شاعیر و سەرداری سوپای نادرشای ئەفشار بووە کە چیرۆکی مشک و پشیلەی لە دوو بەشدا نووسیوە.
سەرهەنگ ئەڵماس خانی کەندووڵەیی الماس خان کندولەیی لە دایکبووی ساڵی 1706 لە گوندی کەندوڵەی سەر بە شاری کرماشان.
ئەو، شاعیر و حەماسە نووس و عەقیدێکی کورد بوو کە لە دەورانی پاشایەتی نادر شای هەوشاردا 1736-1747 دەژیاو یەکێک بووە لە ئەفسەرە ناودارەکانی حکوومەتی ئەردەڵان.
سەرهەنگ ئەڵماس خان، لە دەورانی نادرشادا، فەرماندەی تیپی سنە (فوج کوردستان) سپای نادریی بوو. لە شەڕی نێوان نادر شاو هێزی عوسمانییەکان لە قەڵای شاری کەرکووک،
لە ساڵی 1733 کە فەرماندەکەیان تۆپاڵ عوسمان پاشا بووە، بە هۆی هەڵەی سەربازیی ئەڵماس خانەوە، سوپای نادرشا تێک دەشکێت. بە هۆی ئەو ڕووداوە، نادر تووڕە دەبێ و
پلەی سەرهەنگیی لێ دەستێنێتەوەو دەیخەسێنێت، مقطوع النسل. ئەڵماس خان ئیدی ڕوو دەکاتە کەندووڵەو گۆشەنشین دەبێ و باقی ژیانی تەرخان دەکات بۆ ئەدەبیات و
مۆسیقا. لە ئەسەرەکانی ئەڵماس خان دەکرێ ئاماژە بکەین بۆ:
1- خورشید و خەرامان
2- حەوت لەشکر
3- نادرنامە (جەنگ نامه)
4- شیرین وفەرهاد
کە بە شێوەزاری کوردیی هەورامی نووسیویەتی، بەڵام ناسراوترین کاری ئەو شانامەی کوردیە کە کۆمەڵێک چیرۆک و داستانی پاڵەوانی و حەماسیی خەڵکانی باشووری کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ئەڵماس خان پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ شاعیری هاوزەمانی خۆی، واتە میرزا شەفیع دینەوەری، و کۆڕی شیعرییان هەبووە بە یەکەوە.
سەرئەنجام ئەڵماس خان لە نێوان ساڵانی (1776یا 1786) کۆچی دوایی کرد. میرزا شەفیع لاوانەوەیەکی بۆ ئەڵماس خان نووسیوە، کە بەشێکی زانیارییەکان لەبارەی
ئەڵماس خان، لەو مەرسییەوە وەرگیراوە. لە داوێنی چیای پیرافتە لەنزیک ئاوایی کەندۆڵەی سەر بە بەخشی دینەوەری سەحنە بەخاک سپێردراوە