شارەدێیەکی خنجیلانەی سەربە شارۆچکەی #سۆران#ە لە ئەوپەڕی باکووری پارێزگای #هەولێر# و کەوتووەتە ڕۆژاوای شاری #شنۆ# وە. سیدەکان کە بە شارەدێی برادۆست دەناسرێت لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین شارەدێکانی هەولێرە و زۆربەی دەڤەرەکە شاخاویەو دەشتانیی کەمە. باشترین شوێنە بۆ بەروبوومی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ هەروەها لە ڕۆژگاری دێریندا ڕێرەوێکی گرینگی بازرگانی بووە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای پێکەوە بەستۆتەوە بە ڕێگەی کێلە شینەوە.
مێژووی سیدەکان:
مێژووی سیدەکان زۆر کەونارایە.. بنکەی خۆرپەرستی ڕۆژگاری ئۆرارتۆ لە نزیک ئەم شارۆچکەیە بووە و بە مساسر یان موصاصڕ دەناسرا کە ئەمڕۆ پاشماوەکانی لە گوندی مجێسەر دا ماون. شای ئاشووریەکان سەرگۆنی دووەم لە 714 پێش زایین هێرشێکی لە ناکاوی بردۆتە سەر پاشای موساسر ئورزانا و بەزاندوویەتی و پەرستگای پیرۆزی مساسری خاپوور کردووە و تاڵانی زێڕو زیوو و سەر و ماڵاتی دەڤەرەکەی خەڵکەکەی گواستۆتەوە بوو نینەوای پایتەختی ئاشووریەکان.. تۆمارەکانی خرسابادی نینەوا باس لەم هێرشەی شای ئاشوور دەکەن. نووسراوەی کێلەشین (کە ئەمڕۆ لە مۆزیمی ئورمیە پارێزراوە)و نووسراوەی سەر کێلی تۆپزاوا (کە لە مۆزیەمی هەولێرە) دوو شایەتحاڵی گرینگی مێژووی کەونارای سیدەکانن. لە ڕۆژگاری عەباسییەکان سیدەکان بەشێک بووە لە ویلایەتی ئازەربێجان و مووسڵ و بۆ ماوەیەک یەحیا ی بەرمەکی کە والی مووسڵ و ئازەرێجان بوو سەرپەرشتی ئیدارەی باج و دەرامەتی ڕێرەوی کێلەشین و گەلیی دەکرد. ڕۆژگارە کوردانی زەرزا (زەرزاری) و ڕەوەندی هەدبانی ڕۆڵی گرینگیان هەبوو لەم ناوچەیەدا. لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئەییوبیەکان سیدەکان بەشێک بووە لە دەوڵتی ئەییوبی و باج ودەرامەتی کێلەشین بەهۆی میرەکانی زەرزاوە ڕەوانەی میسڕ دەکرا. لە پەرتووکی صبح الاعشی دانراوی ساڵی 812 کۆچی باس لە سیدەکان و بەرازگر و کێلەشین دەکات و دەڵێت: چیای جنجرینی هەنداو شنۆ لەلای ڕاستەوە زیدی هۆزێکە بە ناوی زەرزا هەروەها باس لە دەڤەری مازکرد (بەرازگرد) و ڕستاق (ڕۆست) ومرت (هێرت) دەکات و ناوی میر حوسامەدینی زەرزاری دێنێت کە ئەوسا میری سیدەکان بووە و میر حنش کوڕی ئیسماعیلیش میری بەرازگر بووە و هاوچەرخی حوکمدارێتی هۆلاکۆ بوونە کە پاتەختەکەی لە مەراغەو تەورێز بووە. لە ڕۆژگاری شەڕی دمدم سیدەکان و ڕەواندز هەر بەدەست هۆزی زەرزاوە بوو پاشان میری سۆران داگیری کرد.. لە دوای شەڕی دمدم نەوەکانی خانی لەپزێڕین میرایەتی سیدەکان و بەرازگریان پێدرا و تا لە ڕۆژگاری میری ڕەواندز (پاشای گەورە 1820) دووبارە خرایەوە ژێر کۆنترۆڵی میرنشینی سۆرانەوە. لە ساڵی 1837 کاتێک ڕاولینسنی گەڕیدەی ئینگلیز گەیشتۆتە ڕەواندز ناوچەی برادۆست لە دۆخێکی نالەباردا بوو. پاش چەند ساڵێک لەشکری ئێران لە دیوی شنۆوە هێرشێکی کردە سەر قەڵای سیدەکان و بۆ ماویوەک تۆپبارانیان کرد بەڵام دواتر کشانەوە بۆ ئەودیوی سنوور. لە سەرەتای سەدەی بیستەم پاش هەرەسی شۆڕشی شێخ عوبیدوڵای نەهری 1882 ناوچەکە شڵەقا و بووە پەناگەی چەندین خەڵکی ئورمێ و شەمدینان، لە 1917 کاتێک لەشکری ڕووسیا هێرشی کردە سەر ڕەواندز بەشێکی سوپای ڕووس وهاوپەیمانە ئاشوریەکان ڕژانە دیوی برادۆست.. هیرَرشبەرانی ڕووس ڕووبەڕووی بەرگری هۆزەکان بوونەوە و ئەو کاتە لەشکری برادۆست پێکهاتبوو لە مەحمود خانی بێنارو عەوڵابەگی بێنار لە دیوی سیدەکانیش محەمەدسلیم بوو. کاتێک سمکۆ پەنای بردە بەر سیدەکان لە گوندی ژووژیلەی بناری چیای بۆڵێ گیرسایەوەو لەشکری شکاک بە ناوچەکەدا بڵاوببوون تا ساڵی 1930 کاتێک سمکۆ گەڕایەوە ئێران و لە شنۆ شەهیدکرا. هەر لەو ساتەدا لە لۆڵان خانەقای شێخ ڕەشید ناوبانگی دەرکرد و موریدێکی زۆری لە دەوری خۆی کۆکردەوە. پاشان لە سییەکان لەگەڵ دراوسێکانی لە بارزان دووچاری کیشەو ناکۆکی بوون... لە سەردەمی ئینگلیزەگان لەو شوێنەی ئێستا یەکەیەکی ئیداری پێک هات و سیدەکان کرا بە شارەدێ. لە سەردەمی کۆماری مەهاباد مەحمودبەگ گەورەی ناوچەکە بوو. لە پاش ساڵی 1958 شێخ ڕەشیدی لۆلان لە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم هەڵگەڕایەوەو پەنای بردە بەر ئێران، ، دواتر ناوچەکە لەلایەن شیوعییەکانی لایەنگری دەوڵەتی ئێراق و بارزانییەکانەوە کۆنترۆڵکرا.. لە ساڵی 1961 تا 1975 ناوچەکە نائارامییەکی زۆری بەخوە بینی و لە ساڵی 1978 پاش پەیدابوونی مەفرەزەکانی پێشمەرگە لە هەکاری و خواکوڕک.. ناوچە سنووریەکانی چۆلکران و خەڵکەکەی ڕاگوازرانەوە هەولێر و لە کۆمەڵگەکانی کەسنەزان و دیگەڵەو تۆپزاوە نیشتەجێکران. لە پاش ساڵی 1984 سیدەکان بەرەیەکی گرینگی شەڕی نێوان ئێران وئێراق بوو.
جوگرافیای سیدەکان:
ناوچەکە بە گشتی هاوینان فێنک و مەیلەو گەرمە و زستانیشی ساردو بەفراویە. ڕێژەی بارانبارینی لە چاو ناوچەکانی تر بەرزترەو و بەفر لە کێوە سەرکەژەکانیدا دەمێنێت..
(دەستکاری)رووبارەکان
گادەر و بۆگەن و هاجیبەگ و نزاری و زەنا هەر لە سیدەکانەوە سەرچاوە دەگرن. ڕێرەوی گادەر بەرەو شنۆ دەشتی سندووسە تا دەریای ورمی و هاجیبەگ دەڕژێتە زێی گەورە لە ڕێزان و نزارێ و زەنا تێکەڵی ئاوی ڕووباری قەلەندەر دەبنەوە و دەڕژێتە ڕووباری ڕەواندز و تێکەڵی ئاوی زێی گەورە دەبێتەوە
بێرم:
لە کۆپکی زۆزانەکانی برادۆست، چەند گۆمی مەزن هەن کە جێماوەی بورکانین و بە بێرم دەناسرێن. گرینگترینیان بێرمی دیندارانه. لەنێوان گوندی بیرکم و کێلەشین.
چیاکان:
بەرزترین چیای کوردستانی باشوور حەساررۆست و کۆپکەکەی (هەڵگورد) کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی سیدەکان. چیاکانی تر بریتین لە: چیای حەسەنبەگ (هەنداو دیانا)، چیای ڕەبەنۆک و سەری بەردی گۆشینە (لە هەنداو شارۆچکەی سیدەکان)، چیای بۆڵێ، چیای بەربزین، چیای قەلەندەر، چیای شەکیو، چیای ئاودەلکی و سیاکۆ شەماشە هاجەر، چیاکانی خواکوڕک و بەرازگر)
دەشتەکان:
گرینترین دەشتایی ناوچەی سیدەکانی برادۆست: بریتین لە دەشتی هێرت و دەشتی بەرازگر. [1]