خەندان - کامەران عەبدە ساڵح
بەپێی ئاماری لقی ڕانیەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، لەماوەی ساڵی 2013دا، هەشت کرێکاری ناوچەکە، لەکاتی کارکردنیان لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە، کە مردنی پێنج کرێکاریان بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە بووە، شەش کرێکاری تریش بەشێوەی جیاجیا کەمئەندام و برینداربوون، بەشێوەیەکی گشتی هۆکاری زۆربەی ڕوداوەکان پابەندنەبوونە بە مەرجەکانی سەلامەتی لەکاتی کارکردندا.
ئەم ئامارە دەریدەخات، بەبەراورد بەساڵی 2012، ژمارەی کرێکارانی قوربانی لەسنورەکە زیادیکردووە، چونکە لەوساڵەدا دوو کرێکار لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوەو، سێ کرێکاریش برینداربوون.
بەپێی بەدواداچوونی خەندان، بەشێک لە کرێکارەکان، بەمجۆرەی خوارەوە بوونەتە قوربانیی بژێوی ژیانیان:
دوایین کرێکار کە ساڵی ڕابردوو لەسنوری ڕانیە بۆتە قوربانی، گەنجێکی دانیشتووی حاجیاوایە، ڕۆژی 26ی کانونی دووەم لەکاتی کارکردن لەدروستکردنی مزگەوتێکدا لە ناحیەی حاجیاوا، بەسەختی برینداربووە و، لە مردنێکی مسۆگەر ڕزگاری بووە.
ئه و گەنجە لەوکاتەدا دەبێتە قوربانی، کە سەقفی مزگەوتەکە تێدەکرێت، لەپڕێکدا تەواوی بینای مزگەوتەکە بەسەر کرێکارەکاندا دەڕوخێت.
وەک لە دۆسیەی پۆلیسدا ڕوونکراوەتەوە، هۆکاری سەرەکی ڕوداوەکە بۆ بێئەزمونی وەستا و کرێکارانی مزگەوتەکە دەگەڕێتەوە لەگەڵ دەزگای مێکسەر، کە کاری تێکردنی چیمەنتۆیە، چونکە لەماوەیەکی زۆرکەمتر لە وادەی ئاسایی خۆی، سەقفی بیناکەیان تێکردووە، کە بریتبووە لە 25 تۆن چیمەنتۆ، ئەمەش وایکردووە قورسایی بکەوێتە سەر تەخته و دارەکان و بشکێن، دواجاریش ئه و ڕوداوەی لێبکەوێتەوە.
کرێکارێکی دیکەی ناوچەکە، ئێوارەی ڕۆژی 22ی ئەیلول گیانی لەدەستداوە، تەمەنی 20 ساڵ و ناوی دیار ئەبوبەکر محەمەد بووە، لەکاتی کارکردنیدا لە خانوویەکی سێ نهۆمی لە گەرەکی کارەبا لە قەڵادزێ، تەزووی کارەبای بەرکەوتووە و، بەوهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی نەقیب مستەفا محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، کە دەربارەی ڕوداوەکە داویەتییە خەندان، دیار لەکاتی لەبغکردنی دیواری خانووەکەدا، دەستی بەر وایەری کارەبا کەوتووە.
هەر لەمانگی ئەیلول و لەڕۆژی 3ی ئه و مانگەدا، کرێکارێکی دیکە لەکاتی کارکردنیدا لە یەکێک لەکارگەکانی دروستکردنی بلۆکی بیناسازی، گیانی لەدەستداوە.
لەوبارەیەشەوە، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەرین بۆ خەندان ئاماژە بەوە دەکات، ئه و ڕۆژە لەلایەن بنکەی پۆلیسی ماکۆک لە شارۆچکەی حاجیاوا لە ڕوداوی گیانلەدەستدانی کرێکارێک لە کارگەی بلۆکی "لەنیا" لەگوندی گردجان ئاگادارکراونەتەوە.
لێکۆڵینەوەکانیش دەریانخستووە، کرێکارەکە تەمەنی 41 ساڵ بووە، لەکاتی خاوێنکردنەوەی گۆلی چیمەنتۆ لە کارگەی بلۆکی لەنیا کەوتۆتە ناو خەباتەی کارگەکەوە، بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
ئه و ڕۆژەی کرێکارەکە تیایدا بووە قوربانی، هەمان ئەوڕۆژە لە کارگەکە دامەزرابوو، دوای خۆیشی،هاوسەرەکەی و منداڵێکی سێ مانگی جێهێشت کە لەخانووی کرێدا نیشتەجێن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، تائێستا دەرنەکەوتووە کە ئاخۆ لەلایەن سەرپەرشتیاری کارگەکەوە کەمتەرمی هەبووە لەڕووی دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی کرێکارانەوە یان نا، لەبەرئەوە هیچکەسێک بەهۆی ئەو ڕوداوەوە دەستگیر نەکراوە.
کرێکارێکی دیکەی ناوچەکە، کە هەر لەساڵی ڕابردوودا بۆتە فوربانی، ناوی خدر وسو-ە، ئه و پیاوە بەشێک لە ئەندامانی جەستەی بەخشیوە بە پاروویەک نان.
بەپێی دۆسیەی ئه و کرێکارە لە پۆلیس، لەکاتێکدا سەرقاڵی تەقینەوەی بڕێک مادەی تیئێنتی بووە بەمەبەستی بەکارهێنانی لە پرۆژەی فراوانکردنی جاددەی نێوان خاڵی سنووری کێلێ – قەڵادزێ، تیئێنتییەکە بەخۆیدا تەقیوەتەوە، لەو ڕوداوەدا، جگە لە لەناوچوونی تەواوی پەنجەکانی دەستی، زیانێکی زۆر بە چاوەکانیشی گەیشتووە.
خاڵی سنووری کێلێ، 22 کیلۆمەتر لە قەڵادزێ-ی ناوەندی قەزای پشدەر و 180 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای سلێمانیەوە دوورە.
حسێن محەمەد، هەڵسوڕاوی بواری مافەکانی مرۆڤ و، داکۆکیکار لەمافەکانی کرێکاران، لەڕیگەی خەندانەوە، دوو داواکاری ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە پێویستە بەزووترین کات جێبەجێ بکرێن، ئەویش لەپێناو پاراستنی ماف و گیانی کرێکاراندا.
داواکاریی یەکەمی حسێن محەمەد، پێکهینانی لیژنەیەکە لە پسپۆڕانی بواری سەلامەتی کار، کە نوێنەری هەڵبژێردراوی کرێکاران لە ناوەندە جیاوازەکانی کاردا لەخۆبگرێت، کاربکات بۆ ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ناوەندەکانی کار بۆ پابەندبوونیان بەمەرجەکانی سەلامەتی کار و زەمانەتی ژیان، کە نەبوونی بۆتە هۆی کارەسات بۆ گیانی کرێکاران و خێزانەکانیان.
لە دووەم داواکاریشیدا، ئه و داکۆکیکارەی مافەکانی کرێکاران داوادەکات، حکومەتی هەرێم کاربکات بۆ قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانی کرێکارانی گیانبەختکردوو، ئەویش بەدابینکرنی مووچەیەک بەگوێرەی پێداویستیەکانی ژیانیان.
- 03-01-2014