دیار سلێمان
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت: تورکیا سەد ساڵە هەمان سیاسەتی بێ ئەنجام بەرانبەر کورد پەیڕەو دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە ناردنی درۆن بۆ ئاسمانی ڕۆژاوای کوردستان پرسی کورد چارەسەر نابێت.
#تونجەر باکرهان# ، هاوسەرۆکی دەم پارتی و بەشێک لە بەرپرسانی پارتەکە، ڕۆژی هەینی، #20-12-2024# ، لە ئەنقەرە قسەیان بۆ ڕۆژنامەڤانان کرد.
باکرهان لەبارەی پرسی کوردەوە ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا سەد ساڵە هەمان سیاسەتی بێ ئەنجام بەرانبەر کورد پەیڕەو دەکات و وتی، ''لەبری ئەو سیاسەتە نکۆڵیکارانەیە، دەتوانین پێکەوە دەرگەی پڕۆسەیەکی دیموکراسی کە کورد قبووڵ بکات و ژیانێکی یەکسان بسازێنێت، بکەینەوە''.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە لە گرتووخانەوە پەیامێکی ناردبوو کە تێیدا هاتبوو، ''ئەگەر زەوینەی سیاسی بڕەخسێندرێت، بۆ چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد ئامادەم''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەو وتەیەی ئۆجەلان کرد و وتی، ''ئێمەش لەو دەسەڵات و سیستمەی کە سەد ساڵە سیاسەتی بەهیچ دانان پەیڕەو دەکات، دەپرسین: بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت من ئامادەم. ئێوە چی دەکەن؟''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە ئێستا باشترین کاتە بۆ چارەسەری پرسی کورد و وتی، ''کلیلەکەی ئیمرالی بەکاربهێنن. ئەو گوتانەی ئیمرالی لەبارەی دیموکراسی کردوونی، با گەلانی تورکیا بیانبیستن و گفتوگۆیان لەبارەوە بکەن''.
باکرهان هەر لەبارەی پرسی کوردەوە ئاماژەی بە ڕۆژاوای کوردستان کرد و وتی، ''بە ناردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ ئاسمانی ڕۆژاوا، پرسی کورد چارەسەرناکرێت. بە بەهیچ دانانی ئەو پێگەیەی کە گەلی ڕۆژاوا بە ماندووبوونی خۆی بەدەستیهێناوە، ئەم پرسە چارەسەرنابێت. ئەم پرسە بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چارەسەر دەبێت''.[1]