خەندان – ئەلعەربیە نێت
لە ڕاپۆرتێکی سەنتەری جیهانی لێکۆڵینەوەکانی گەشەپێدان کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، پێشبینی کراوە، هەرێمی کوردستان لەدووساڵی داهاتوودا لەعیراق جیا بێتەوە و دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنێت.
راپۆرتەکە ئەوەی خستەڕوو کە، ئه و ڕەوشەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوه و بەرگەنەگرتنی ئه و فشارە داراییانەی لەلایەن بەغداوە دەکرێتە سەر هەرێم لەخەرجنەکردنی بودجەی گشتیی و ڕێنەدان بە هەناردەی نەوت، وادەکات دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەعیراق جیاببنەوه و دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆی ڕابگەیەنن.
لەراپۆرتەکەدا هاتوو، هەناردەی نەوتی هەرێم یەکەم دەرکەوتنی ڕوخساری دەوڵەتی کوردیە، هەروەک ئه و ئاماژانەی کە لەحکومەتی تورکیاوە دەردەچن، بەئاراستەی ئەوەدایە کە لاری نەبێت لە دامەزراندنی ئه و دەوڵەتە کوردیە، تورکیا و حکومەتی ئەردۆغان وەک هاوپەیمانێکی ستراتیجی دەڕواننە هەرێمی کوردستان، هەربه و هۆیەوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان هەردوولادا گەیشتۆتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار، نزیکەی 1600 کۆمپانیای تورکیاش لەهەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاریی دەکەن و هەموو ئامادەکارییەکیش کراوە نەوتی هەرێم هەناردەی تورکیا بکرێت و لەوێوە بەره و جیهان ڕەوانە بکرێت، ئەمانە هەموو ئاماژەی ڕونن لەسەر ڕەزامەندی تورکیا بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی کوردی لەباکوری عیراق.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێران لاری نیە لەدامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی، لەبەر ئەوەی تاران بەتەواوی دەزانێت کە جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لەعیراق توانای عیراق لەرێکخراوی ئۆپیک کەمدەکاتەوە، بەتایبەت لەئێستادا کە عیراق دەیەوێت بەسەنگێکی زۆرەوە بگەڕێتەوە بازاڕەکانی نەوتی جیهان، دوای لابردنی سزاکان لەسەری.
بەڵام سوریا لەئێستادا توانای دەربڕینی بۆچوونی خۆی نیە لەبارەی دۆزی کورد، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی کە کوردانی سوریا بوونەتە بەشێک لەململانێ خوێناوییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە.
راپۆرتەکە ئەوەشی تێدا هاتووەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا ڕێگریی ناکەن لەراگەیاندنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ، بەهۆی بوونی زۆرینەی کۆمپانیا نەوتیەکانیان لەهەرێمی کوردستان، لەگەڵ گرنگیی تەواویان بەگرێبەستە نەوتیەکانیان لەگەڵ هەرێم و خواستیان لە تێپەڕاندنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کەبەهۆیەوە لەمپەر لەبەردەم هەناردەکانی نەوتی عیراق دروستبووە بەره و بازاڕەکانی جیهان ناچن.
بەرهەمی نەوت بڕیار لەسەر جیابوونەوەی کوردستان دەدات
راپۆرتی سەنتەری جیهانی لێکۆڵینەوەکانی گەشەپێدانی بەریتانیا ئاماژە بەوەدەکات کە بەغدا بەرپرسیارێتی هەر بڕیارێکی لەئەستۆدایە کورد بیدات لەبارەی جیابوونەوەی، بەوپێیەی ڕێگرییەکانی بەغدا لەپڕکردنەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی کە بەسەدا 17 و ڕێگریی کردنی لە هەناردەی نەوتی هەرێم، هیچ بژاردەیەکی لەبەردەم کوردا نەهێشتۆتەوە، جگە لەوەی کورد بەدوای چارەسەری قەیرانەکانیدا بگەڕێت.
راپۆرتەکە ئەوەشی ڕوونکردۆتەوە کە، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی هاوکار دەبێت بۆ فرۆشتنی یەدەکی نەوتی هەرێم لەبازاڕەکانی جیهاندا، هەروەک داهاتەکشی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی هەرێمی کوردستان بەتەنیا.
راپۆرتەکە ئه و ئاستەنگانەشی خستۆتەڕوو کەدێنەبەردەم دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لەهەرێمی کوردستان، ئەویش لەڕێی وڵاتانی دراوسێ و داهاتی نەوتی هەرێم لەکاتی جیابوونەوەی لەبەغدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەدا 17 بودجەی هەرێم لەبودجەی گشتیی عیراق بواری داوەتە هەرێم بۆ بەدەستهێنانی 25.517 ملیار دۆلار، بەڵام لەکاتی جیابوونەوە لەعیراق و فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا،ئەوا داهاتی هەرێم بەگوێرەی داهاتی نرخی ئێستای نەوتی لێدێت کە دەکاتە نزیکەی 15 ملیار دۆلار بۆ ساڵێک، بەجیاوازیی 10 ملیار دۆلار بەبەراورد بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عیراق.
هەروەک وزەی بەرهەمهاتوو ژێرخانی نەوتی هەرێم پێویستی بەکاتی زیاترە، هەربۆیە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لەئێستادا بەدوور دەزانرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەناردەی نزیکەی 280 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئه و کەموکورتیانەی لەبودجەدا سەریهەڵداوە، تابەهۆیەوە بتوانێت خۆی موچەی فەرمانبەرانی بدات بێئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، واتە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد، وەک دەوڵەتێک بەڕێژەیەکی زۆر پەیوەندیی بەداهاتی نەوت و توانای کۆمپانیا زەبەلاحەکانی هەرێم لەسەر ناردنە دەرەوە هەیە.
راپۆرتەکە ئەوەشی تێدا هاتووە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەساڵی 2017، هەناردەی 700 هەزار بەرمیل نەوت بکات لەرۆژێکدا، ئه و قۆناغەش بەیەکلایی کەرەوە هەژمار دەکرێت لەمێژووی عیراق و کوردستاندا.
هەروەک، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی پەیوەندیی بە توانای حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی بەغداوە هەیە لەسەر کرانەوەی بەڕووی بەرهەمی نەوتی زیاتر و چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە نرخی نەوت بەشێکی گرنگ لەرووخساری ئه و دەوڵەتە پێکدێنێت.
- 16-04-2014