خەندان- ڕێنوار نەجم، دانا تەیب مەنمی
کۆمپانیایەکی سویسری بواری وزە، دەیەوێت بەپێی ڕێککەوتنێکی پێنج ساڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا 550 ملیۆن دۆلار بەقەرز بداتە حکومەتی هەرێم، ئەوەش لەبەرانبەر پێدانی نەوتی مانگانەدا کە لەماوەی ئەو ڕێککەوتنەدا بەهاکەی دەگاتە هەشت ملیار دۆلار.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆمپانیای گلنکۆری سویسری لەماوەی ئەو 5 ساڵەدا مانگانە کەشتیی قەبارە ناوەندی پڕ لەنەوتی پێدەدرێت لەبری دانەوەی قەرزەکە، هاوکات ئەو گرێبەستە پێشبینی کراوە ڕێژەی سوودەکەی دەگاتە %12.
هەر کەشتیەکی مامناوەندی نەوت نرخەکەی لەدەوروبەری 25 ملیۆن دۆلاردایە، وەکو ڕۆیتەرز خەمڵاندنی بۆ کردووە، ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێم بۆ پێنج ساڵ لەبری 550 ملیۆن دۆلار قەرز دەیداتەوە ئەو کۆمپانیایە نرخەکەی دەگاتە هەشت ملیار دۆلار، ئەوەش بەنرخی ئەمڕۆی نەوتی کوردستان کە دەوروبەری 40 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک.
کۆمپانیای گلنکۆری سویسری پێشبینی دەکات دوای واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە پێنج ساڵییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو یەک کەشتی نەوتی پێبدات لەبری قەرزەکە، هەروەها بۆ مانگەکانی شوبات و مارس دوو کەشتی نەوت، مانگی نیسان چوار کەشتی و لەمانگی ئایاریشەوە شەش کەشتی نەوتی پێبدات.
پێشتریش ئەو کۆمپانیایە لەئەمساڵدا 300 ملیۆن دۆلاری بەقەرز داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەبەرانبەریدا نەوت وەردەگرێتەوە بە تێکڕای کەشتییەکی مامناوەندی نەوت کە نرخەکەی لەدەوروبەری 25 ملیۆن دۆلاردایە، بەڵام ئێستا کۆمپانیاکە بەدوای ڕۆڵێکی گەورەتردا دەگەڕێت لەهەرێم.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی دوو ملیار دۆلاری قەرزکردوە لەکۆمپانیا کێبەڕکێکارەکانی گلنکۆر وەک ڤیتۆڵ، پێتراکۆ و ترافیگورا، دواتر پێدانەوەی ئەو قەرزانەی بەنەوت دەستپێکردووە، ئەم کۆمپانیایانە کاریان بازرگانی کردنە بە نەوت و بەچەندین شێوازی جیاواز کاردەکەن و نەوت دەکڕن، خۆیان بەرهەمهێن نین.
نەوتی کوردستان لەدوو ساڵی ڕابردوودا لەلایەن کۆمپانیا ئەوروپییەکانەوە جێی بایەخ بووە، ئەوەش لەکاتی پاشەکشەی ئەو بازرگانییەدا دوای ئەوەی هەولێر بڕیاریدا بەشێوەی سەربەخۆ لەبەغداد نەوتی خۆی بفرۆشێت بەنرخێکی تاڕادەیەک کەمتر، بەهۆی نیگەرانی و هەڕەشەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ هەر کەسێک ئەو نەوتە بکڕێت.
لەکاتێکدا کۆمپانیای گلنکۆر و کۆمپانیاکانی دیکەش پارەیان بەقەرز داوە بەهەولێر، بەڵام هەرگیز بەئاشکرا دانیان بەرێککەوتنی لەو شێوەیەدا نەناوە، ئەوەش لەترسی ڕووبەڕوبونەوەی حکومەتی ناوەندی عێراق کە پێیانوایە کوردەکان ڕێزی ڕێکەوتنی ڕادەستکردنی بڕی دیارییکراو لەنەوت بۆ بەغداد ناگرن، بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەرچەندە بەغداد لەم مانگانەی پێشوودا شێوازی قسەکانی بەرامبەر هەولێر نەرمتر کردوە لەچاو ڕابردوودا کە ئێستا پێکەوە شەڕی داعش دەکەن، بەڵام کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق (سۆمۆ)، هێشتا هەڕەشەی بە دادگادانی کڕیارانی نەوتی خاوی کوردستان دەکات.
بەپێی ڕۆیتەرز، مەترسی وەبەرهێنان لەکەرتی نەوتی هەرێم لێکدانەوەی بۆ دەکرێت بەپێی ئەو قازانجە زۆرەی لە مەسەلەی قەرزپێداندا دەستدەکەوێت.
بەپێی ئەو پڕۆپۆزەڵەی دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، گرێبەستە پێنج ساڵییە پێشبینی کراوەکەی کۆمپانیای گلنکۆر بۆ پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان ڕێژەی سوودەکەی دەگاتە %12، کە ئەوەش بەشێوەیەکی زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ پێدانی قەرز بەلایەنی دیکەو ئێستا کۆمپانیای گلنکۆر گرێبەستی دیکە دەکڕێتەوە بە سوودی نێوان لەسەدا 2.5 هەتا لەسەدا 3.125.
هەروەها کۆمپانیاکە هەوڵدەدات ماوەی 36 مانگ وەکو ماوەی لێخۆش بوون لەو سەرمایەگوزارانە وەربگرێت کە قەرزیان لێدەکات ئەوەش پێش ئەوەی دەستبکات بە پێدانەوەی قەرزەکە بەشێوەی قیستی مانگانە، کە ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە کە وەبەرهێنەران پێشبینی قازانجی بەرز بکەن.
"تۆ دەتوانی مشتومڕی ئەوە بکەیت بەشێوەیەک کە ئەوە کۆمپانیای گلێنکۆر نییە بەڵکو حکومەتی هەرێکی کوردستانە کە پارەی ڕێژەی سوودەکە دەدات چونکە حکومەتی هەرێم قەرزوەرگری کۆتاییە"سەرچاوەیەکی نزیک لە پیشەسازی نەوت و نزیک لە ڕێکەوتنەکەوە وادەڵێت.
کۆمپانیای گلنکۆر لەنامیلەکەیەکی چاپکراوی خۆیدا دەڵێت"بەپێی نرخی ئەمڕۆی نەوتی خاو، بەهای ئەو نەوتەی کە وەری دەگرێت بەپێی گرێبەستە 5 ساڵییەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا شەش هێندە گەورەتردەبێت لەو 550 ملیۆن دۆلار قەرزەی دەیدات بە حکومەتی هەرێم".
بەڵام هۆشداری ئەوەی داوە کە لەحاڵەتی ڕاوەستاندنی هەناردەکردنی نەوت ئەوا"ڕەنگە ببێتە ڕاگرتنی پارەی سوودی مانگانەو بەشی سەرەکی گرێبەستەکە. بەڵام ڕونیکردۆتەوە بەپێی تۆماری مێژووی کۆمپانیاکە بۆ ئەم جۆرە گرێبەستانەی نەوت، تایبەتەو دواجار قازانجی کردووە".
کۆمپانیای گلنکۆر لە ساڵانی حەفتاکاندا لەلایەن بازرگانی نەوت، مارک ڕیچ-ەوە دامەزراوەو کاری کۆمپانیاکە بریتییە لەوەی پێش وەختە پارەی هەناردەی نەوت بدات لەو شوێنانەی زۆر سەختن و هەناردەکردن هەڕەشەی لەبەردەمدایە.
- 19-11-2016