وتەبێژو بەرپرسی پێشوی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەراپۆرتێکی ئاژانسی ڕوداودا دەڵێت "تائێستا 500 گەنجی کورد چونەتە ناو داعش کە 85%یان لەقۆناغێک لەقۆناغەکانی ژیانیان، لەحوجرەو پەیمانگاو کۆلێژە ئیسلامییەکان خوێندویانە".
ئاوێنەنیوز: مەریوان نەقشبەندی وتەبێژی پێشوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژە بەوەشدەکات کە 7500 خوێندکار لەو ناوەندە ئاینیانە دەخوێنن کە 2000یان ئافرەتن، وتیشی "ئێستا لەکوردستان مەلاکان یەکلابونەتەوە لەسەر ئەوەی بەرگری لەداعش نەکەن، بۆیە وای دەبینم زیاتر لەرێگەی بانگخوازەکانەوە خەڵک هاندەدرێت، هەر بۆیەش داعش ماوەیەکە زۆر هێرش دەکاتە سەر مەلاکانی کوردستان".
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەهەرێمی کوردستان 6000 پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکانی هەیە، هەڵەبجەیی دەڵێت "بەپێی زانیارییەکانی من 500 گەنجی کورد چونەتە نێو داعش کە 85%یان لەقۆناغێک لەقۆناغەکانی ژیانیان، لەحوجرەو پەیمانگاو کۆلێژە ئیسلامییەکان خوێندویانە، جا چ ئەوانەی سەر بەوەزارەتن یان سەر بەحیزبەکان".
هەر له و بارەیەوە کەمال ئەبو بەکر مامۆستا لەپەیمانگای شافیعی لەسلێمانی بۆ خوێندنی زانستە ئیسلامییەکان کە سەر بەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییە دەڵێت "ناتوانرێت ژمارەی خوێندکارانی زانستە ئیسلامییەکان لەناو داعش، یان کوردی ناو داعش بەدروستی بزانرێت، ئەوە ئەرکی دەزگا ئەمنییەکانە بەدوایدا بچن و ئاشکرای بکەن".
وتیشی "ئەو گروپ و حیزبە ئیسلامییانەی لەنێو پرۆسەی سیاسیدان لەکوردستان، ڕەتیدەکەنەوە، بەڵام دڵنیام وەک تاک و کەسایەتی تێیاندایە خەڵک هاندەدات بچنە ناو داعش".
- 30-03-2015