یەکێتیی نووسەرانی کورد / لقی هەولێر لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا و تا ئێستاش لە کار و چالاکییە بەردەوامەکانیدا هەموو پێنجشەممەیەکی تەرخان کردووە بۆ ئێوارە کۆڕی کولتووری و ئەدەبی، کە بە شایەدی دۆست و نەیارانیشی، چالاکترین ڕێکخراوی ڕۆشنبیری بووە لە کوردستاندا، ئەم ئێوارە کۆڕانەش تەرخان بووە بە بابەتی جۆراوجۆر، بێ ئەوەی سانسۆر لەسەر بەرهەمەکان هەبێت و تیایاندا کەسانی بە توانا و ناودار و ڕۆشنبیرانی کوردستان و دەرەوەش بە هەموو بیروڕا جیاوازەکانەوە لە ئێوارە کۆڕەکانماندا چ وەک میوان یان وەک پێشکەشکاری بابەت و لێکۆڵینەوە لەو ماڵەی نووسەراندا بەشدارییان کردووە، کە بە هەق بووەتە سەنتەر و ماڵێکی گەورەی ڕۆشنبیری و تێکڕای نووسەران و ڕۆشنبیران و تەنانەت هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسانیش.
لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا دوور لە ماندوو بوون، لە سازدانی سەدان کۆڕ و چالاکیی جۆراوجۆردا، سەرباری کێشەی گەورەی قەیرانی دارایی و دەستکورتیی، تووشی کێشە و ئارێشەش هاتووین و توانیومانە بەوپەڕی بێلایەنی و دڵسۆزییەوە کاری بەردەوام بکەین بۆ خزمەتی ئەدەب و کولتووری کوردیمان.
لە دوا ئێوارە کۆڕماندا کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 21-07-2016 بۆ د. فەرهاد پیرباڵ کرا، وەک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک و ماڵپەڕەکاندا بڵاومان کردەوە و لەسەر داوای ناوبراو خۆی، بابەتی پێشکەش کردنی کۆڕەکە، بریتی بووە لە خوێندنەوەی سێ چیڕۆکی تازەی، کەچی بە داخەوە لە سەرەتای کۆڕەکەدا کۆمەڵێک قسەی تری تێهەڵکێش کرد و بابەتەکەی بە لایەکی دیکەدا برد کە پێوەندیی بە ناوونیشانی کۆڕەکە و چیڕۆکەکانییەوە نەبوو و قسەکانی لە بیروڕا و بۆچوونی ئێمەش بەدوور بوو، دواتریش ئێمە لە کۆڕەکەدا بە ناوی لقەکەمانەوە ڕامانگەیاند کە ئەم باس و بابەتانە بە دوور و نزیک گوزارشت لە بیروڕامان ناکەن، هەروەها ناوبراو پێشتر چۆن بەشی زۆری قسەکانی کۆڕەکەی لە ڕۆژنامەی (وشە)دا بڵاوکردووەتەوە، لە ئێوارە کۆڕەکەشدا هەمان بابەتی لەبارەی شاری سلێمانییەوە دووبارە کردەوە کە بە لای ئێمەوە شاری سلێمانی پایتەختی زیندووی ڕۆشنبیریی کوردی و لانەی هەزاران شاعیر و ئەدیب و تێکۆشەری کوردە و قەتیش ڕێگامان نەداوە و ناشدەین کە سەکۆی ئازادیی بیروڕا لە لقەکەمان بکرێتە شوێنی هێرش بۆ سەر هیچ شار و لایەن و کەسایەتییەک، ئەوەی ڕووشیدا بووە جێی ناڕەزاییمان. هەروەها لە ئێوارە کۆڕەکەدا ناوبراو دەستدرێژیی کردە سەر یەکێک لە ئەندامانی لقەکەمان کە بەلامانەوە کارێکی نالەبار بوو. بۆیە بە پێویستی دەزانین بە ناوی لقەکەمانەوە داوای لێبوردن لە ئەندامانی لقەکەمان و خەڵکی سلێمانی و ئەو کەسایەتییە بەڕێزانەی خەڵکی سلێمانی بکەین کە لە کۆڕەکەدا ئامادە بوون. پەیامی ئێمە هەردەم بەرز ڕاگرتنی کولتوور و خزمەتی نووسەران و خۆشەویستی و تەبایی و یەکڕیزیی گەلەکەمان بووە لە پێناو سەرکەوتنمان بەسەر دوژمنان و گەیاندنمان بە کەنارەکانی سەربەخۆیی کوردستان.
یەکێتیی نووسەرانی کورد / لقی هەولێر
23-07-2016
این مقاله بە زبان (کوردیی ناوەڕاست) نوشته شده است، برای باز کردن آیتم به زبان اصلی! بر روی آیکون
کلیک کنید.
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
این مقاله 5,108 بار مشاهده شده است
نظر خود را در مورد این مقاله بنویسید!