ناونیشانی بابەت: فەلسەفەی ئەخلاق
ئامادەکردنی: #ئاراس سەعید#
فەلسەفە درەختێکە، ڕەگەکانی میتافیزیکە، قەدەکانی فیزیک و زانستەکانی ترن و دەکرێن بەسێ بەشی سەرەکییەوە (پزیشکی، میکانیک، ئەخلاق) “ڕێنە دیکارت”
$“پێشەکی”$
فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی ئاڵۆزە، بۆیە هێندە ساکار نییە بتوانین بە چەند گوزارەیەک پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەین. وەکوو “سوکرات” دەڵێت: (ئێمە لە بارەی بابەتێکی بچوکەوە گفتووگۆ ناکەین، بەڵکوو سەرقاڵی گفتوگۆکردنین دەربارەی ئەوەی کە دەبێت چۆن بژین؟)
پرسی فەلسەفەی ئەخلاق پرسێکی ینێنڤێرسالە و لە مێژووی هزری مرۆڤدا، مشتومڕی فەلسەفی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕوانگە و تێڕوانینی بیرمەندان و فەیلەسووفان جیاوازە لە مەڕ ئەم پرسەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەرانەی کە پەیوەستن بە بابەتی فەلسەفەی ئەخلاقەوە، چونکە لە بنەڕەتدا فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی فرە ڕەهەندە و پانتاییەکی زۆر داگیردەکات لە مێژووی هزری مرۆڤدا. بۆیە ئاڵۆزە پێناسەیەکی ڕەها و سەرتاپاگیر بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین، بەڵام لە ڕێگەی کۆکردنەوە و ئاوێتەکردنی خاڵە کۆکەکانی قوتابخانەکانی “فەلسەفەی ئەخلاق”ەوە، دەتوانین، بە دەربڕینێکی لۆژێکیانە، پێناسەیەکی کامڵ بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین، بە مەدلوولە یونێنڤێرساڵییەکەی.
سەرەتا بابزانین فەلسەفەی ئەخلاق چییە؟ چونکە (فەلسەفەی ئەخلاق) گرێیەکی ناوی لێکدراوە و لە بنەڕەتدا، لە دوو ناوی واتادار پێکهاتووە، کە ماهیەت و ناوەرۆکی تایبەتیان هەیە. بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکەمان پێویستە هەردوو تێرمەکە بناسێنین.
یەکەم: (فەلسەفە: هونەری پرسیارکردنە. گەڕانە بەدوای ئەو پرسیارە ئەقڵانیانەی کە بە “چی و چۆن و بۆچی” دەست پێ دەکات، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ئارگۆمێنێتی کامڵەوە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی ئەقڵانی).
دووەم: (مۆڕاڵ: بریتییە لەو نۆڕم و ڕێساو یاسایانەی بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێراون، کە دەشێت درووست بن، یان نادرووست بن.)
وشەی “فەلسەفەی ئەخلاق” وشەیەکی لێکدراوە و لقێکی سەربەخۆیە، لە لقەکانی فەلسەفە. کاتێک فەلسەفە دەبێتە “دیارخەر”ی ناوێک. ئەوا کاری فەلسەفە پرسیارکردنە لە “دیارخراو”ەکەی. ئەگەر “ئەخلاق” ئەو نۆڕم و یاسا و ڕێسایانەبن کە بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێنراون، ئەوا فەلسەفەی ئەخلاق دەپرسێت بۆچی دەبێت من مامەڵەکانم ئەخلاقی بن؟ یان لەو بڕیارانە دەکۆڵێتەوەو دەپرسێت بۆچی فڵان مامەڵە نادرووستەو فڵان مامەڵە درووستە.
“ئەخلاق چییە؟”
لە زمانی ئینگلیزیدا کەڵک لە تێرمی “moral _ ethics” وەردەگرن. چەمکی ئەخلاق بەهۆی دینامیکییەتی فرەڕەهەندی لە بەکارهێنانیدا، گرفتی لە بەردەم تێگەشتنمان درووستکردووە. ئەمەش پەیوەندی بەنەزانینمانەوە نییە، بەڵکوو چەمکەکە خۆی لە خۆیدا فرەڕەهەندە و بەهۆی ئەوەی خودی زارەوەکە لە زمانی عەرەبییەوە هاتۆتە نێو فەرهەنگی کوردییەوە، دژواری و ناڕوونی درووستکردووە. لێ بەهۆی دەوڵەمەندی فەرهەنگی کوردییەوە دەتوانین کەڵک لە هەردوو تێرمەکە وەربگرین و بینایی تێگەشتنی خۆمان فراوانبکەین. بەبێ شیکردنەوە و وەرگێڕانی چەمکی “مۆڕاڵ و ئیتیک” ئەستمە لە بابەتەکانی فەلسەفەی ئەخلاق تێبگەین. “مۆڕاڵ” لە زمانی کوردیدا بەرانبەرە بە وشەی “ئاکار”. کە لە بابەتەکانی “فەلسەفەی ئاکار” دەکۆڵێتەوە، بە “میتا ئاکار” یان “ئاکاری شیکاری” ناودێرکراوە. وەکوو ڕیساو تیۆرییە ئاکارییەکان و لێکدانەوەی بنەماکانی ئاکار و …هتد. بەڵام ڕەگی چەمکی “ئیتیک” وشەیەکی گریکییە و دەگەڕێتەوە بۆ وشەی “ئیتۆس”کە لە زمانی کوردیدا، بەواتای “ڕەوشت”دێت. ڕەوشت بابەتێکی خودییە و پەیوەستە بە هەڵوێست و بڕیارەکانی تاکەوە. لە بەشی داهاتوودا بەچڕی لەسەر ئەم چەمکە دەوەستین. بەگشتی لەم وتارەدا، لەبارەی فەلسەفەی “مۆڕاڵ-ئەخلاق “دەدوێن لە ڕێگەی شیکردنەوەی پێناسەی ئەخلاق و تیۆریا و ڕێباز و قوتابخانە جیاوازەکانی فەلسەفەی ئەخلاقەوە.
وەکوو لە پێشەکیدا ئاماژەمان پێدا کە فەلسەفەی ئەخلاق، بابەتێکی ئەبستراکتی ئاڵۆزە و هێندە ساکار نییە بتوانین بە چەند گوزارەیەک پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەین، بەڵکوو لە ڕێگەی پێناسە و بۆچوونە فەلسەفییەکانی فەیلەسووفەکانەوە، لەبارەی فەلسەفەی ئاکارەوە دەدوێن. دیدگای فەیلەسووفان بۆ پرسی ئەخلاق جیاوازە، ئەمەش هۆکارێک بوو لێکدژی لەنێوان بیروبۆچوونەکانیان درووستبوو. بەپێی ئەو قۆناغانەی بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤدا تێپەڕیون، مرۆڤ هزری خۆی ڕزگارکردووە لە کۆت و بەندە ئایینی و ئایدۆلۆژییەکان و توانیویەتی لە ڕێگەی درککردنی ئەقڵانییەوە دیاردەکان تەتەڵەبکات. بۆ نموونە فەیلەسووفان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، پرسی ئەخلاقیان وابەستە دەکرد بە باوەڕهێنان بەخوداوە. وەکوو “جۆرج بێرکلی” لە دیالۆگی سێیەمدا، “هیلیاس” ڕووی گوفتاری کردۆتە “فیلۆنۆس” کە بێرکلی خۆیەتی و پێی دەڵێت (باشە تۆ نازانیت ئەگەر خودا بکەی بە داهێنەری هەموو قەوما و ڕووداوەکانی سرووشت هەر خودا خۆی دەکەیت، بە داهێنەری کووشتن و کوفر و بەدکاری و بێباوەڕی و گوناﮪ و تاوانی نابەجێ).
بۆ قسەکردن لەسەر فەلسەفەی ئەخلاق پێویستە بگەڕێنەوە بۆ فەلسەفەی کلاسیک. “سوکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لە مێژووی هزری مرۆڤدا چەمکی ئەخلاقی بە شێوازێکی زانستی شیکردەوە. یۆنانییەکان پێشەنگن لە پەرەپێدان بە توانا زەیینییەکانی مرۆڤ. یەکێک لە گرنگترین و درەوشاوەترین ئەو دەستکەوتانەی شارستانییەتی یۆنانی کۆن دای هێنا و بە مرۆڤایەتی بەخشی، بریتییە لە بایەخدان و دۆزینەوەی بنەمایەک بۆ ڕێزگرتن لە تاکەکەس.
$“فەلسەفەی ئەخلاق و ڕێبازەکانی”$
ئەگەر لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی فەلسەفە ڕابمێنین؛ ئەوە بەدی دەکەین کە پرسی ئەخلاق مایەی گرنگی پێدان و تێڕامان بووە لەلایەن فەیلەسووفانەوە. ئەگەر بمانەوێت لەسەر تەواوی ئەو بیروبۆچوونانە ڕابوەستین، ڕەنگە لە زنجیرە پەرتووکێکیشدا نەتوانین مافی تەواوی پێبدەین. ئەم نووسینەی بەردەستان بەکورتی لەسەر گرنگترین قوتابخانە و ڕێبازەکانی فەلسەفەی ئەخلاق دەدوێت.
$1. ئەخلاقی سوکراتی.$
ئەوەی بۆ ئێمە تا ڕادەیەکی باش ڕوونە ئەو دۆزەی هزری “سوکرات” ی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو دۆزی ئەخلاق بوو. فەیلەسووفانی پێش “سوکرات” لە بابەتە سرووشتییەکانی وەکوو ماددەیی سەرەتایی و ئەستێرەناسی و ..هتد کۆڵیوەتەوە، بەڵام سوکرات لە دیالۆگی بەرگریکردن دەڵێت: (من چیم داوە لە بیرکردنەوە سەبارەت بەشتە سرووشتییەکان). سوکرات زانست بە شتێکی بێ بەرهەم نازانێت، بەڵکوو گرنگی بەفێربوون و گەڕان بەدوای زانست دەدات. ئەو چەمکی “ئەخلاقی”ی وەکوو بابەتێکی ئیپستمۆلۆژی بەکارهێناوە”، ئەگەر چی شانبەشانی “سوکرات”سۆفستاییەکانی یۆنانیش دەربارەی ئەم چەمکە دواون، بەڵام یەکەمین فەیلەسووف “سوکراتە” تیۆرییەکی ئیپستمۆلۆژی ئاوێتەی ئەم چەمکە دەکات. سوکرات دەڵێت: (کاتێک مرۆڤێک کردەیەکی هەڵە ئەنجام دەدات، نەزانە، چونکە زانیاری پێشینەی دەربارەی کردەکەی نییە).
لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە لەدیدی سوکراتەوە ئاوەز مەڵبەندی بیرکردنەوە و کردە ئاکارییەکانی مرۆڤە. تێڕوانینی سوکرات دەربارەی مۆڕاڵ، بریتییە لە دۆزینەوەی ڕاستی و چاکە لە ڕێگەی لۆگۆسەوە. ئەو دەڵێت (هیچ کەسێک بە قەستی و لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی گوناﮪ نایەت، هەر بۆیە تەنیا هۆشیاری دەتوانێت مرۆڤ بگەیەنێت بە فەزیڵەتێکی تەواو). ئەم جۆرە میتۆدە بە ئیتیکی ڕاشیۆنالیست (ئاوەزگەرایی)ناسراوە. لەدیدی سوکراتەوە تاکە مۆتیڤ و ئەنگیزە ئاکارییەکان مرۆڤ ئاوەزە، چونکە ئەو پێی وایە چاکە زانینە. لە مێژووی فەلسەفەدا دوو شێوە تێڕوانین بەرانبەر ئەقڵانییەت هەبووە، ئەویش (میتۆدی دانپیانان و میتۆدی ڕەخنەگرانە)یە. لە وتە بەناوبانگەکەی سوکراتدا، بۆمان دەردەکەوێت کە میتۆدێکی ڕەخنەگرانەی پەیڕەوکردووە کە دەڵێت: (ژیانێک تاقینەکرابێتەوە، بە مانایی ژیان نایات). تاقیکردنەوە، واتا ڕەخنەکردن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو شتانەی زانینێکی ساختەمان لە بارەیەوە هەیە. “سوکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لە ڕێگەی ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوەی پرسە چەقبەستووەکانەوە هەنگاو دەنێت بۆ گەشەکردنی زانستی و ئاشکراکردنی فاکتەکان.
“کاڕڵ پۆپەر” پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە و دەڵێت: (کاتێک ئێمە دەزانین هەڵە و کەموکورتی تیۆرییەکەمان لە کوێدایە، هەنگاوێک لە زانین نزیک دەبینەوە). لەدیدی ئەوەوە ئەگەر بمانەوێت گرفتە ئاکارییەکانمان چارەسەر بکەین، پێویستە سەرچاوەکانی زانینمان زیاد بکەین. “سوکرات” پێی وایە هۆشیاری و زانین خۆی لە خۆیدا فەزیڵەتەو گوناﮪ و تاوان زادەی نەزانی و نەزانین. ئەقڵ (ئاوەز) ڕێنوێنکەرە بەرەو چاکە.
$“ڕەخنە لە ئەخلاقی سوکراتی”$
ئایا ئەخلاقی ڕاشیۆنالیست (سوکراتی) لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانییەت و تێفرکردن وتێڕوانینی مرۆڤدا، شانبەشانی فەلسەفەی مۆدێرن و زانستی نوێ، چۆن خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. ئایا درووستە ئەقڵ پاڵنەر و سەرچاوەی کردە ئەخلاقیەکانی مرۆڤە، وەکوو هادیگەر دەڵێت: (شوانێک لەناوەوەی مندایە ڕێنمونیم دەکات)، ئایا ئەو شوانە هەمیشە بە ئاگایە و ڕێنمونییەکانی تەواو و درووستە. زانستی مۆدێرن و دەرکەوتنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتیی دەوونشیکاری کە “سیگمۆند فرۆید” بە دامەزرێنەری قوتابخانەی دەروونشیکاری دادەنێرێت، پێی وایە، ئەقڵی مرۆڤ بەردەوام لەژێر کۆت و بەندەکاندایە. ئەقڵ دیلی کۆمەڵێک کۆت و بەندە. “سوکرات” زانیاری دەربارەی ئەقڵی نائاگایی و ئەنگێزە و مۆتیڤە دەروونییەکانی مرۆڤ نەبووە، بۆیە دەکەوێتە ئەو هەڵەیەوە. چونکە ئاوەزی مرۆڤ هەمووکات چالاکانە لە دۆخی ئاگایدا نییە، بەڵکوو لەژێر کاریگەریی غەریزە بایەلۆژی و مۆتیڤە دەروونییەکاندا کردە دەنوێنێت. مرۆڤ کاتێک ژیان و ڕەگەزی دەکەوێتە ژێر مەترسی لەناو چوونەوە، زانیاری دەربارەی چەمکی باشە هەیە، بەڵام لەژێر کاریگەریی مۆتیڤە دەروونییەکاندا هەڵەی ئاکاری دەکات با نموونەیەک بهێنینەوە.
بۆ نموونە، پزیشکێک پسۆڕی بواری هەناوییە، کەچی جگەرە دەکێشیت. ئەو دەزانێت جگەرەکێشان زیان بە سییەکانی دەگەیەنێت، زیان گەیاندن بەخود، مامەڵەیەکی ناردوستە، کەچی جگەرە دەکێشێت. سوکرات دەڵێت: (هیچ کەسێک لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی هەڵە نابێت) بەڵام پزیشکەکە هۆشیارە، کەچی جگەرە دەکێشیت. زۆرێک لە فەیلەسووفان و بیرمەندان ڕەخنە لە ئەخلاقی “سوکراتی” دەگرن. بەڵام ئەمە بەواتایی ئەوە نایات، بۆچوونەکانی “سوکرات” هیچ گرنگییەکی نییە.
2. ئەخلاقی خودی subjectivism in ethics
“دەیڤد هیۆم” فەیلەسووفی ئینگلیزی بە دامەزرێنەری ئەم ڕێچکەیە دادەنرێت، لە فەلسەفەی ئەخلاقدا. هیۆم دەڵێت: (هەر کردەوەیەکی تاوانکاری وەربگریت، لە هەموو ڕوویەکەوە لێی بکۆڵەوە پاشان بزانە دەتوانێت فاکتێک یان توخمێک دیاری بکەیت لە جەوهەری ئەو خراپەکارییە، بۆ نموونە تۆ هەرگیز ناتوانێت ئەو توخمە دیاری بکەیت، هەتاوەکوو ئاڕاستەی لێکۆڵینەوەکە ڕووبەڕووی خۆت نەکەیتەوە). ئەو پێداگری لەوە دەکات، کە ئەگەر ئێمە بەوردی سەرەنج لە هەر بەدکارییەک بدەین، کاتێک دەتوانین لە جەوهەری ئەو بەدکارییە تێبگەین، کە تاوانەکەمان ڕووبەڕووی خۆمان کردەوە. بۆ نموونە، کاتێک لە ڕێگەی مامەڵەیەکەوە کەسێک بریندار دەکەین. جا ئەگەر مامەڵەکە تووندووتیژی “سیمبولی”بێت، واتا تووندوتیژەی لە ڕێگەی زمانەوە وەکوو جوێن، سووکایەتی. یان تووندووتیژی لە ڕێگەی هێزەوە. ئێمە ناتوانین لە جەوهەری ئەو خراپەکارییە تێبگەین، تا هەمان کردەوە ڕووبەڕووی خۆمان نەکەینەوە.
بەبڕوای “هیۆم” لە ئەخلاقی خودیدا، مرۆڤ لە ڕێگەی هەست و سۆزەوە درک بە جەوهەری بابەتیانەی بەها ئاکارییەکان دەکات، ئەمەش پێچەوانەی بۆچوونەکانی پێش خۆیەتی کە پێیان وایە ئەقڵ مەڵبەندی کردەکانی مرۆڤەوە و، لە ڕێگەی هۆشیاری و زانینەوە درک بەبەها ئەخلاقییەکان دەکات. هیۆم فەیلەسووفێکی ئەزموونگەرابوو، بە بڕوای ئەزموونگەراکان (زەینی مرۆڤ کاغەزێکی سپییە و لە ڕێگەی ئەزموونکردنەوە درک بە جیهانی دەوروبەر دەکات. بۆیە پێی وایە مرۆ لە ڕێگەی هەستەکانییەوە درک بەبەها ئەخلاقییەکان دەکات.) کاتێک پرسی ئەخلاق دێتە پێشەوە، مرۆڤ ئەو پرسیارەی لا درووست دەبێت ئایا دەکرێت بنەماکانی ئەخلاق سەرچاوەی ئەقڵ-ئاوەز بن؟ وەکوو ئەوەی لە فەلسەفەی ئەخلاقی سوکراتدا بەدیمانکردن، کە دۆزینەوەی بنەما ئەخلاقییەکان و فاکتەر و پاڵنەری دەسەڵاتدار بەسەر کردەی ئەخلاقییەوە ئەقڵە. “دەیڤد هیۆم” سەر بەڕێچکەی ئەزموونگەرایی-ئیمپریە بەو پەڕی پێداگرییەوە ڕێبازی ئەقڵانی دەخاتە لاوە. کە باسی ئەخلاق کرا ئەو پرسیارە دەکرێت کە چاکەکاری چییە و چۆن لە بەدکاری جیا دەکرێتەوە؟ کامە فاکتەر دەبێتە مایەی پەسەندکردنی کردارێک و نا پەسەندکردنی کردارێک.
هیۆم پەیڕەوی لە ڕێبازی ئەزموونی دەکات و پێ وایە هەست و سۆز سەرچاوە و بنج و بنوانی بنەماکانی ئاکارە. ئەو دەڵێت: (هەندێک لە فەیلەسووفان بەو پەڕی دڵگەرمییەوە ئەو دید و سەرەنجەیان بڵاوکردووەتەوە گوایە پرسی ئەخلاق، پرسێکی ئەقڵانییە. ئەگەر چی هیچ کەسێک لە سەلماندنی ئەوەدا هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هەنگاوی نەنانەوە). ئەو پێی وایە هەست و سۆز درک بە بنەماکانی ئەخلاق دەکات، بۆ نموونە (سۆز و هەست لە ناخی مرۆدا هەڵدەقووڵێن و لە بەرانبەر چاکەکاریدا هەست بە چێژ و خۆشی دەکەن، لە بەرانبەر بەدکاریشدا بێزار و دڵتەنگ دەبێت).
$3.ئەخلاقی کەڵکگەرایی.$
ئەم ڕێبازە لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی لیبڕاڵیزم سەری هەڵدا، لە ئێستاشدا لێبڕاڵیزمی نوێ و سیستەمی سەرمایەداری ئەم ڕوانگەیە لە ژیانی کرداری خۆیان پڕاکتیزە دەکەن، لەڕوانگەی ئەمانەوە لێکۆڵینەوەکان لە کردەکانی مرۆڤ لە خودی سەبجێکت و کارەکە نییە، بەڵکوو تێڕوانینە لە ئەنجامی کارەکە ئایا باشە یان خراپ، دەستکەوتی زیاترە یان زیان، وەکوو نوێژکردن لە پێناوی ڕازکردنی خودا لە خۆت و بەدەستهێنانی بەهەشت، یان لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەبیانوی تێکدانی ژیانی زۆرینەوە. فەیلەسووفی لیبڕالیست “جۆن سیتوارت میل” و “جێرمی بێنسام” بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە دادەنرێت. میل تیۆری کەڵکگەرایی بەم شێوەیە داڕشتووە: ( ئەندێشەکانی باردۆخێک کە ئاواتەخوازین بەدی بێت، باردۆخێک کە هەموو ئەوانەی تێدا دەژین تا ئەو شوێنەی دەتوانن بەختەوەر و باشبن. هەر لێرەوە کاتێک دەپرسین چی بکەین، لە خۆمان دەپرسین کام مامەڵە دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی زۆرترین بەختەوەری، بۆ هەموو ئەوانەی کاریگەر دەبن، بەو مامەڵەیە. هەر لێرەوە ئەخلاق دەخوازێت ئەوە بکەین کە باشترینە). ئەم دەقە گوزارشتە لەوەی کە باشترین مامەڵەی ئەخلاقی ئەوەیە، کە زۆرترین بەختەوەری بۆ هەمووان فەراهەم بکات. لە ڕوانگەی میلەوە ئەخلاق بریتییە لە فەراهەمکردنی بەختەوەری بۆ جیهان، بەڵام ئەم تیۆرە بەشێوازێکی تر، کەڵکی لێوەرگیراوە.
“بینسام” دەڵیت: (تەنیا یەک بەهایی باڵای ئەخلاقی بوونی هەیە، ئەویش پڕەنسیپی کەڵکە). مەبەست لە پڕەنسیپی کەڵک ئەو ئامانجەیە کە مامەڵەکە هەڵیگرتووە و تاچەند کەڵک بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت. بۆ نموونە مرۆڤ کاتێک مامەڵەیەک ئەنجام دەدات، دەبێت ئەنجامی مامەڵەکە لەبەرچاو بگرێت. ئایا زۆرترین کەڵک بەخۆی و بەبەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت، یان نا. ئەگەر مامەڵەیەک بووە هۆی فەراهەمکردنی زۆرترین کەڵک، ئەوە مامەڵەیەکی ئەخلاقییە.
$4ئەخلاقی ئەرکگەرایی.$
فەیلەسووفی ڕۆشنگەری “ئیمانیۆل کانت” بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە فەلسەفیە دادەنرێت. وەکوو زۆر فەیلەسووفی دیکە، “کانت” لەو بڕوایەدا بوو کە ئەخلاق دەکرێت لە پڕەنسپێکی باڵا و ئەوپەڕیدا (ultimate) گوزارشتی لێبکرێت، کە ئەرک و ناچارییە ئەخلاقییەکانمانی لێوە هەڵبقوڵێت. “کانت” بە فەرمانە بنبڕەکان ئەم پڕەنسیپە دەستنیشان دەکات و بەم شێوازە گوزارشتی لێ دەکات: ( تەنیا بەپێی ئەو ماکسیمە-حیکمەتە ڕەفتار بکە، کە لە هەمان کاتدا ویستی ئەوەت هەبێت بەهۆی (ئیرادەتەوە) ببێتە ڕێسایەکی گەردوونی).
” کانت “مەرجی پێشینی هەیە، کانت گەورەترین فەیلەسووفە کە وەرچەرخانی کۆپەرنیکۆسانەی لە فەلسەفەدا کرد. ئەویش ئاڵۆگۆرکردنی (سوژە و ئۆبژە)بوو. لەڕوانگەی کانتەوە، زەینی مرۆڤ کۆمەڵێک ڕێساو یاسا و قاڵبی هەیە، کە پێشینین. مرۆڤ کاتێک لە ڕێگەی هەستەکانەوە لە سرووشت و جیهانی دەوروبەر دەکۆڵێتەوە، هەوڵی دۆزینەوەی نهێنییەکانی سرووشت دەدات. کاتێک لە ڕێگەی لۆگۆسەوە سەرقاڵی ڕامان و تێفکرینە، هەوڵی ئەوە دەدات نەزم و یاساکانی زەین بەسەر سرووشتدا بسەپێنێت. لەپێشوودا دەیان وت (زەین ئاوێنەی عەینە) کە بەپێ ی تێگەیشتنی خۆی زانیاریی دەربارەی شتەکان وەردەگرێت. بەڵام لە ڕوانگەی “کانت”ەوە زەین چاویلکەیەکە بەشێوەی عەدەسەکەی جیهان دەبینێت. کانت بڕوایی بەنەزم و ڕێکپێکی هەبووە و پێی وایە، زەین یاساکانی خۆی دەسەپێنێت بەسەر جیهاندا، بۆ یە دەڵێت: (ئاسمانی پڕ ئەستێرە و یاساکانی سرووشت لەسەر سەرمە و یاساکانی مۆڕاڵیش لە ناوەوەم دایە). کانت مەرجی پێشینی هەیە دەربارەی چەمکی مۆڕاڵ، ئەویش “سەربەست” بوونە. بۆیە لە مێژوودا گوتویانە مرۆڤی کۆیلە بەدەرە لە هەموو ڕێسا ئاکارییەکان، ئەڕستۆ دەڵێت: (مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە، سەربەخۆیەتی). کەواتە کۆیلە کێیە؟، بێگومان سەر بەکەسێکی ترە، سەربەست نییە، لە بڕیاردان و خاوەندارێتی کردە ئاکارییەکانی ناکات.
مۆڕاڵ لە پوختترین پێناسەیدا: (مامەڵەیەکە لەنێوان دووکەسی سەربەست و خاوەن ویست و ئیرادە). کانت مەرجی لەپێشینەی هەیە، ئەویش “سەربەست”بوونە، واتا ئێمە تا سەربەست نەبین ناتوانین خاوەندارێتی لە مامەڵەکانی خۆمان بکەین. جیا لەمە کانت بە شێوەیەکی دیکەش گوزارشت لە فەرمانە بنەبڕەکان دەکات و دەڵێت: (بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا بکە، مرۆڤ خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت، نەک ئامڕاز بۆ ئامانجێکی دیکە). “کانت” میتۆدێکی ڕەهای گشتی پێشکەش دەکات، دەڵێت: (هەرگیز ناتوانیت، مامەڵەکەت وەکوو مامەڵەیەکی درووست بناسێنی، تا نەتوانێت مامەڵەکەت بکەیتە ڕێسایەکی جیهانی). واتا کاتێک مامەڵەیەکی درووستت ئەنجام داوە، بتوانی ڕێساکانی زەینی بەسەردا بدەیت و بیکەیتە مامەڵەیەکی جیهانی. بۆ نموونە کاتێک مرۆڤێکی قەرزدار ئامانەتێکی کەسێکی لایە، ئەگەر بیەوێت قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنی، ئەگەر توانی مامەڵەکە بکاتە مامەڵەیەکی جیهانی، واتا کەسێک قەرزداری خۆیەتی و بۆی نەگەڕێنێتەوە درووستە. یان کەسێک دەیەوێت کەسێک بکوژێت، ئەگەر بەلایەوە ئاسایی بێت، کەسێک خۆشی بکوژێت و کووشتن بکاتە ڕێسایەکی جیهانی، ئەوە درووستە.
کانت لەژێر کاریگەریی “مەسیح” دا، ئەم تیۆریایەی داڕشتۆتەوە، مەسیح لە پەرتووکی پیرۆزدا وتەیەکی بە ناوبانگی هەیە، دەڵێت (چیت بۆ خۆت پێ خۆشە، بۆ براکانیشت پێت خۆش بێت). بەڵام “کانت” میتۆدەکە لەبراوە دەباتە کۆنێکستێکی جیهانییەوە و تێڕوانینی ئەو بەو واتایە دێت، چیت بۆ خۆت پێخۆشە، بۆ جیهانیش پێت خۆش بێت. ئەم ڕێبازە بە ڕێبازی ئەرکگەرایی ناسراوە، واتا چاکە خۆی لەخۆیدا ئەرکەو ئامانجێکی بێ ئامانجە.
“ئەنجام”
فەیلەسووفان بەشێوازی جیاواز، بۆچوون تێڕوانینی خۆیان لەبارەی پرسی ئەخلاق خسووەتە ڕوو. دەکرێت بۆچوونی هەموو فەیلەسووفان لە سێ قوتابخانە سەرەکێیەکەی فەلسەفەی ئەخلاق کۆبکەینەوە. کە ئەمانەی خوارەوەن.
“ئەرکگەرایی”
بە یەکێک لە قوتابخانە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ئەخلاق دادەنرێت، لەلایەن “ئیمانیۆڵ کانت” فەیلەسووفی ڕۆشنگەرییەوە دامەزراوە. ئەم ڕوانگە فەلسەفییە لە ئامانج و کەڵک و قازانجی کردەکانی مرۆڤ ناکۆڵێتەوە، بەڵکوو لەدیدی ئەوەوە چاکە ئەرکێکی ڕەهایە. واتا (چاکە ئامانجی بێ ئامانجە) چاکە ئەرکە لە پێناوی چاکەدا، بۆ نموونە باشبوون لە پێناو دەستکەوتنی ناوبانگ، یان ئەنجامدانی کاری باش لە پێناوی ڕازیکردنی خودا و دەستکەووتنی بەهەشت، لەڕوانگەی ئەرک گەراییەوە نادرووستە. ئەم ڕوانگە فەلسەفییە پێ وایە، چاکە ئەرکە و مرۆڤ دەبێت بە ئەرکی خۆی هەڵبسێت.
“پڕاگماتیزمی کەڵگەرایی”
ئەم ڕوانگەیە زیاتر لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی لیبڕاڵیزم سەری هەڵدا، لە ئێستاشدا لێبڕاڵیزمی نوێ و سیستەمی سەرمایەداری ئەم ڕوانگەیە لە ژیانی کرداری خۆیان پڕاکتیزە دەکەن، لەڕوانگەی ئەم قوتابخانەیەوە لێکۆڵینەوەکان لەخودی سەبجێکت و خودی کارەکە نییە، بەڵکوو تێڕوانینە لە ئەنجامی کارەکە ئایا باشە، یان خراپ، دەستکەوتی زیاترە یان زیان، وەکوو نوێژکردن لە پێناوی ڕازیکردنی خودا لە خۆت و بەدەستهێنانی بەهەشت، یان لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەبیانوی تێکدانی ژیانی زۆرینەوە.
“خودگەرایی”
یەکێکی ترە، لە قوتابخانەکانی فەلسەفەی ئەخلاق، لە دوای هاودژبوونی دوو قوتابخانەکەی تردا گرنگی زۆر بەم قوتابخانەیە دەدرێت. فەیلەسووفان پیان وابوو، دوو قوتابخانەکەی پێشوو، ڕووبەڕووی پاڕادۆکس دەبێتەوە. بۆ نموونە، لە زۆربەی پەرتووکەکانی فەلسەفەی ئەخلاق ئەم نموونەیە باس کراوە: ( کاتێک کەسێک چەکێکت بە ئامانەت پێ بدات، پاش ماوەیەک بگەڕێتەوە بۆ چەکەکەی تۆ بزانیت بۆ کوشتنی کەسێک ئەو چەکەی دەوێت، چەکەکەی پێ دەدەیتەوە یان پێی نادەیتەوە؟) بە پێی ڕوانگەی قوتابخانەی ئەرکگەرایی دەبێت، چەکەکەی بۆ بگەڕێنیتەوە، بەڵام بە پێی ئەنجامگەرایی بێت، نابێت بیدەیتەوە. لەڕوانگەی یەکەمەوە، گێڕانەوەی ئامانەت ئەرکە، لەڕوانگەی دووەمەوە کەسێکی پێ دەکوژێت. خودگەرایی واتا: واتا مرۆڤەکە خۆی لەناوەوەی خۆیدا باش بێت، وەکوو ئەوەی “دیڤد هیۆم” دەڵێت:- توخمێک لە مامەڵەکە ڕووبەڕووی خۆت بکەیتەوە.
$سەرچاوەکان:$
ئاراس سەعید: کورتەیەک دەربارەی چەمکی مۆڕاڵ.
گۆڤاری ئایدیا ل. 31-34. ژمارە 78. ساڵی 2021.
حمید عەزیز: فەلسەفەی نوێی ئەوروپا. چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات- هەولێر 2012
ت.ز.لافین:من سقراط إلى سارتر (البحث الفلسفي)
دار نشر:المرکز القومي للترجمة. سنة النشر: 2012.
james Rachels, 2007 the Elements of Moral philosophy ,Fifths etidion by Stuart Rachels.McGraw-hill New york.
Kant’s Moral Philosophy
First published Mon Feb 23, 2004;
substantive revision Fri Jan 21, 2022
https://plato.stanford.edu/index.html
[1]