#مەلا خۆرکە بووە#
ئيديۆمێکە لەنێو کوردان دوای بڵاوبونەوەی ئاينی ئيسلام هاتۆتە ئاراوە، چونکە(شەرع وسولح وفتوا و ناشتن و تەلقين و پێش نوێژی وتاد) کاری مەلا بووە، بۆيە لە ئاواييەکانی کوردستان لەسەر خەڵکەکە بوو مەلا بەخێو بکەن، ئەم ئيديۆمە لەوە سەرچاوەی گرتووە کاتێک خەڵک پرسياری بەروبومێکی کشتوکاڵی وەک تور و سلق و کەوەر و تەرەتيزە و کەرەويز و گندۆرە و شوتی و خەيار و تەماتە و هەنجير وتاد بکەن، يان هەموو بەرهەمێک سەرەتای پێ گەيشتنی و گوڵ بەدەمی پێی وتراوە(مەلا خۆرە بووە) واتە سەرگوڵەکەی بۆ مەلا دەبێت، چونکە ڕێزی مەلاکان لەناو کوردان زۆر گيراوە هەموو ڕسق و بەرهەمێک حەزدەکرا سەرتۆپ و يەکەم بەری سەرگوڵی بۆ ماڵی مەلا ببردرێت کەواتە بۆيە وتراوە مەلا خۆرکە بووە وە خەلکيش به و ئيديۆمە تێ دەگات کە بەرهەمەکە سەرەتايەتی و خەريکە تەواو پێ بگات.[1]