ساڵی (1955) لە گوندی (لەک) ی سەر بە ناوچەی داوودەی مەکۆی شۆڕش و کوردایەتی لە بنەماڵەیەکی هەژار و کەمدرامەت چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. و لە ساڵی (1964) بە ماڵ و خێزانەوە دەچنە شارۆچکەی لەیلان و لەوێ نیشتەجێ دەبن، قۆناخی خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگای لەیلان تەواو کردوە و لە خوێندن بەردەوام بووە تا پۆلی دووی ناوەندی، بەڵام لە بەر هەژاری و کەمدەرامەتی خێزانەکەیان دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و لە ساڵی (1971) و لە تەمەنی شازدە ساڵیدا بووە بە پێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلولی مەزندا و بەشداری دەیان چالاکی پارتی کردوە لەو سەردەمەدا.
فەرماندەی مەفرەزەی ئەندازیاری و هەڵگرتنەوەی مین بووە. هەروەها بەشداری چەند خولێکی کردوە لە فەرماندەی ناوبراو و سەرکەوتوو بووە لە هەموو ئەو خولانەدا. دواتر چووەتە بەتالیۆنی (2) ی زۆزگ، لە ساڵی (1974) لە زۆربەی شەڕەکانی کوردستان بەشدار بووە و تێدا ڕۆڵی باڵای بینیوە لەو شەڕانەدا بۆ دوو جاریش بریندار بووە و یەکێک لە برینەکانی زۆر سەخت بووە وە لە ئەنجامدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی (تاران) کراوە.
شەهید گڕکۆ لە هەموو چالاکێکانی پارتی بەشدار بووە تاوەکو هەرەس هێنان بە شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی (1975) پاشان ئاوارەی ئێران دەبێت.
هەر لەگەڵ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە ڕابەرایەتی (ی. ن. ک) لە ساڵی (1976) دیسانەوە شەهید چەکی مەردایەتی هەڵدەگرێت و پەیوەندی بە (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) ەوە دەکات. سەرەتا لە هەردوو ناوچەی قەڕەداخ و #گەرمیان# درێژە بە خەبات دەدات و لەو ناوچەیەدا ڕۆڵێکی زۆر باشی گێڕاوە لە هاندانی خەڵکی ئەو دەڤەرە بۆ نێو ڕێزەکانی شۆڕشی نوێ گەلەکەمان.
لە ساڵی (1978 – 1979) دەبێتە ڕابەری سیاسی هەرێمی دووی قەراخ و فەرماندەی کەرتیشی لە ئەستودا دەبێت و بەشداری چەندین شەڕی قورسی کردوە لەوانە: (قەرەداخ و تەپە عەرەب و قازان قایە و سێوسێنان و عەلیان و ستۆڵی سەروو و ستۆڵی خوارو و... هتد).
شەهید لەگەڵ ئەم هەڤاڵانەدا پێشمەرگە بووە لەوانە: (شەهید خالید گەرمیانی، شەهید سیروان، شەهید مام نامیق (#چەمچەماڵ#)، شەهید ڕزگار مام نامیق، مام ڕۆستەم، ئەحمەد وەیس (بەڕێوەبەری ئاسایش)، مام ساڵح، گوندی گورئەسپ، شێخ جەعفەر وەزیری پێشمەرگە، سامان گەرمیانی، غیدان شاکر (#خورماتوو#)، حەمە ئەمین مام نامیق (چەمچەماڵ).
شەهید بە مەبەستی لێدانی دەزگا و بنکە ئەمنیەکانی ناو شاری #کەرکووک# لە بەرواری (24- #25-05-1979#) لەگەڵ چەند هەڤاڵێکیدا ئەچنە ناو شاری کەرکووکەوە دووچاری شەرێکی قورس دەبنەوە لەگەڵ فاشستەکانی مەنزومەی ئەمنی (کەرامە) دا هەر لەو شەڕەدا بریندار دەکرێت و بە دیل دەگێردرێت و دواتر شەهید دەکریت وە تاوەکو ئێستاش تەرمی پیرۆزی ئەم پێشمەرگەیە نەگەڕاوەتەوە باوەشی کوردستان و شارە خۆشەویستەکەی کەرکووک.