یادەوەریەکانی مستەفا چاوڕەش
ڕۆژی #06-03-1976# لە تارانەوە شەش کەس سواری تەیارە بووین بۆ هۆڵەندا. لە هۆڵەندا پەنجا کوردیان وەرگرتبوو. پەنجا کەسەکەش بە ژن و منداڵ و پیاوەوە. ئه و شەش کەسەش ئەمانە بووین: خۆم و زاهیری برام، دکتۆر سەمیر چەراغوەندی، ڕوکان، ئەکرەم مستەفا، دلاوەر.
سەفیری هۆڵەندا لە فڕۆکەخانەی میهرئاباد لەگەڵمان بوو. بلیتی تەیارەشیان بۆ بڕیبووین. خواحافیزیی لێکردین و پاش پێنج سەعات گەیشتینە هۆڵەندا.
ئه و کەسانەی پێش ئێمە گەیشتبوونە هۆڵەندا، هەندێکیان لەگەڵ کچێکی هۆڵەندی کە لە ڕێکخراوی پەناهەندە ئیشی دەکرد و ناوی خیدیا بوو، چاوەڕوانمان بوون. ئێمە لەبەر ئەوەی بە ڕەسمی قبوڵ کرابووین، هەروەها سەرۆکی پەناهەندەی هۆڵەندی بیت مۆلەرمان لەگەڵ بوو، سواری پاسیان کردین بەره و ئوتێل، ئوتێلەکە ناوی ئایتونیل بوو، لە دنیایەکەوە بۆ دنیایەکی تر.
لەبەر ئەوەی لای حکومەتی هۆڵەندەوە دەعوەت کرابووین، مەسرووفاتیان دەکێشاین. هەفتانە شتێکی کەم یارمەتییان دەداین. کچەکە ش کە ناوی خیدیا بوو هەموو ڕۆژێ بۆ جێبەجێکردنی ئیشەکانمان هاتوچۆی دەکردین. وەک خەستەخانە، کۆرسی زمان، دۆزینەوەی ئیش. بەڕاستیش کارەکانی بۆ ئاسان دەکردین.