دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بۆ گەڕان بەدوای کەرەستە و شمەک، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە قەڵایەکی مێژوویی لە گوندێکی سەر بە ناحیەی #خورماڵ# تێکدەدرێت و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، بەدواداچوونمان دەستپێکردووە.
قەڵاکە یەکێکە لە ناوچە شوێنەوارییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە و دەکەوێتە گوندی (نەوێ)ی سەر بە ناحییەی خورماڵ کە بە قەڵای زوحاک ناسراوە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی بابلییەکان دەگەڕێتەوە.
سالم غەریب، شوێنەوارناس بە دواڕۆژی وت، بەداخەوە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوە و بەبێ ئاگاداری خەڵک و ئیدارەی ناوچەکە هێرش دەکرێتەسەر قەڵاکە و بەهۆیەوە بەشێکی زۆری ناوەوەی تێکدراوە و زیانێکی زۆریان بە ناو قەڵاکە گەیاندووە.
وتیشی، ئه و کەسانەی بەم کارە هەستاون مەبەستی بازرگانییان هەبووە و بەدوای کەرەستە و شوێنەواری مێژوویی و کەلەپوریدا گەڕاون و پێدەچێت دۆزیبێتیانەوە، چونکە ئامێری کارەبایی (ئێڵتی) و چەند ئامێرێکی دیکە بەکارهاتوون و کارەکەشیان لەم یەک دوو ڕۆژەدا بووە، بەڵام ئەمڕۆ بە تەواوەتی بەم ڕووداوەمان زانیوە.
لای خۆیەوە سمکۆ سالار، بەڕێوەبەری ناحییەی خورماڵ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ماوەیەکە چەند کەسێک لە شێوەی باندی دزینی شوێنەوار و کەلتوری سەریانهەڵداوە و هێرش دەکەنەسەر شوێنەوارە مێژوییەکان و تێکیدەدەن و چاودێرکردنیان هەروا ئاسان نییە، بۆیە ئەوەی لە گوندی نەوێ ڕویداوە تائێستا بە فەرمی لەلایەن هیچ کەسێکی گوندەکەوە زانیاریمان پێنەدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارە کە بتوانێت چاودێری پێویست بۆ شوێنەوارە مێژوییەکانی ناوچەکە دابنێت و لە هەر هێرشێک بیانپارێزێت، بۆ ئه و مەبەستەش ئێمە بە هەموو شێوەیەک هاوکارییان دەبین، هاوکات بەدواداچوونەکانیشمان له و بارەیەوە دەستپێدەکەین.[1]
#07-06-2018#