سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر ئێراق ڕایگەیاند، #نێچیرڤان بارزانی# هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بە تایبەتیی لەنێوان تورکیا و هێزەکانی هەسەدە دەدات و وتی: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە یەک کاتدا قسە لەگەڵ تورکیا و ڕۆژاوای کوردستان دەکات و دەیەوێت چەکەکان بێدەنگ بکرێن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕۆژی دووشەممە، #06-01-2025# لە وتەیەکیدا بۆ دیپلۆماتکاران و باڵیۆزەکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: پشت لە شەڕڤانانی کورد ناکەین.
د. #عادل باخەوان# ڕایگەیاند، ئەو قسانەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ باڵیۆزەکانی وڵاتەکەی کردنی، تەنیا تایبەت نین بە ڕۆژاوای کوردستان، بەڵکوو تایبەتیشن بە هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر ئێراق بە بیری هێنایەوە کاتێک ئەمریکا لە ئەفغانستان کشایەوە، سەرۆک ماکرۆن هاتە هەولێر و وتی: ئەگەر ئەمریکا هاوپەیمانەکانی جێبهێڵێت، ئەوان جێیان ناهێڵن، بە بڕوای عادل باخەوان ئەوە یەکێکە لە لێدوانە هەرە گرنگەکان لە مێژووی دیپلۆماسییەتی ئێمە دا.
عادل باخەوان دەڵێت: ئەگەر ماکرۆن ئەو قسەیەی بەرانبەر هەر گرووپ و پێکهاتەیەکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگوتایە، تەواوی جەستەی دیپلۆماسییەتی ئەو گرووپە وەکوو کوورەی هەنگ دەجووڵا بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکات.
سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر ئێراق، باسی کاریگەریی ماکرۆن لەسەر سەرکردەکانی جیهان دەکات و باسی دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ دەکات لە کاتی کردنەوەی کاتێدراڵی نۆتردام لە پاریس و دەڵێت: کاتێک سەرۆک ماکرۆن هەلومەرجی گفتوگۆ لەنێوان کاک نێچیرڤان و سەرۆک ترەمپ دەڕەخسێنێت، ئەوە ئاماژەیە ماکرۆن دەیەوێت ڕاستەوخۆ کارایی لەسەر بڕیارەکانی ترەمپ دابنێت لەبارەی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان.
عادل باخەوان باسی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بە تایبەت لەنێوان تورکیا و هێزەکانی هەسەدە و وتی: ئەوەندەی من ئاگادار بم سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە یەک کاتدا قسە لەگەڵ تورکیا و ڕۆژاوای کوردستان دەکات. ئەوەندەی من ئاگادار بم لە پشت پەردە و بەئارامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تورکیا و هەسەدە هەیە بۆ ئەوەی چەکەکەیان بێدەنگ بکرێن. ڕێک ئەو داوایەیە کە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کردی.
بە وتەی د. عادل باخەوان، فەرەنسا لەسەر سێ ئاست لە ڕۆژاوای کوردستان کار دەکات، ئاستی یەکەم بریتییە لە یەکخستنی ماڵی کورد، ئاستی دووەم تووندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، کە لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرەتا بە شاندێک دەستی پێ کرد و دواتر وەزیری دەرەوەی ناردە وڵاتەکە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە، دەیەوێت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا پرسی کورد بوروژێنێت و کوردانی سووریا لە حکومەتی داهاتوو دا ببنە دینامیکێکی ستراتیژی.
ئاستی سێیەمیش، وەکوو د. عادل باخەوان باسی دەکات. بریتییە لە هاوئاهەنگی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە؛ بەتایبەت لەگەڵ ئەنقەرە و واشنتن، دەیەوێت لەگەڵ تورکیا کار بکات تاوەکوو چەکەکان بێدەنگ بکرێن، فەرەنسییەکان لەگەڵ واشنتنیش کار دەکەن باوەڕ بە دۆناڵد ترەمپ بهێنێت، هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان نەکشێنێتەوە. [1]