فەرماندەیی ئەیالەتی سەرحەد-ی هێزەکانی پاراستنی گەل '#هەپەگە#' دەربارەی کاری 'سیخوڕیی' دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان و بەتایبەتی لە هەرێمی سەرحەد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، تێکۆشانی ئازادیی تەڤگەری ئازادی و گەلی کوردستان ماوەی 40 ساڵە بە پێشەنگایەتیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت. ئەو تێکۆشانە ڕاستیی گەلی کوردە و چیتر ناتوانرێت نکۆڵی لێ بکرێت و کوردی گەیاندووەتە بەر دەروازەکانی ئازادی.
فەرماندەیی هەپەگە دەستنیشانیشی کردووە، تەڤگەری ئازادی، سیاسەتی سڕینەوەی کوردی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕاوەستاندووە و دەوڵەتی تورکیاش بەو ڕێ و ڕێبازانەی، کە لە عەقڵیەت و پێوەری مافەکان و یاسای شەڕ و ئەخلاقی مرۆڤایەتیدا جێگەیان نابێتەوە، بە مەبەستی سڕینەوە و پاکتاوکردن هێرش دەکاتە سەر تەڤگەری ئازادی.
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە بۆ ئەنجامدانی سڕینەوەی فیزیکی و سڕینەوەی کلتووریی، بە هەموو شێوەیەک سیاسەتە چەپەڵەکان لە دژی کورد بەڕێوەدەبەن، بەڵام گەلی کورد هیچ کات سازش لەسەر دۆزی ڕەوا و ئازادیی خۆی ناکات.
ئەو مرۆڤانە دەکەنە سیخوڕ کە باری داراییان باش نییە
فەرماندەیی ئەیالەتی سەرحەدی هەپەگە ڕایانگەیاندووە دەوڵەتی تورکیا، کە ناتوانێت لە بەرامبەر دۆزی مافدارانەی گەل سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئێستاش بە سەرچڵیی هاوپەیمانیی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە، بەشێوەیەکی بەردەوام هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و دەستکەوتەکانی لە هەموو گۆڕەپان و ئاستەکاندا. بە گرتن، دەستگیرکردن و ئەشکەنجە هەوڵ دەدات گەل ملکەچ بکات.
لەبەردەوامی لێدوانەکەیاندا، هەپەگە ئاماژەی بە کرداری فاشیستان داوە، کە لە دەرەوەی پێوانە مرۆڤایەتییەکان ئەنجامیان دەدەن و لەو بارەیەوە نووسیویانە لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا، زۆر و وزەحمەتییە ماددی و داراییەکان و کێشەکانی ژیانی مرۆڤی کورد لە دژی گەل بەکاردەهێنن. کارێکی وا دەکەن ئەوان لە دژی گەلەکەی خۆیان بەکاربهێنن. ئەمەش بە هەڕەشە و گوڕەشە دەکات. بە هەموو ڕێبازێک هەوڵ دەدەن، کە مرۆڤەکان بکەنە سیخوڕی خۆیان. بە تایبەتی ئەو مرۆڤانەی، کە لایەنی داراییەیان باش نییە و ئاگایان لە ڕاستی دوژمن نییە، دەبنە ئامانجی دوژمن و دەکرێنە سیخوڕ.
تۆڕی سیخوڕیی چۆن دروست دەکرێت؟
بە مرۆڤە وڵاتپارێزەکانی ئێمە دەڵێن، کە بەگوێرەی یاساکانی سڕینەوەی کۆماری تورکیا تاوانیان ئەنجام داوە و دەبێت دەستگیر بکرێن، بەڵام ئەگەر کاری سیخوڕیی قەبوڵ بکەن، ئەوا ئازاد دەکرێن. بەم شێوەیە کاری سیخوڕییان بەسەردا دەسەپێنن. هەندێک کەس کە دەبنە قوربانی ئەم سیاسەتانەی دوژمن، ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەن، کە بەپێی بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا لاوازن، یان لەو بەها ئەخلاقییانە بێزارن. ئەو کەسانە دەکەونە داوی دوژمنەوە.
دوژمن ئەو کەسانە بۆ ماوەیەک دەستگیر دەکات و دواتر دەیانگرێتە خۆ و ماوەیەک پەروەردەی سیخوڕییان پێدەدەن. لە بەرامبەر هەر هەواڵ و زانیارییەکی سیخوڕی لە دژی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی، ڕاستەوخۆ پارە بە سیخوڕەکان دەدەن. بۆئەوەی ڕۆژانە لەگەڵ میتی تورکیدا لە پەیوەندیدا بن، تەلەفۆنی تایبەتیان پێ دەدرێت. ئەو کەسانەی بوونەتە سیخوڕ بەناوی شوانێتیەوە یان وەک گوندنشین دەڕۆنە ناوچەکان و سنووری گەریلا و شوێنی گەریلاکان بە دوژمن ڕادەگەیەنن. نەک تەنها سیخوڕی بەسەر گەریلاوە دەکەن، بەڵکو سیخوڕی بەسەر گەلیشەوە دەکەن. ناوی ئەو گوندنشینانەی کە سەردانی ناوچەکان و سنووری گەریلا دەکەن، دەدەنە دوژمن. لەبەرئەوە کێشەی جددی دێتە ئاراوە بۆ مرۆڤەکانمان. بنەماڵەی ئەو کەسە سیخوڕانە ئاگایان لە کاری سیخوڕیی ئەندامەکانی خێزانەکانیان نییە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە گەلی کورد خیانەت بە کارێکی باش نازانێت و دەزانێت کە ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی ئەو کەسانە قەبوڵ ناکات.
ڕووداوەکەی مەولود بەنگی
فەرماندەیی ئەیالەتی سەرحەد باسی ئەوەیکرد، گەلی سەرحەد لەسەر بنەمای بەرخۆدانی مێژوویی خاوەنی ڕۆحێکی بەهێزی وڵاتپارێزین و ڕایانگەیاندووە دەوڵەتی کۆماری تورکیا دەیەوێت لە دژی گەلی سەرحەد سیاسەتی 'کوشتنی کورد بەدەستی کورد' بە باشی بەڕێوەببات. دەیەوێت بەشێوەیەکی تایبەت لە هەرێمی سەرحەد کاری سیخوڕی بەڕێوەببات. نمونەیەکی ئەم سیاسەتەی دوژمن، کۆنترایەکە (بە کرێگیراوێکی دژ بە گەریلا) بەناوی مەولود بەنگی. مەولود بەنگی لە ساڵی 2015 ەوە تا ئەو کاتەی بە سزای گەل گەیەندرا لە کاری سیخوڕیی بەردەوام بوو و ئامادە نەبوو دەستبەرداری کاری سیخوڕی بێت. بەهۆی کاری سیخوڕیی ئەوەوە زۆر مرۆڤی وڵاتپارێزی ئێمە دەستگیرکران. هەروەها دوو هاوڕێی ئێمەش شەهید کران. مولود بەنگی کە دەستی لە کاری سیخوڕیی بەرنەدەدا و دوژمنایەتیی گەلی دەکرد، دەستیشی بە خوێنی شەهیدانی کوردستان سوور بوو بوو، بۆیە ڕۆژی 26 ی حوزەیرانی 2018 لە گوندی تورکمان-ی سەر بە بازید، لەلایەن تیمێک لە گەریلاکانمانەوە بە سزا گەیەندرا.
داواکاری لە گەل
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە میدیا و ئەندامانی حکومەتی ئاکەپە - مەهەپە ی فاشیست بە سزاگەیاندنی ئەو سیخوڕەیان بۆ مەبەستی خۆیان بەکارهێنا و هەوڵیاندا سزادانەکەی بە شێوەیەکی جیاواز بە ڕای گشتی نیشان بدەن. خەمی دوژمن خاوەندارێتیکردن نییە لەو سیخوڕە، بەڵکو خەمی دوژمن ئەوەیە، کە پێش لەوە بگیرێت، ئەو تۆڕە سیخوڕییەی لە سەرحەد چاندووێتیی لەبەر یەک هەڵنەوەشێتەوە، بۆیە دەیانەوێت ترسی خۆیان لە بەسزاگەیاندنی خیانەتکاران بشارنەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی ئەیالەتی سەرحەدی هەپەگەدا داوا کراوە ئێمە بانگ لە گەلی خۆمان دەکەین کە ئاگایان لەم سیاسەتە چەپەڵانەی دوژمن بێت و نەکەونە ناو تۆڕی هەڵخەڵەتێنەری دوژمنەوە. هەروەها تەواوی ئەو کەسانە هۆشیاردەکەینەوە کە بە زانابوون یان بە زانانەبوون کەوتوونەتە ناو کاری سیخوڕیکردنەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا، کە هەرچی زووە دەست لەو کارە سیخوڕییانە هەڵبگرن.[1]
#02-07-2018#