ئەمڕۆ سێشەممە 23/10/2018 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەسەرپەرشتی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری #کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان# کۆبوونەوەی خۆی لەشاری #سلێمانی#ی ئەنجامداو چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ کراو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دەرکرا، دوا بەدوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتیی:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
لەکاتێکدا کە گەلەکەمان بەچەند قۆناغێکی گرنگ و چارەنووس سازدا تێپەڕیوە، کە گرنگترینیان هەڵبژاردنی 30/9/2018 لەهەرێمی کوردستان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
کۆمەڵی ئیسلامیی وەک پارتێکی سیاسیی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە لایەنە بەشداربووەکان و لەئەنجامدا متمانەی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی بەدەست هێناو بەپێویست زانرا لەم هەل و مەرجەدا ئاماژە بەچەند خاڵێک بکەین:
یەک:
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی نیگەرانیی خۆی دەربڕیی و بەتوندیی ئیدانەی ئەو لێشاوە ساختەکارییەی کرد، کە پارتیی و یەکێتیی هەریەکەیان لەسنووری دەستەڵاتیان ئەنجامیانداوەو بەهەزارەها دەنگی ساختەیان لەبەرژەوەندیی خۆیان داوەو کۆمسیۆنی باڵا لەکاتی خۆیدا هیچ جۆرە ئیجرائاتێکی نەکردوە بۆڕێگا گرتن لەساختەکارییەکان.
دوو:
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵ ئیدانەی ئەو شێوازی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵاوە کردو بەگرنگەوە لەسەر ئەم پرسە ڕاوەستاو ئەو ئالیەتەی کۆمسیۆنی بەزۆرینەو بێ گوێدانە ڕاو سەرنج و پێشنیارو تانەی چوار ئەندامی کۆمسیۆن، بەهەڵە دانا.
سێ:
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵ بڕیاری زۆرینەی سادەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕەت دەکاتەوە تایبەت بەو بنکە سوورانەی بەهۆی چوونە ژوورەوەی هێزی چەکداری پارتیی و یەکێتیی، کە دەنگی هەموولایەنەکانیان لەو بنکانە پووچەڵ کردەوەو ئەم بڕیارەش بووە مایەی زەرەر بۆ هێزەکانی تر جگە لەپارتیی و یەکێتیی، لەو ڕوانگەشەوە کۆمەڵی ئیسلامیی ڕێگای یاسایی گرتۆتەبەر بۆ تانە لێدان و سکاڵا تۆمارکردن لەو بڕیارەی کۆمسیۆن و چاوەڕوانی دادگا دەکەین.
چوار:
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سوپاسی تەواوی ئەو هاوڵاتییانە دەکات کە متمانەیان بە لیستی کۆمەڵی ئیسلامیی داو دەنگیان پێدا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەموولایەک دڵنیا دەکاتەوە پشتیوان بەخوا لەئاستی متمانەی دەنگدەرانی دەبێ و دەنگێکی بوێر دەبێ لەپێناو دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیاسیی، وەک ڕابردوو پشتیوانی ستەملێکراوان دەبێت و دژی ستەم و نادادیی دەوەستێتەوە.
پێنج:
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سوپاسی تەواوی ئۆرگان و مەڵبەندەکان و بەرپرسان و کاندیدان و کادیران و لایەنگرانی کۆمەڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ناوەندی هەڵبژاردن و چاودێرانی سەرسندووقەکان دەکات، کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕۆژانی دەنگدان دڵسۆزانە شانیان خستە ژێر ئەرکەکان و لیستی کۆمەڵی ئیسلامییان سەرخست.
شەش:
تایبەت بە پرسی حکوومەت و کابینەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامیی هیوای خواست حکوومەتی ئاییندەو کاری سەرەکیی خزمەتی خەڵک و باشکردنی بژێوی هاوڵاتیان و لابردنی ستەمی پاشەکەوتکردنی مووچەو بنەبڕکردنی گەندەڵیی و بەرپاکردنی شەفافیەت و دادگەریی بێت و مۆرکی حیزبیی بەسەر حکوومەتەوە نەمێنێ.
سەبارەت بە بەشداریی کردن یان نەکردنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوان بەخوا کۆمەڵ لەکاتی خۆیدا هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە ڕادەگەیەنێت.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان
#23-10-2018#