بەبڕیاری #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی تورکیا سەرۆکی هەر سێ گەورە شارەوانی (وان، ئامەد، مێردین) لەسەر کارەکانیان لابراون و لەشوێنی ئەوانقەیوم دانراون، ئەم بڕیارەی حکومەتی تورکیا پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپەکانی دیمکراسیەتە چونکە سەرۆکی شارەوانییەکان لەئەنجامی هەڵبژاردن و بەدەنگی هاوڵاتیان ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە و دەبێت گۆڕینیشیان بەهەمان بنەمای دیمکراسیەت بێت.
ئێمە لە #بزووتنەوەی گۆڕان# وەک هەمیشە داوای چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەین بەتایبەت لە تورکیا کە بەداخەوە بەهۆی چارەسەرنەکردنی و درێژەکێشانی شەڕ، دەیان هەزار هاوڵاتی کوردو تورک بوون بە قوربانی و کێشەکەش ڕۆژ بەڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت.
حکومەتی تورکیا لەچەند ساڵی ڕابردوودا پرۆسەی ئاشتی ڕاگەیاند و بەو هەنگاوەش سەقامگیری و گەشەکردنێکی خێرا لە باکوری کوردستان ڕوویدا، هەموو گەلانی تورکیا بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتییەوە خۆشحاڵ و سوودمەند بوون، بۆیە ئێمە پشتیوانی ئەو ڕێگا ڕاست و هاوچەرخە دەکەین و دەخوازین سەرۆکی گەورە شارەوانییەکانیش لەشوێنی خۆیاندا دەسبەکار ببنەوە.
فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان