ژیاننامەی هۆمەر پێنجوێنی
هۆمەرپێنجوێنی ناوی عومەر کوڕی حاجی محمدفرج کوڕی میرزا عبداللە کوڕی حاجی فتح اللە کوڕی محمد کوڕی بارامە. لە بنەماڵەیەکی ناوداری پێنجوێن لە ساڵی 1946لە شارۆچکەی پێنجوێن هاتۆتە دنیاوە(1). دایکی ناوی سۆیبەی کچی حاجی مەلا محمدامین عبدالرحمانە و لە پێنجوێن لەدایکبووە. بنەماڵەی دایکی لە بنەڕەتدا خەڵکی وولەژێرن لە ڕۆژهەڵاتی مەریوان. شەش براو خوشکێکی هەیە بە نێوی عەلی، جەلال، ئەنوەر، لەیلا، شێرکۆ، شۆڕش، هێرش. لە ساڵی 1952 چووەتە خوێندنگا و تا پۆلی شەشی سەرەتایی لە قوتابخانەی پێنجوێن خوێندووە. لە ساڵی 1963 وازی لە خوێندن هێناوە و دەستی کردووە بە کار و کاسبی و هاوکاری باوکی و مامی کردووە لە بەدەستهێنانی بژێوی بۆ خانەوادەکەیان. هەر لە هەمان ساڵدا کاتێک ئاوارەی دێی ئاسنەوەن، دایکی بە نە خۆشییەکی کتوپڕ کۆچی دوایی کردووە. کارەساتی مەرگی دایکی کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لە ژیانی هۆمەر پێنجوێنی، بە تایبەتی کە ئەو تەنها تەمەنی 17 ساڵ بووە له و کاتەدا و بەو جۆرە هەر لەو تەمەنەوە ناسۆری وتاڵی ژیان ڕووی تێدەکات.لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بدرێت بەوەی کە ماوەیەکی کەم دوای کۆچی دوایی دایکی، باوکی هاوسەرگیری دەکات لەگەڵ فاتمە ساڵح. هاتنی ئەم باجییە بۆ ناو خێزانەکەیان دەور و نەخشێکی گرنگی دەبێت لە ڕەوینەوە و کەم بوونەوەی پەژارە و ناخۆشی لە دەستدانی دایکیان. لە ساڵی 1965 دا لەگەڵ مریم حاجی عارف خێزانیان پێکهێناوە و لەگەڵ ماڵی باوکی هۆمەر لە گەڕەکی بەرکێو لە پێنجوێن ژیان بەسەر دەبەن تا ساڵی 1971 و پاشان دەگوێزنەوە خانووی خۆیان لە گەڕەکی بەرزان. لە ساڵی 1967 کچێکیان دەبێت کە ناوی دەنێن بەهار. لە ساڵی 1969 کچێکی تریان دەبێت کە ناوی دەنێن ڕووناک کە بەداخەوە لە ساڵی 1971 کۆچی دوایی دەکات. لە دێڕێک شیعردا هۆمەر دەڵێت:
کۆرپە ساواکە بۆچی کۆچت کرد هەتا پێ ئەگری تامڵت نەکرد
(1) لە ناو دەستنوسەکانیدا لە شوێنێکدا دەڵێت کە لە ڕۆژی مەولود 12 ڕبیع الاول ساڵی 1946 لەدایک بووم.
کە بگەڕێینەوە و حسابی ئه و ڕۆژه لە ساڵی 1946دا بکەین دەکاتە ڕێکەوتی ڕۆژی چوارشەممە 13-2-1946.
هەر لە ساڵی 1971 دا کچێکی تری لە دایک دەبێت و ناوی دەنێن نیگار. لە ساڵی 1973 کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێن شێرزاد، لە ساڵی 1976 کوڕێکی تری لە دایک دەبێت بە ناوی ڕێبین کە بە داخەوە لە ساڵی 2002 بە کارەساتی ئۆتۆمۆبیل لەدانمارک کۆچی دوایی دەکات. لە ساڵی 1978 کوڕێکی دەبێت کە ناوی دەنێن ڕێبوار. لە ساڵی 1980 کوڕێکی تری لەدایک دەبێت بە ناوی شانۆ.
هۆمەر پێنجوێنی هەر لە هەڕەتی لاوییەوە سەرسام دەبێت بە گەورە شاعیرانی کورد و فارس و نەتەوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر زوو خۆی فێری زمانی فارسی دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە کتێب و نوسراوەی گەورە نوسەرانی فارس وەک سعدی شیرازی و حافظی شیرازی و هتد. هەروەک زۆر سەرسام بووە بە کورتە چیرۆکەکانی عە زیز نەسین و ڕۆمانەکانی یەشار کەمال. لە نوسەرانی کوردیش کاریگەری قانعی شاعیر و سالم و نالی و شاعیران و نوسەرانی تر، بە نوسین و کاری ڕۆشنبیری هۆمەرەوە دیارە. زمانی فارسی باش زانیوە و زمانی عەرەبیشی زانیوە، بۆیە توانیویەتی کەڵک لە توانا زمانەوانییەکانی وەربگرێت بۆ خۆ ڕۆشنبیر کردنی زیاتر، کە وای کردووە ببێتە کەسێکی بە توانا و کاریگەر نەک هەر لە ئاستی بنەماڵەکەیان بەڵکوو بۆ زۆرێک لە هاوڕێ و دۆستەکانی و خەڵکی پێنجوێن. کۆڕ و دانیشتنی لە گەڵ ڕۆشنبیران و ئەدیبان و نوسەرانی ئەوکاتی پێنجوێن هەبووە و بەتایبەتی لەگەڵ باخەوانی شاعیر و هەروەها لەگەڵ دڵتەڕی شاعیریش، کە ئەکاتە خاڵیشی، ئاڵ و گۆڕی شیعریان کردووە.
لە بەرواری 21-8-1997 لە دانمارک کۆچی دوایی کردووە.