ساڵی 1868 لەدایکبوە و دوای ئەوەی خوێندنی مامۆستایەتی تەواو کردوه، لەساڵی 1888ەوە سەرەتا لەگوندی “شاتەخت”ی نەخجەوان و ئینجا لەگوندی “قەمەرلی” مامۆستایەتی کردوه. بەهۆی ئەوەی ساڵانە لەگەڵ ماڵباتەکەی دەچنە هەواری “ئەلەگەز” بۆ ناو خانەوادە کوردەکان، لەڕێی مناڵانی کوردەوە فێری ئەو زمانە دەبێت و وەکوو زمانی زگماکی خۆی قسەی پێدەکات و بەکاری دێنێت.
دە ساڵی 1905دا بۆ مامۆستایەتی ڕەوانەی گوندی “زۆرێ” دەکرێت کەدانیشتوانی کوردن. هەر وەک کوڕەکەی دەگێڕێتەوە لەوێ ئەلفوبێی زمانی کوردی ئامادە دەکات. هەروەک دەزانین ساڵانی 1920 قۆناغی وشیاربوونەوە و پێشکەوتنی کوردانی سۆڤییەته. هەر لەو ساڵانەدا، دەوڵەت دەیەوێت ئەلفوبێ بۆ زمانی کەمینەکان چێ بکات. بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسگرێکه، یەکێتی سۆڤییەت دەوڵەتی قەفقازیا ڕادەسپێرێت و لەوێ لێژنەیەک لەکەسانی پسپۆڕ پێکدێت کە خەبات دەکەن بۆ ئامادەکردنی ئەلفوبێ بۆ کەمینە زمانییەکان. بڕیاری ئەلفوبێی لاتینی بۆ گەلەک زمانی وەک (تورکی، کوردی، ئاشووری، ئۆسەت) دەدرێت و داوا لەزانایانی ئەو نەتەوانە دەکرێت لەبەرامبەر هەر دەنگێکدا تیپێکی لاتینی بدۆزنەوەو وەک ڕاپۆرتێک پێشکەش بە لێژنەکەی بکەن.
سەرەتا کەسانی وەک “ئۆربەللی” و “ن. مار” کەوتنە خۆ، بەڵام سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا. لەو کاتەدا مارگولۆڤیش کەوتە ناو هەوڵدانێکی چڕوپڕەوە بۆ دانانی ئەلفوبێیەک بەزمانی کوردی. لەساڵی 1928دا مارگولۆف بەگوێرەی فۆنەتیکی زمانی کوردی ئەلفوبێیەک دادەنێت و ڕادەستی لێژنەکەی دەکات کە لێژنەکەش پەسندو پێشکەشی دەوڵەتی قەفقازیای دەکات. لەساڵی 1929دا دەوڵەتی قەفقازیا بەشێوەیەکی فەرمی ئەلفوبێی مارگولۆف دەپەژرێنێ. بەدوای ئەمەدا مارگولۆف هەوڵی ناساندنی ئەلفوبێیەکەی دەدات، مامۆستایانی کورد لەدەوری یەک کۆ دەکاتەوە و فێری ئەلفوبێی تازەیان دەکات. بەناو کوردەکاندا دەگەڕێت و پێیان دەناسێنێ.
بەڵام لە ساڵی 1930دا ئەم ئەلفوبێیە لەلایەن وڵاتانی سۆڤییەتەوە هەڵدەوەشێتەوه، لەساڵی 1941دا لەئەرمەنستان و بەپێی بڕیارێکی ئەو وڵاتە ئەلفوبێی کوردی بەتیپی کریلی دادەنرێت و دانی پیا دەنرێت. نەتەنێ ئەلفوبێی کوردی، بەڵکە هەموو ئەوانەی بەلاتینی ئامادە کرابون، هەڵوەشێنرانەوە و کران بەتیپی کریلی. ئەمەش بێ ئیرادەی کوردو نەتەوەکانی تر پێکدێت.
مارگولۆف تا لەژیاندا بوو (6ی ڕەزبەری 1933 کۆچی دوایی کردوه) کاری لەسەر ئەلفوبێی و زمانی کوردی کرد. لەگۆڤارێکی ڕوسی زماندا بەناوی “وێژەو چاندی ڕۆژهەڵات” بابەتێکی زانستی لەسەر ئەلفوبێی کوردی بڵاو دەکاتەوەو ئەم نوسینەش دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت. دواتر چەندین دۆسیە و بەرهەمی تریش هەر لەمبارەوە ئامادە دەکات.
بەڵام ئەوەی لەخەباتەکەی مارگولۆفدا جێگەی داخە ئەوەیە کە هەوڵەکانی هاوکاتن لەگەڵ خەباتی جەلادەت بەدرخان و هاورێیانی، ئەمەش تا ڕادەیەک ماندوبونی ئەوی شاردۆتەوه. بەڵام چی کردوە کە ئاگایان لەیەکتر نەبووە و سودیان لەیەکتری وەرنەگرتوه. ئەوەی ئاشکرایە ئەلفوبێیەکەی مارگولۆف لە 37 پیت پێکدێت.