشەییشدا خرایە مادەی 140 و ''دەبووایە تاوەکوو 2007 جێبەجێبکرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا جێبەجێنەکراوە و هەر یاری پێ دەکرێت.''
ئاکۆ محەمەد جەختی لەوە کردەوە، شیعە لە ساڵی 2003ەوە دەسەڵاتدار و بڕیادەری یەکەمە لە ئێراق و وتی، ''ئەوە بۆ پەیوەندیی نێوان کورد و شیعە باش نییە و بۆ ئاییندەی ئاشتی و سەقامگیری لە ئێراق باش نییە. دەبێت چەوساوە و زۆرلێکراوەکان لە هەموو کاتێکاندا پشتیوانی لە یەکدی بکەن''.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕووی دەمی کردە لێڤەگەری (مەرجەعییەت) نەجەف و وتی، ''ئێوە دەزانن کەرکووک کوردستانە. ئەو مافەی لە سیاسەت و لای سیاسییەکان یاری پێ دەکرێت و دەشاردرێتەوە، لای ئێوە هەروەک ماف و هەق دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوە هەقپەرستییە ئەگەر ئێوە بە بڕیار و پاراستنی بنەمای هەقپەرستی ماف بگێڕنەوە بۆ خاوەن ماف، ئەویش گێڕانەوەی کەرکووکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.''
ئاکۆ محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ''هەروەک هەولێر بەشێوەیەکی ڕاستەقینە دەبێتە شاری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کورد، عەرەب، تورکمان و کریستێدانییەکان.''
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیای ڕووداو هۆشداری دەدات، ئەو دۆخەی ئێستا لە کەرکووک هەیە لەرزۆکە، ''بەڵام ئەو کات [گەڕانەوەی کەرکووک بۆ هەرێمی کوردستان] دەبێتە دۆخێکی سەقامگیر و بەهێز. ئێمە لە شاری فریادڕەسی چەوساوەکان ئەم داوایە لە ئێوەی بەڕێز دەکەین.''
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی ڕووداو باسی لە پەیوەندیی ''سەرۆکی شۆڕشی کوردستان''، مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ مەرجەعییەتی شیعە کرد و وتی، ''زۆر بەهێزبووە. زۆر پێویستە ئەو پەیوەندییە بەهێزە بمێنێتەوە لەسەر بنەمای پاراستنی مافی نەتەوەی چەوساوەی کورد.''
ئاکۆ محەمەد ناوی هەردوو مەرجەعی گەورەی شیعە سەیید موحسین حەکیم و سەیید محەمەد باقر سەدری هێنا و وتی، ''زۆر بەڕێزەوە [ناویان] چووەتە نێو مێژووی کوردستانەوە بە هەڵوێستیان لەسەر حەرامکردنی هێرشکردنە سەر کوردستان و شەڕی کورد.''
ئاکۆ محەمەد باسی لە هەڵوێستەکانی مەرجەعی شیعە عەلی سیستانیش کرد لەبارەی پاراستنی ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی داعش، ''بەڵام چاوی نەتەوەی کورد لەوەیە ئەو زۆردارییە لەسەر کورد لابدات لە کەرکووک و دڵی چەوساوەکانی کورد لە کەرکووک خۆش بکات بە گێڕانەوەی مافی ئەو جووتیارانە و مافی نەتەوەی کورد لەو پارێزگایەدا.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆی تێروتەسەل لەبارەی پەیوەندیی پێشووی نێوان کورد و شیعە، هەروەها پەیوەندییەکانی ئێستا و داهاتوویان دەکرێت.
دیدارەکە یەک ڕۆژ دەخایێنێت و سەتان ڕۆشنبیر، کەسایەتی، بەرپرسی کورد و شیعە کاریگەریی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی کورد و شیعە لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و تێڕوانینی هەردوولا بۆ داهاتووی ئێراق گەنگەشە دەکەن، ڕاسپاردە ئامادە دەکەن و ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیداری دەکەن.
دەقی وتارەکەی ئاکۆ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕووداو
جێگەی دڵخۆشییە کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو دەتوانێت ئەمڕۆ (21-12-2024) بۆ جاری دووەم لە دوای ساڵی 2019وە ئەم دیالۆگە ڕێکبخاتەوە. سوپاسی هەموو ڕێکخەران و بەشدارانی ئەم دیالۆگە دەکەم. سوپاسی هاوکاری ناوەندی لێکۆڵینەوەی نون دەکەم.
دڵخۆشین کە ئەمڕۆ لە پایتەختی ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تاڵیبین خوا لێی ڕازیبێت. ئێرە شوێنی ڕادەربڕینی زۆرلێکراوانە، ئەم کۆبوونەوەیەش لەبەر ئەوەی کۆنگرەیەکی فەرمی نییە، بەڵکوو کۆنگرە و کۆبوونەوەی دەستەبژێرێکی ئازادە کە هەموویان دەتوانن بەناوی خۆیانەوە نەک بە ناوی دەزگا و حیزبەکانیان بەئازادی لەسەر پەیوەندی کورد و شیعە بئاخڤن، لەبەر ئەوە بە باوەڕی من کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگە.
شیعە خۆیان بە زۆرلێکرا و دادەنێن، ئیمام حسێنیش خوا لێی ڕازی بێت بە زۆرلێکراوی شەهید کرا، پەیامی ئیمام حسێن و باوەڕەکەی بریتییە لە پشتیوانیکردن لە چەوساوان و زۆرلێکراوان. کورد گەورەترین نەتەوەی جیهانە کە تا ئێستاش لەسەر خاکی هەزاران ساڵەی دەچەوسێندرێتەوە و لە مافەکانی بێبەش دەکرێت. دەبێت هەڵوێستی شیعە، شوێنکەوتووانی ئیمام حسێن، هەڵوێستی ئەهلی بەیت و هەڵوێستی مەرجەعیەتی نەجەف بەرانبەر کورد چۆن بێت؟ ئایا ئەو هەڵوێستەی ئێستا بەرانبەر کورد هەیە لەلایەن شیعەوە هەڵوێستێکی ڕەوایە؟ ئایا مەرجەعەکانی شیعە و مەرجەعیەتی نەجەف هەر دەتوانێت ئەوە بکات کە کردوویەتی یاخود باوەڕەکەیان دەیکاتە ئەرک لەسەریان کە بە ڕادەی پێویست و ڕەوا پشتیوانی لە کورد و کوردستان بکەن وەک نەتەوە و وڵاتێکی چەوساوە؟ بەزەیی و هەقپەروەری ئیمامی شەهید زۆر لەوە زیاترە کە کورد ئێستا لە مەرجەعیەتی نەجەف و مەرجەعەکان دەیبینێت. بێگومان پەیڕەوکاری ڕاستەقینەش ئەوەیە کە لە هەقپەروەری و دادپەروەری و بەزەیی ڕابەرەکەی بەرانبەر خەڵک و چەوساوەکان و خاوەن مافەکان کەم نەکاتەوە. ئەو پەیڕەوکارانەی دەست و دڵکراوە نەبن لە نیشاندانی بەزەیی و دادپەروەری ڕابەرەکەیان، زیان بە ڕێباز و باوەڕەکەیان دەگەیێنن. دەبێت مەرجەعیەتی نەجەف بەزەیی و دادپەروەری ڕابەری چەوساوەکان ئیمام حسێنی شەهید بەرانبەر کورد نیشانبدات.
نەهێشتنی چەوسانەوە، زۆرلێکردن و ناهەقی کاری ئەوانەیە کە کار بۆ نەهێشتنی چەوسانەوە و زۆرداری دەکەن، ڕێبازی ئەهلی بەیت و ئیمام حسێن ئەوەیە. لەبەر ئەوە دەبێت شیعە بەر لە هەموو کەسێک پشتیوانی لە نەتەوەی کورد و کوردستان بکەن .
لێرەدا بە دیاریکراوی لەسەر خاڵێکی زۆر ڕوون دەوەستم ، ئەویش کەرکووکە . کەرکووک لە ساڵی 1961ەوە نێوەڕۆکی کێشەی کورد پێکدەهێنێت لە ئێراقدا، ئەگەر کێشەی کەرکووک چارەسەر نەبێت کەواتە کێشەی کورد لە ئێراق چارەسەر نەبووە.
بەعەرەبکردنی کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێراق، بەڵام ڕژێمی بەعس و سەدام حسێن بەعەرەبکردنیان زۆر سیستماتیکتر و فراوانتر کرد، ژمارەیەکی یەکجار زۆر عەرەب لە چەند کاتێکی جیاوازدا بە پێدانی پارەی زۆر و زەوی هێنرانە کەرکووک، بەشێکی ئەو عەرەبانەیش شیعە بوون. ئێستا بەهۆی ئەو بەعەرەبکردنەوە هێشتا هەزاران جوتیار و گوندنشین و شارنشینی کورد زەویەکانیان زەوتکراون، ئەوەش چەوساندنەوەیەکە هیچ کەسێکی هاوسۆزی چەوساوەکان قبووڵی ناکات.
سەدام حسێن لە ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداردا لە ساڵی 1970 تاوەکوو 1974 یاری بە کێشەی کەرکووک کرد و ئەوەی لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتبوو بەرانبەر کەرکووک جێبەجێی نەکرد و شەڕی هەڵگیرساندەوە، دواییش بووە مایەی ماڵوێرانی ئەو کات و شەڕی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی 8 ساڵ . لە ساڵی 2003 دا چارەسەری کێشەی کەرکووک خرایە مادەی 58ی دەستووری کاتیی ئێراقەوە و جێبەجێنەکرا، لە دەستووری هەمیشەیی خرایە مادەی 140ەوە و دەبووایە تاوەکوو 2007 جێبەجێبکرێت تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و هەروا یاری پێ دەکرێت. شیعە لە ساڵی 2003وە تا ئێستا دەسەڵاتدار و بڕیادەری یەکەمن لە ئێراق دا، ئەوە بۆ پەیوەندیی نێوان کورد و شیعە باش نییە و بۆ ئاییندەی ئاشتی و سەقامگیری لە ئێراق دا باش نییە. چەوساوە و زۆرلێکراوەکان دەبێت لە هەموو کاتێکاندا پشتیوانی لە یەکتر بکەن.
من وەک کەسێکی بەشدار لەو دیالۆگەدا، بەناوی تایبەتیی خۆمەوە وەک کەس ڕووی ئاخافتنەکەم دەکەمە مەرجەعیەتی بەڕێزی نەجەف: ئێوە کەسی زانا و شارەزان و هەقپەروەرن، زانیاری لەسەر کوردستان زیاتر لە هەموو شوێنێک لە پەرتووک و فەرهەنگی نووسەرانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتییە ئیسلامییەکان دا هەیە، ئێوە دەزانن کەرکووک کوردستانە، ئەو مافەی لە سیاسەت و لای سیاسییەکان یاری پێ دەکرێت و دەشاردرێتەوە، لەلای ئێوە هەروەک ماف و هەق دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوە هەقپەرستییە ئەگەر ئێوە بە بڕیار و پاراستنی بنەمای هەقپەرستی ماف بێگڕنەوە بۆ خاوەن ماف ، ئەویش گێڕانەوەی کەرکووکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ئەو کاتیش کەرکووک هەروەک هەولێر بەشێوەیەکی ڕاستەقینە دەبێتە شاری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کورد، عەرەب، تورکمان و کریستێدانییەکان. ئەو دۆخەی ئێستا لە کەرکووک هەیە لەرزۆکە، بەڵام ئەو کات دەبێتە دۆخێکی سەقامگیر و بەهێز. ئێمە لە شاری فریادرەسی چەوساوەکان ئەم داوایە لە ئێوەی بەڕێز دەکەین.
پەیوەندی سەرۆکی شۆڕشی کوردستان مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ مەرجەعیەتی شیعە زۆر بەهێزبووە، زۆر پێویستە ئەو پەیوەندییە بەهێز بمێنێتەوە لەسەر بنەمای پاراستنی مافی نەتەوەی چەوساوەی کورد . ناوی هەردوو مەرجەعی گەورە سەید موحسین حەکیم و سەید محەمەد باقر سەدر زۆر بەڕێزەوە چووەتە ناو مێژووی کوردستانەوە بە هەڵوێستیان لەسەر حەرامکردنی هێرشکردنە سەر کوردستان و شەڕی کورد. هەڵوێستەکانی مەرجەعی گەورە سەید عەلی سیستانی زۆر گرنگ بوونە لە پاراستنی ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەڵام چاوی نەتەوەی کورد لەوەیە ئەو زۆردارییە لەسەر کورد لابدات لە کەرکووک و دڵی چەوساوەکانی کورد لە کەرکووک خۆش بکات بە گێڕانەوەی مافی ئەو جووتیارانە و مافی نەتەوەی کورد لەو پارێزگایەدا .
دڵنیام ئەو دەستەبژێرەی لە کورد و شیعە بەشدارن لەم دیالۆگەدا خاڵ و تەوەری گرنگیان هەن بۆ گفتوگۆ لەسەر کردن، هیوادارم دیالۆگێکی ڕاشکاوانە و سەرکەوتووبێت. [1]