رووداو - هەولێر
پیاوێکی تەمەن 56 ساڵان، بەناوی بورهان مەحموود محەممەد، ڕۆژی 30-05-2017 لە گوندی نارێنی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە لە ماڵەکەیدا جامانەکەی خۆی بە دارێکی ماڵەکەیاندا هەڵدەواسێت و خۆی دەخنکێنێ.
بورهان خاوەنی دوو ژنە. هاوژینی دووەمی عەرەبە و کچێکی هەشت مانگانی هەیە، لە هاوژینی یەکەمیشی چوار کچ و کوڕێکی هەیە. هاشم مەحموود، برای بورهان دەربارەی هۆکاری خۆخنکاندنی براکەی بە (رووداو)ی گوت براکەم گرانەتا و حومەی ماڵتای تووش ببوو، ماوەیەک بوو زۆر گوشەگیر و بێتاقەت بوو، نەخۆشییەکە دابووی لەسەری، وەک بیستوومانە ئەو نەخۆشیە بیدات لە مێشک، مرۆڤ تێکدەدات، بۆیە براکەم دەستی چووەتە گیانی خۆی، ئەگینا کەسێکی دیندار بوو، هیچکات بیری لە کارێکی لەم شێوەیە نەکردووەتەوە. بورهان لە لایەنی ئابوورییەوە هیچ کێشەیەکی نەبووە، باری ئابووریی باش بووە و کاری کڕین و فرۆشتنی مەڕوماڵاتی دەکرد.
هاشم مەحموود بەدووری دەزانێت خۆخنکاندنی براکەی پەیوەندی بە ژنەکانییەوە هەبێ و دەڵێت نازانین کێشەی هەبووبێت، بەڵام ژن هەر پێی ناخۆشە ژنی بەسەردابێت، بەس بڕوا ناکەین بەهۆی کێشەی ژنەوە خۆی کوشتبێت، بەڵکو بەهۆی نەخۆشی بووە.
(س)ی تەمەن 45 ساڵ کە هاوژینی دووەمی بورهانە، بەهۆی ئاوارەبوونیان بۆ گوندی نارێن، بورهانی ناسیوە و دواتر شووی پێکردووە، ئەو بە ڕووداوی گوت لە ماوەی پێکەوەبوونمان کە کەمتر بوو لە ساڵ و نیوێک، لەگەڵ هاوژینەکەم هیچ کێشەمان نەبوو، زۆر کەسێکی باش بوو.
(س) لەبارەی ڕۆژی ڕووداوەکەشەوە دەڵێت ئەو ڕۆژە کە هاتەوە بۆ ماڵەوە کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆ بوو، من خەوم لێکەوت، بورهانیش شوانەکانی ماڵەوەمانی ئیزن دابوو، خۆی لە نهۆمی سەرەوەی ماڵەوە خۆی هەڵواسیبوو، من کاژێر سێ بەخەبەرهاتم، بە بینینی مێردەکەم بە هەڵواسراوی قیژاندم، کاتێک کەسوکاری هاتن بینییان مردبوو.
سەبارەت بە چارەنووس و مانەوەی هاوژینی دووەمی بورهانیش، کەسێکی نزیکی بورهان گوتی عورفی ئێمە وایە هەتا ساڵێک باس لە هیچ نەکەین و ژن دەبێت دانیشێت، دوای ئەو ساڵە ئینجا باس لە مانەوە یان ڕۆیشتنی خێزانە عەرەبەکەی دەکەین.
لەبارەی ئەم کەیسەوە ڕائید عەلی جەمال قەدوری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە (رووداو)ی گوت لە ڕێکەوتی 30-05-2017 تەرمی هاونیشتمانییەک بەناوی بورهان مەحموود محەممەد هێنرایە بەشی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کە بەگوتەی کەسوکارەکەی بێت خۆی خنکاندووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و پۆلیسی ناحیەی قەرەتەپەش لە لێکۆڵینەوە بەردەوامن.
خۆکوشتنی پیاوان لە گەرمیان زیادی کردووە
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن و خۆخنکاندنی پیاوان لە سنووری گەرمیان گوتی تەنها لەماوەی 5 مانگی ڕابردوودا 7 پیاو لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە خۆیان کوشتووە، بەراورد لەگەڵ 5 مانگی یەکەمی ساڵی 2016 کە دوو حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان تۆمارکراوە، 5 حاڵەت زیادی کردووە.
30-05-2017