لێدوانێک لە وتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەحیفەی ئەخباری لوبنانی زێدەڕۆیی زۆری بەرانبەر مافەکانی گەلی کوردستان کردووە و قسەی نابەجێی و زێدەگۆیی لەبارەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو و ڕێگەی بەخۆی داوە بەپێی میزاجی خۆی باس لە ڕووداوەکان و مافەکانی گەلی کوردستان بکات. مالیکی لەسەر ئەوە ڕاهاتووە که دوژمنایەتیکردنی خەڵکی کوردستان بۆ ڕیکلامی هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا نە خۆی و نە ئەو خەڵکانەی بەدوای قسەکانی دەکەون بۆ ئێمە جێگەی بایەخ نین و بۆچوونیان هیچ بەهایەکی نییە.
جێگەی سەرسووڕمانە کەسێک کە بووە بەڵا بەسەر عێراق و سەرچاوەی شکست و نەهامەتی و گەشەی تیرۆر بێت هێشتا شەرم داینەگرێت و بێتە گۆ، دەبوایە کەسێکی وەک ئەو کە عێراقی تێکوپێکدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابا یان هەر هیچ نەبێ خۆی لەپێشچاوی خەڵکی عێراق ون کردبا. ئەو کەسەی عێراقی کردە سەرلیستی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان و ڕەواجی دزی و بێسەروبەری و ناشەفافیەتی کرد لە وڵاتدا، ئەو کەسەی عێراقی خستەناو ئاگری تاییفەگەری و لەسەردەمی ئەو سەدان کەس لە خەڵکی ڕۆشنبیر و نوخبەی سووننەمەزهەب تیرۆر و بێسەروشوێن کرا، ئەو کەسەی نازانێ بەڵێن و ئیمزا چییە و وەک ئاوخواردنەوە پەیمان دەشکێنێ و دوورە لە پڕەنسیپەکانی مەردایەتی و مرۆڤبوون چۆن دەکرێ هەلی بۆ بڕەخسێ جارێکی تر دەستی لە دەستەڵاتدا گیر بخوات؟ لە مالیکی دەپرسین چیت بۆ عێراق کردووە؟ زیاتر لە پێنجسەد ملیار دۆلار داهاتی عێراقی لەبەردەست بوو، نیوەی ئەو داهاتەی بۆ تاڵان و گەندەڵی بەفیڕۆ دا نیوەکەی تریشی بۆ وێرانکردنی عێراق.
ئەم پیاوە لە چاوپێکەوتنەکەدا زمانی هەڕەشەی لەدژی خەڵکی کوردستان بەکار هێناوە، لێرەدا پێیڕادەگەیێنین کە ئەوە مەیدان و خۆت تاقی بکەرەوە. پێشتر دوژمنی زۆر لەو بەهێزتر و سەرەڕۆتر خۆی تاقی کردووەتەوە و لەبەردەم ئیرادەی گەلی کوردستان چۆکی داوە و تووشی چارەنووسێکی شووم هاتووە.
لە دیباچەی دەستووری عێراقیدا بەڕوونی ئاماژە دراوە کە پابەندبوون بە دەستوور مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەکپارچەیی و ئەوە مالیکی بوو دەستووری پێشێل کرد و لە مانای خست و ئەگەر لە سەردەمی تاریکی حوکمڕانیی خۆی ڕێزی لە دەستوور و مافی خەڵک گرتبا بە دڵنیاییەوە ئەم کارەساتانە ڕووی نەدەدا، بۆیە کەسێک دەستووری پێشێل کردبێت بۆی نییە قسە لەسەر دەستوور بکات و موزایەدەی پێوە بکات.
سەربەخۆیی کوردستان مافی گەلی کوردستانە و بە هیچ شێوەیەک لەو مەقامەدا نییە قسەی لەسەر بکات، ئەوەیش با باش بزانێ کە لە سەربەخۆییدا هەموو کوردستانییەک و لایەنەکانی کوردستان یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن و ئەگەر دڵی بە بێئیرادەیی چەند کوردێک خۆشە ئەوە با دڵنیا بێت سەرئەنجام جێگەی ئەو و کوردەکانی سەر بە ئەو زبڵدانی مێژوو دەبێت.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
30-05-2017