عەباس باقر کازم، ناسراو بە (عباس البدری)
ساڵی (1943) لە گەڕەکی (عقد الاکراد _گەڕەکی کوردان) لە شاری بەغدا لە دایک بووە.
سەرەتای نووسینی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1959).
بۆ یەکەم جار لە ساڵی (1960) لە ڕۆژنامەی (خەبات) کاری کردووە.
ساڵی (1961) لە بەشی ڕۆشنبیری (صوت الاکراد -دەنگی کوردان) کاری کردووە.
لە ساڵی 1963 پەیوەندی کردووە بە شۆڕشی ئەیلول.
لە ساڵی 1964 دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا بە مەبەستی کاری ڕێکخستن، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی بەغدا دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی (3) ساڵ لە زیندانی نوگرەسەلمان زیندانی دەکرێت.
دوای ئازاد کردنی و لە ساڵی (1968) لە ڕۆژنامەی (النور-ڕووناکی) درێژە بەکاری ڕاگەیاندن دەدات تا ئەو کاتەی لەلایەن دەسڵاتدارانی ئەو کاتەی بەغدا دادەخرێ.
لە ساڵی 1973 لە هەردوو گۆڤاری (ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و سینەما و شانۆ) کاری کردووە، هەروەها لە ڕۆژنامەکانی وەک (الفکر الجدید، الجمهوریە، العراق) و ڕادیۆی (بەغدا) کاری کردووە.
هەتا ساڵی (1980) لەبەر هەڵوێستەکانی لە دژی بەعس و لەبەر ئەوەی کە کوردی فەیلی بووە (تەرحیل) واتا بەرەو وڵاتی ئێران ڕادەگوێزرێ، بەو شێوەیە لە ئاوارەیدا دەمێنێتەوە، لە وڵاتی ئێران بەڵام پەیوەندی نەپچڕا لەگەڵ هەڤاڵەکانی و هاوڕێکانی و بەردەوام دەبێت لە نووسین تا ساڵی (1988) کە لەلایەن هەڤاڵەکانی دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندن داوای لێدەکرێت کە جارێکی تر درێژە بە کاری خۆی لە ڕاگەیاندنی (ی.ن.ک) بدات، کە ئەمەش لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی (مام جلال) بووە، ئەویش بەبێ هیچ دوودڵییەک بەردەوام دەبێت لە خزمەتی گەل و نیشتمان و ئەو ڕ ِێبازەی کە باوەڕی پێ بوو.
وەک هاوڕێ و هەڤاڵەکانی دەگێرنەوە دەستێکی باڵای هەبووە لە گەشەکردنی بڵاوکراوەی (الشرارە) و بەشی عەرەبی (ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان) ، بەمشێوەیە بەبێ (دابڕان) بەردەوامی دەبێت لە خەبات هەتا ڕاپەڕینی (ئاداری1991)، لە دوای ڕاپەڕین یەکێک دەبێت لە ڕاگەیاندنکارانی هاوڕێی شاندی دانووستکارانی کورد لەگەڵ ڕژێمی بەعس، کە ئەوکات بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان ئەنجام دەدرا، هەر دوای کۆنگرەی یەکەمی (ی.ن.ک) ، کاتێک بڕیار دەدرێت بە گۆڕینی ناوی (الشرارە) بۆ (الاتحاد) دەبێت بە یەکەم سەرنووسەری ڕۆژنامەی (الاتحاد) ، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵێکی کارای هەبوە لە گەشەکردنی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) ، پاشان دەبێتە بەڕێوەبەری (ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان) و بەرپرسی بەشی هەواڵی تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان.
لە ساڵی (1993 بۆ 1997) لە (تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان) بەرنامەی (حدیث الیوم) ئامادە و پێشەکەش دەکرد و بەڵام درێژەی داوە بە نووسینەکانی لە ڕۆژنامەی (الاتحاد).
لە ساڵی (2000) دامەزرێنەری بەشی عەرەبی کەناڵی ئاسمانی (kurdsat) دەبێت و بەرنامەیەکی دەبێت بە ناوی (الی الملتقی) هەتا ساڵی (2003) و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و لەگەڵ هەڤاڵەکانی (الاتحاد) دادەمەزرێنن کە ئەوکات وەکوو یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی دوای ڕووخانی ڕژێم بوو بە مانشێتی زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکان، بەوشێوەیە بەردەوام بوو لە (الاتحاد) ، هەتا ساڵی (2006) دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی (مام جلال) داوای لێدەکرێت لە (تۆڕی میدیایی ئێراق) وەکوو کوردێک لەناو کوردیش کە بۆ (ی.ن.ک) بووە کاربکات و دەبێتە (ئەندامی دەستەی دادوەری) لەو دەزگایە هەتا ساڵی (2010) .
(عباس البدری) دانەبڕا لە نووسین و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی بە تایبەت دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی (تەکنەلۆژی) ئەویش لە ڕێگەی ماڵپەرە ئەدەبی و ڕۆشنبیری سیاسەکان و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان، کە بە داخەوە دوا نووسینی (عباس البدری) نوووسەر و ئەدیب و عاشق بابەتی (العشق مصارع لا یصرع) ، واتە (عەشق زۆرانبازێکە زۆرانی لەگەڵ ناگیرێ) بوو کە لە ڕۆژی (31-12-2014) نووسیوێتی.
مامۆستا (عباس البدری) زۆر بەئارامی ماڵئاوای لێکردین هەروەک چۆن بە هێمنی لەگەڵماندا ژیا، لە ڕۆژی (14-01-2015) دڵی لە لێدان کەوت و بەجێی هێشتین.
بەڵی عباس بدری بە جەستە لەلامان نەما، بەڵام هەروەک چۆن دۆستان و هاوڕێ و هەڤاڵەکانی دەڵێن عەباس بەدری بەقسەخۆشەکانی و نووسینەکانی و ئامۆژگاری و ڕەخنە (بوونیاتنەرەکانی) لە ناوماندا بۆ هەتاهەتایە بەزیندوویی دەمێنێتەوە. [1]