دوای کۆتاهاتنی یارییەکانی هەردوو قۆناغی خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق، لیژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی ناوەندی بالەی ئێراق ڕیزبەندی یانەکانی کۆمەڵەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی ئاشکرا کرد.
لەو ڕیزبەندیە و لە کۆمەڵەی یەکەم یانەی شوڕتە بە 16 خاڵ یەکەم و غازی جنوب 14 خاڵی کۆکردەوە و دووەم بوو، هەروەک یانەی هیت بە 5 خاڵ سێیەمی ڕیزبەندی گرتووە.
ئەمە و لە کۆمەڵەی دووەم، تیمی بالەی یانەی پێشمەرگە بە 23 خاڵ لە 8 یاری و بێ شکست یەکەمی کۆمەڵەکەی بوو هەروەک یانەی نینوێ بە 17 خاڵ و میقدادیە بە 14 خاڵ پلەکانی دووەم و سێیەم یان گرتووە.
لە دوا کۆمەڵە و کۆمەڵەی سێیەم #یانەی وەرزشی هەولێر# 15 خاڵی کۆکردەوە بە یەکەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناغی هەشت تیمی و مەسافی شیمال بە 14 خاڵ دووەم و دەغارەش تەنیا 4 خاڵی هەیە و سێیەمە.
بەو ئەنجامانەش لە کۆمەڵەی یەکەم (یانەکانی شوڕتە و غاز جنوب) گەیشتنە قۆناغی هەشت تیمی و لە کۆمەڵەی دووەم (پێشمەرگە و نینوێ) بلیتی گەیشتنی قۆناغی هەشت تیمیان بڕی و هەرچی لە کۆمەڵەی سێیەمە یانەکانی (هەولێر و مەسافی شیمال) بەو قۆناغە شادبوون.
سەبارەت بە تەواوکاری یانەکانی قۆناغی هەشت، (ڕێبوار نووری) جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتی ناوەندی بالەی ئێراق بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، هەریەک لە یانەکانی (هیت، مقدادیە و دەغارە) لە کۆمەڵەکانی یەکەم تا سێیەم لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی دان و ئەو سێ یانەیە خولێکی دوو ڕۆژەیان بۆ دەکرێتەوە و دوو یانەیان دەگەنە قۆناغی هەشت تیمی و دواتر یارییەکانی قۆناغی هەشت تیمی بە شێوازی چوون و هاتن ئەنجام دەدرێت کە چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە چوار مانگ بخایەنێت. [1]