بەداخەوە چەند ڕۆژێکە سەرەڕای هەوڵی کوردو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێوەنەگلان لە شەڕێکی نەخوازراو ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایانەی عێراق بەدەر لە ئیرادەی هەرێمی کوردستان ئەم شەڕو ئاڵۆزیانە لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بەرەورووی خەڵکی ناوچەکانی جەلەولاو سەعدیەو بە تایبەت شەنگالو زوومارو هێزی پێشمەرگە لە کوردستانی باشوور بوەتەوە.
چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بە پێی بیروباوەڕێکی دواکەوتووانەو کردەوەی توندئاژۆیانەیان هێرشی بەربڵاویان کردوەتە سەر ئەو ناوچانە ژمارەیەکی زۆریان لێ شەهید کردوون، ژمارەیەکی بەرچاویان ڕفاندوەو لە ئاکامدا هەزاران کەس لە ماڵو شوێنی حەوانەوەیان ئاوارەو دەربەدەر کراون.
چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەستیان لە تەقاندنەوەو لە ناوبردنی شوێنە پیرۆزەکانی پەیڕەوانی ئایینو ئایینزاکان تەنانەت ئیسلامیش نەپاراستووەو بێرێزی بە هەموو ئەو باوەڕانە دەکەن کە بۆ خەڵک پیرۆزن.
ئاکامی ئەو هێرشو پەلامارانەی داعش دەڕوا بەرو ئەوە کە کارەساتێکی مرۆڤی لەوە زیاتریش لەو ناوچە کوردنشینانە ڕوو بدا. هەرچەند بەرگریکردنی هێزی پێشمەرگەو فیداکارییەکانی توانیویەتی شوێن لەسەر سنووردارکردنی ئەم پەلامارانە دابنێ و تەنانەت ژماریەک لەو گیان لەسەر دەستانە فیدای بەرگری لە خاکو خەڵکی کوردستان بکا بەوحاڵەش مەترسی داعش لە سەر گیانو ماڵی خەڵک لەو ناوچانە نەڕەویوەتەوە. ئەوەی لەو پێوەندییەدا جێگای سرنجە ئەوەیە کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، وڵاتانی خاوەن نفووز، و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانو... لەپێش گرتن بەم کارەساتە مرۆڤیییە، کوردو هەرێمی کوردستان بە تەنیا نەهێلێنەوەو تەنیا بەدەربڕینی پێ ناخۆش بوونو محکووم کردن قەناعەت نەکەن. چوونکە ئەرکی هەموو لایەکە لەو بارەوە خاوەن هەڵویستو یارمەتیدەر بن چ بۆ بەهاناوە چوونی ئاوارەکان بە گشتیو ئێزیدیەکان بە تایبەتی کە زەختی زیاتریان لەسەرەو چ بۆ بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە. دیارە مەترسی هێرشی چەکدارانی داعش هەر بە کوردستانی باشوور بەرتەسک نەبوەتەوە لە کوردستانی ڕۆژئاواش بە تایبەتی لە کوبانی ئەم هێرشو توندڕەویانەوە بەردەوامە کە زیانی گیانی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانو قوربانیانی ئەو کارەساتەو ڕێزدانان بۆ فیداکارییەکانی هێزی پێشمەرگە لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەم ڕووداوانە سەرەخۆشی دەکاو ئاواتە خوازە بریندارەکان هەرچی زووتر برینەکانیان سارێژ بێتەوە، هەروەها پشتیوانی خۆی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پارێزگاریکردن لە کوردو لە خاکی کوردستان دەردەبڕێو ئامادەیی خۆی بۆ هەرجۆرە یارمەتییەک بە پێی توانا ڕادەگەیەنێت.
لە هەمانکاتدا داوا لە کۆڕوکۆمەڵە نێو نەتەوەیییەکانو هەموو لایەک دەکا کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا خاوەن هەڵویستی شیاوو یارمەتیدەری بەکردەوە بن. لەوەش زیاتر ئەرکی هێزە سیاسیو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردە کە بە یەکڕیزیو یەکدەنگیو هاوهەڵوێستی پاراستنی خاکو خەڵکی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی خۆیان بزاننو لەوبارەوە بە پێی بەرنامەو پلانی توکمە دژی هەر پەلاماردەرێکی خاکی کوردستان بوەستنەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان
خۆڕاگریو سەرکەوتن بۆ هێزی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان
نەمان بۆ تیرۆریستانو دژبەرانی کوردو کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
14/5/1393ی هەتاوی
5/8/2014ی زایینی