سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 2019/1/27، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی بەڕێز #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی داراییی 2019 کە ڕۆژی 23/1/2019 تەشریع کرا. سەرەتا هەر یەک لە بەڕێزان وەزیری دارایی و ئابووری و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاپۆتێکدا وردەکاری و ماددە و بڕگە ئەر ێنییەکانی یاساکەیان خستە ڕوو کە هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەنجومەنی وەزیران سوپاس و پێزانینی پێشکەش به و هەموو بەڕێزانە کرد کە ڕۆڵیان لە داڕشتن و پەسەندکردنی یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەران بینی، بەتایبەتی بەڕێزان سەرۆک وەزیران و وەزیری داراییی فیدراڵ، فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەتایبەتی ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی بۆ یاساکە کرد کە لەچاو یاساکانی چەند ساڵی پێشوو باشترە و گۆڕانکاریی ئەرێنی لە بڕگە و ماددەکانیدا دەبینێرێت، هەرچەند هێشتا لە ئاستی ماف و خواست و شایستە داراییه دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هیوای خواست ساڵی داراییی 2019 چارەسەری ڕیشەیی لە چوارچێوەی دەستووردا بۆ کێشه داراییەکانی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بدۆزێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری خەرجییەکانی پەیوەست بە مووچه و دەرماڵە و ئیمتیازاتە داراییەکانی دیکە و ئه و داهاتەی پێویستە بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2019، خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە ئەولەوییەتی حکوومەت لە ئەگەری دابینکردنی داهاتی پێویست، بریتی دەبێت لە لابردنی پاشەکەوتی مووچە.
هەر لەم ڕوانگەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو #وەزارەتی دارایی# و ئابووری و پلاندانی ڕاسپارد کە لەگەڵ وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی و هەماهەنگیدا بن بۆ هەرچی زووتر جێبەجێکردنی یاسای بودجە و بەرچاوڕوونی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت به و شایستە داراییانەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، دوای ئەوەی یاساکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و ڕێنماییی دارایی بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی لەلایەن وەزارەتی داراییی فیدراڵەوە دەردەچێت.
دەرباری ڕووداوەکانی دوێنێی شێلادزێش، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای نیگەرانی و دڵگرانی بەرامبەر بە ڕووداوەکان و پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی ئه و هاووڵاتییەی گیانی لە دەست دا و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران، دووپاتی کردەوە کە ئەوانەی دەستیان لە گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندانی ڕێگەپێدراوی یاسایی و ئاشتیانە بۆ پشێوی هەبوو، ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە و بۆ ئەم مەبەستە لایەنە پەیوەندارەکان لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکەن.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها دووپاتی کردەوە کە ناکرێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانی بەکار بهێنرێت و بەهانەیان بدرێتێ بۆ بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکان و لە ئەنجامدا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان باجەکەی بدەن.
#27-01-2019#