ئاماری تەقینەوه و کردەوە خۆکوژییەکانی ساڵی ڕابردو، دەریدەخات لەماوەی ساڵی ڕابردودا (392) کەس لەکەرکووک کوژراون و (619) کەسیش برینداربون. بەڕای شارەزایەکی بواری ئەمنی کرانەوەی سنورەکانی سوریاو نەبونی پلانێکی ئەمنی تۆکمە بوەتە هۆی زیادبونی تەقینەوەکان و هەڵکشانی ژمارەی قوربانیەکان.
ئا: سۆران کامەران
بەپێی ئامارێک کە وێنەیەکی دەست ئاوێنە کەوتوە، لەماوەی ساڵی (2013)دا لەسنوری شاری کەرکووک (72) ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوو (645) بۆمب تەقیوەتەوە، بەهۆی ئه و کردەوانەشەوە (392) کەس کوژراون و (619) کەسیش برینداربون. هەر له و ئامارەدا (150) حاڵەتی ڕفاندنی هاوڵاتیانی شارەکە تۆمارکراوە.
قەزای خورماتو، ساڵی ڕابردوی ساڵێکی خوێناوی بو، بەجۆرێک کەم ڕۆژ هەبو هەواڵی تەقینەوەکانی ئه و قەزایە نەبێتە سەردێڕی هەواڵی میدیا عێراقی و جیهانیەکان. ئاماری ڕوداوەکانی خورماتو ئاشکرای دەکات لەسەر ئاستی هەمو عێراق زۆرترین ڕێژەی قوربانی تۆمارکردوە و تائێستا هیچ قەزایەک هێندەی خورماتوو قوربانی نەداوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، لەساڵی ڕابردودا (145) تەقینەوە له و قەزایە ڕویداوه و بوەتە هۆی کوژرانی (270) کەس و برینداربونی (790) کەس. بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو، ڕێژەی تەقینەوەکان و ژمارەی قوربانیەکان بۆ چوار هێندە زیادیکردوە، بەمەش قەزای خورماتو بەخوێناویترین قەزا لەسەر ئاستی عێراق دادەنرێت.
هەر بەپێی ئه و زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی ئەمنیەوە دەست ئاوێنە کەوتوە، لەماوەی ساڵی ڕابردودا لەسەرجەم ناوچە دابڕاوەکانی کوردستاندا، ڕێژەی سەرجەم قوربانیەکان گەیشتۆتە (2071) کوژراوو بریندار.
لەبارەی زۆربونی تەقینەوەکان و هەڵکشانی ژمارەی قوربانیەکانەوە، پسپۆڕی بواری ئەمنی شاخەوان عەبدوڵڵا دەلۆیی، بە ئاوێنەی ڕاگەیاند هۆکاری سەرەکی زیادبونی کردەوە چەکدارییەکان و تەقینەوەکان کردنەوەی سنورەکانی سوریایە بەڕوی عێراقدا، تێکچونی دۆخی سوریاش بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری زۆری هەبووە.
بەڕای دەلۆیی، لەکەرکووک کەرەستەی چاکبونی دۆخی ئەمنی هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا ڕایدەگەیەنێت نەبونی پلانی ئەمنی هۆکارێکە بۆ خراپبونی دۆخەکە، هەروەها دەڵێت یەکێکی دیکە لەهۆکارەکان ئەوەیە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە بەشێوەیەکی دڵسۆزانە کار ناکرێت.
بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەمنی کەرکووک، دەلۆیی پێشنیار دەکات بازگەکان ڕادەستی کەسانی پسپۆڕ بکرێت و بۆ ئه و مەبەستەش سود لەهێزەکانی ئاسایش وەربگیرێت، داواشدەکات لەمەودوا ئیدارەی کەرکووک زۆر خۆی پەیوەست نەکات بەحکومەتی ناوەندییەوە، چونکە حکومەتی ناوەندی زۆر لاوازه و دەتوانرێت هەنگاوی کرداری زۆر بۆ باشکردنی دۆخەکە بنرێت.
- 16-01-2014