ڕۆژنیوز، بڕیار محەمەد
#فەلاح مستەفا#، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە هێشتا لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 400 هەزار ئاوارە و پەنابەر ماون.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی فراوانی هەماهەنگی مرۆیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ئاوارەکان و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕێکخەری هەماهەنگی مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.
لەسەرەتا فەلاح مستەفا وتی: تا ئێستا یەک ملیۆن و 400 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئەم کۆبوونەوەیەش بۆ ئەوەیە هەمووان دەستدرێژ بکەن بۆ هاوکارییکردنی هەرێمی کوردستان.
وتیشی: هەرچی گەڕانەوەی ئاوارەکانیشە، بۆ شوێنەکانی خۆیان، پێویستیان بە دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری و کارکردنە واتا هەلی کار هەیە، ئێستا 400 ملیۆن دۆلار هاوکارییان دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.
باسی لەوەش کرد: ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەکانین و دەمانەوێت پێویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، چونکە هەم بۆ بنیادنانەوەی وڵات گرنگە هەم باری کوردستانیش سوک دەکات، چونکە لە کوردستان ساڵانە یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار خەرجی ئاوارەکانە، بۆ ئەوەش دەبێ ئامانجەکان لەم کۆبوونەوەیە دابڕێژین بۆ ئه و هەنگاوەش نەتەوە یەکگرتووەکان و دیپلۆمات و نوێنەرایەتییەکان هاوکارمان دەبن بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان و گەیشتن بە خاڵی یەکلاکەرەوە.
هەروەها ڕاماتا کریشنا ڕێکخەری هەماهەنگی مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە دوای ئه و شەڕەی لە موسڵ و ناوچە جیاوازەکان سەری هەڵدا، ئێستاش هەزاران ئاوارە ماون پێویستە هاوکاری بکرێن ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەمەش بنەمای ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
وتیشی: نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاس و پێزانینی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئه و هاوکارییانەی کە بەرامبەر پەنابەران و ئاوارەکان پێشکەشی دەکات.[1]
#10-04-2018#