ڕۆژنیوز- هاوکار مستەفا
بەڕێوەبەری پەروەردەی #سەیدسادق# ئاماژە بەوەدەکات پێدەچێت ساڵی خوێندنی 2017-2018دا تووشی گرفتی کەمیی بینای خوێندن ببینەوە، هاوکات بۆ گواستنەوەی مامۆستایانیش چاوەڕێی ڕێنمایی وەزارەت.
لە سنوری شارۆچکەی سەیدسادق و شارەدێی بەرزنجەی سەر بەو شارۆچکەیە، تەنها 50 بینای خوێندنگا بونیان هەیە، کە زۆربەیان دەکەونە گوندەکانەوە و لە ناو سەنتەری شارۆچکەکەش کەمترین بینا دروستکراون و ئەمساڵیش پێویستی زیاتریان بە بینا دەبێت.
مامۆستا سۆران محەمەد، بەرێوەبەری پەروەردی سەیدسادق، بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی شارۆچکەی سەیدسادق دەکەوێتە چەقی ناوچەی شارەزوور، هەروەها بەهۆی کشتوکاڵکردنەوە بەشێوەیەکی ناسروشتی بەدەوام سنوری شارۆچکەکە بەرفراوان دەبێت و ژمارەی خوێندکارەکانیش ساڵ لەدوای ساڵ زیاد دەکەن، هەربۆیە پێدەچێت بەم هۆیەوە لەمساڵدا ڕووبەڕووی گرفتی کەمیی بینای خوێندن ببینەوە بەتایبەت لەناو سەنتەری شارۆچکەی سەیدسادق.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرتای ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە لە سالی 1991ەوە ئێستا، تەنها 22 بینای خوێندنگا لە ناو سەنتەری شارۆچکەکە دروستکراون، لە کاتێکدا زۆربەی خوێندنگاکانمان بەهۆی کەمی بیناوە کراون بە دوو دەوامی هاوکات، لە گەڕەکی بەرکێو کە بەیەکێک لە گەڕەکە گەورەکانی سەیدسادق هەژمار دەکرێت، بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بینای خوێندنگاکەوە، ساڵێک زیاترە بیناکە داخراوە تا ئێستا تەواو نەکراوە و پێویستی بەبڕی 165ملیۆن دینار دەبێت بۆ تەواوکردنی نۆژەەنکردنەوەکەی، تا ئێستا ئەو پارەیە دابین نەکراوە، ئەوەش هێندەی تر کێشەکانی قوڵتر کردوینەتەوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق ئەوەشی وت: بەشێوەکی گشتی لەدوای ساڵی 1991ەوە، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سەیدسادق 50 بینای خوێندنگا دروستکراون، بەڵام نزیکەی 30 بینایان لەناو گوندەکاندا دروستکراون، چونکە کاتی خۆی کەمتر بایەخە بە سەنتەری سیدسادق دراوە.
لەبارەی گواستنەوەی مامۆستایانەوە بۆ نزیک شوێنی نیشتەجێبونیان، بەرێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق ئەوەی ڕاگەیاند: بەڕێژەی زیاتر لە%80 مامۆستاکانمان لە سلێمانی و هەڵەبجەوە هاتوچۆدەکەن و بەشێکی زۆریشیان مافی خۆیانە بگوازرێنەوە، بەڵام بەهۆی دانەمەزارندنەوە گرفتی زۆری بۆ ئێمەش و مامۆستایانیش دروستکردووەن بۆیە ناچارین چاوەڕێی ڕێنمایی وەزارەت بکەین بۆ گواستنەوەی مامۆستایان چونکە ناتوانین مامۆستایک بگوازینەوە ئەگەر شوێنەکەی بە بەتاڵی بمێنێتەوە.
21-07-2017